تۆڕی میدیایی ڕووداو، دامەزراوەیەکی میدیایی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو بڵاودەکاتەوە. دامەزراوەیەکی قازانج ویستە، بەڵام گەیاندنی زانیاری و ڕاستییەکان بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵانە بە ئامانجی سەرەکیی خۆی دادەنێت. لە بڵاوکردنەوە و گەیاندنی بەرهەمەکانیدا خۆی بە هیچ سنوورێکی جوگرافیایی و چوارچێوەیەکی هزری نابەستێتەوە و دیدێکی جیهانییانەی هەیە بۆ کارکردن و بڵاوکردنەوە.
ناوەندی سەرەکیی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە شاری #هەولێر#ی پایتەختی هەرێمی کوردستان–ئێراقە و، نووسینگەی لە زۆر وڵاتی جیهان هەیە. بەرهەمەکانی بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی و تورکی بڵاودەکاتەوە و لەلایەن کۆمپانیای ڕووداو بۆ کاری ڕاگەیاندن پشتیوانی دەکرێت و خاوەندارێتی دەکرێت، بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی کۆمپانیاکە ئاکۆ محەمەدە.
$دیجیتاڵ میدیا$
کۆمپانیای ڕووداو لە مانگی نیسانی 2008 دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە لە بواری کاری میدیاییدا. ماڵپەڕی ڕووداو لە مانگی نیسانی 2008 دەستی بەکارکردن کرد و لە 14-05-2013 وەک پۆرتاڵ و سۆشیاڵ میدیایەکی بەرفراوان نوێکرایەوە و بووە بەشێکی گرنگی تۆڕی میدیایی ڕووداو، بە زمانەکانی کوردی (کورمانجیی سەروو و خواروو)، ئینگلیزی، عەرەبی و تورکی، هەروەها بۆ یەکەمین جار ئەپڵەکەیشنی ڕووداو بەو زمانانەش بۆ سەر تەلەفۆنی مۆبایل و تابلێتەکان درووستکرا، کە ئەوەش بۆ میدیای کوردستانی و ناوچەکە کارێکی تازەبوو. بۆ یەکەمجار ئەپڵیکەیشنی سمارت تیڤی و کار پلەی درووستکرد لە کوردستان و ئێراق. هەروەها پۆرتاڵ و سۆشیالمیدیای ڕووداو داهێنان و پێشکەوتنی گەورەیان لە بواری سۆشیالمیدیادا ئەنجامدان. بەوهۆیەشەوە لە شوباتی 2018 لە کۆنفرانسی ژمارە 13ی (کۆمەڵەی جیهانیی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان-وان ئیفرا WAN-IFRA) بە هاوبەشی لەگەڵ میرنشینی دوبەی لە میرنشینە عەرەبییە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئاییندەی کاری میدیایی سازکرا، لە ڕۆژی 28-02-2018 لە ڕێوڕەسمێکی بەرفراواندا خەڵاتی ڕێکخراوی وان ئیفرا درایە سۆشیاڵ میدیای ڕووداو، وەک باشترین و کاریگەرترین سۆشیاڵ میدیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. وان ئیفرا لە ساڵی 1948 دامەزراوە و بنکەی سەرەکیی لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیایە.
$ڕۆژنامەکانی ڕووداو$
هەفتەنامەی (ڕووداو): یەکەمین ڕۆژنامەی کۆمپانیای ڕووداو بوو، ژمارەی یەکەمی لە 5ی نیسانی 2008 بڵاوکرایەوە، هەفتانە ڕۆژانی دووشەممە بڵاودەکرایەوە. یەکەمین سەرنووسەری ئاکۆ محەمەد بوو، لە ساڵی 2014 سەلام سەعدی بووە سەرنووسەری تاوەکوو ڕاگیرانی لە ژمارە 593دا لە ڕۆژی 24-02-2020. هەفتەنامەی ڕووداو یەکێک بوو لە پڕفرۆشترین ڕۆژنامە کوردییەکان، لە پارێزگاکانی هەولێر، #سلێمانی#، #هەڵەبجە#، #کەرکووک# و #دهۆک# دەفرۆشرا. ماوەیەکی کورت لە هەولێر لە چاپخانەی ئاراس چاپدەکرا و دواتر لە سلێمانی لە چاپخانەی کوردستان چاپ دەکرا. بەدرێژایی ئەو ماوەیە چەندین دۆسیەی هەڵدایەوە کە بووە ڕۆژەڤ و جێگەی باسی ڕای گشتی و بڕیاری حکومەت، هەروەها هەڤپەیڤینی لەگەڵ سەرۆک و کاربەدەستانی جیهان ئەنجامدا.
هەفتەنامەی (ڕووداوی وەرزشی): یەکەمین ژمارەی لە 04-06-2008 بە پشتیوانی دارایی کۆمپانیای دەلتا دەرچوو و ئەو پشتیوانییە تاوەکوو 12 هەفتە بەردەوامبوو، دواتر کۆمپانیای کۆڕەک بۆ ماوەیەکی درێژ بووە پشتیوانی دارایی هەفتەنامەکە. سەرنووسەرەکەی ئیحسان تاهیر بوو. هەموو ڕۆژانی سێشەممە چاپ و بڵاودەکرایەوە. دوایین ژمارەی لە سەرەتای ساڵی 2019 وەستێندرا. پڕفرۆشترین و پڕ تیراژترین ڕۆژنامەی وەرزشیی کوردی بوو، زۆر جاران لاوانی هەندێک شارۆچکە گوشاریان دەخستە سەر بەڕێوەبەری شارۆچکەکان بۆ ئەوەی (ڕووداوی وەرزشی) بگاتە شارۆچکەکەیان. ڕۆژنامەکە لە سەرەتای دەرچوونییەوە تاوەکوو وەستانی لە ژمارە 530دا لە 01-01-2019 لە چاپخانەی کوردستان لە سلێمانی چاپ دەکرا.
هەفتەنامەی ڕووداو–چاپی ئەوروپا: هەفتەنامەیەک بوو بە هەردوو شێوەزاری کورمانجیی سەروو و خواروو، بەتیپی لاتینی و ئارامی لە شاری کوێلن لە هەرێمی نۆردراین فێستڤالن ئامادە دەکراو، لە شاری فرانکفۆرت چاپ دەکرا. سەرەتا لە زۆر وڵاتی ئەوروپا بڵاودەکرایەوە، دواتر تەنیا لە ئەڵمانیا بڵاودەکرایەوە. ماوەیەک دەنێردرا بۆ باکووری کوردستان. سەرەتا هەموو ڕۆژانی سێشەممە و دواتر هەموو ڕۆژانی پێنجشەممە بڵاودەکرایەوە. خوێنەری بەردەوامی هەبوون، هەروەها دەیان ئابۆنەی بەردەوامیشی هەبوون، زۆر لە خوێنەرانی دەیانوت هەفتانە بە هەموو کوردستاندا دەمانگەڕێنێت و هەندێکیان دەیانوت نازانین ئاڕاستە سیاسییەکەی چییە. سەرنووسەرەکەی ئاکۆ محەمەد بوو، دوو بەڕێوەبەری نووسینی هەبوو، هێمن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینی کورمانجیی خواروو، (فەیسەڵ داغلی و دوای ئەو نەسرەدین ئاکیۆل) بەڕێوەبەری نووسینی کورمانجیی سەروو. دوایین ژمارەی 266 بوو کە لە 27-04-2014 دەرچوو.
مانگنامەی لومۆند دیپلۆماتیک: مانگنامەیەکی لێکۆڵینەوەیی قووڵە. لە ساڵی 1954 لە فەرەنسا دامەزراوە و بە 26 زمان بڵاودەکرێتەوە. کۆمپانیای ڕووداو بۆ یەکەمجار بە زمانی کوردی (کورمانجیی سەروو و خواروو) بڵاویکردەوە. بەشێوەزاری کورمانجیی خواروو ژمارەی یەکەمی لە مانگی تشرینی دووەمی 2009 لەلایەن کۆمپانیای ڕووداو بۆ کاری ڕاگەیاندن لە هەولێر بڵاوکرایەوە. ژمارەی کۆتایی کە ژمارە 36 بوو لە مانگی حوزەيرانی 2013 بڵاوکرایەوە. لە چاپخانەی کوردستان لە سلێمانی چاپ دەکرا. سەرنووسەری د. نەزەند بەگیخانی بوو. ژمارەی یەکەمی چاپی کوردی–کورمانجیی سەرووی لە مانگی تشرینی دووەمی 2009 بڵاوکرایەوە، دوایین ژمارەی کە لەلایەن کۆمپانیای ڕووداو بڵاوکرایەوە ژمارە 04-02-2010 بوو. لە شاری کوێلن لە هەرێمی نۆردڕاین فێستڤالن ئامادە دەکرا و لە شاری فرانکفۆرت چاپ دەکرا و لە ئەوروپا بڵاودەکرایەوە. چەند نووسەر و سیاسەتڤانێکی کورد بەشداربوون لە نووسین بۆ چاپی کوردی، هەروەها چەند وەرگێڕێکی بەتوانای زمانی فەرەنسیش بەشداربوون لە وەرگێڕانی وتار و لێکۆڵینەوەکانیدا.
هەفتەنامەی نم نم: هەفتەنامەیەکی کۆمەڵایەتی بوو، پاشکۆیەکی تایبەتیی بۆ نابینایان لەگەڵ دەردەچوو بە ناو و تیپەکانی برایل . نووسینگەکەی لە سلێمانی بوو و لە چاپخانەی کوردستان لە سلێمانی چاپ دەکرا. ژمارەی یەکەمی لە ڕۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2009 بڵاوکرایەوە، لە سەرەتادا ڕۆژانی پێنجشەممە دەردەچوو، دوای ئەوە بووە ڕۆژانی یەکشەممە. دوایین ژمارەی کە ژمارە 54 بوو لە ڕۆژی 28-12-2010 بڵاوکرایەوە. سەرنووسەرەکەی شوان ئادەم ئەیڤس بوو.
$درووستکردنی تۆڕی میدیایی ڕووداو$
کاری کۆمپانیای ڕووداو لە ساڵی 2012 فراوانکرا و دەستکرا بە ئامادەکاری بۆ درووستکردنی تۆڕی میدیایی ڕووداو، بەشێوەی مەڵتیمیدیا و فراوانکردنی ڕووبەری ڕووماڵکردن و کارکردنی. لەو ساڵەدا گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای لوبنانی، فەرەنسی و بەریتانی کرا بۆ درووستکردنی تۆڕی میدیایی ڕووداو. کڕین و دامەزراندنی سیستەم و ئامێرەکانی پەخشکردن و، ڕاهێنانی هاوکارانی تۆڕی میدیایی ڕووداو دەستی پێ کرد، لە سەنتەری ئاڵا لە شاری هەولێر. پەخشی ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن و پۆرتاڵی ڕووداو لە کاژێر 5ی ئێوارەی چوارشەممە 29-05-2013 دەستی پێ کرد.
پۆرتاڵ و تەلەڤزیۆنی ڕووداو، بە براندینگێکی پرۆفیشناڵ و سەرنجڕاکێش و لە هەمانکاتدا بە نزیک لە ڕووحی کوردستانییەوە دەرکەوتن، ئەویش لە ئەنجامی گفتوگۆکردن و کارکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی پرۆفیشناڵی ئەو بوارە. لە هەمانکاتدا ڕادیۆی ڕووداو، بەهێزێکی گەورە لە خێرایی گەیاندنی هەواڵ و گفتوگۆ و شرۆڤەی قووڵەوە دەرکەوت. پەخشی تەلەڤزیۆنی لە کوردستان، بۆ یەکەمجار لەگەڵ دەستپێکردنی پەخشی ڕووداو بووە پەخشێکی ڕۆژ و شەوی و 24 کاژێری، بەپێچەوانەوە کە پێشتر پەخشی تەلەڤزیۆنە کوردییەکان بە ڕۆژ نەبوو یاخود دووبارەی شەوی ڕابردوو بوو.
لە هەمانکاتدا پێکهاتە و سیستەمی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردن لە ڕووداو، تەواو جیاواز لە دەزگاکانی کوردستان و هاوشێوەی دامەزراوە پێشکەوتووە میدیاییەکانی جیهان دەستی بە کارکرد. نیوزگازەرینگی ڕووداو بووە دڵێکی بەهێزی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنانی هەواڵیی لە کوردستان. هاوشان لەگەڵ ئەوەدا بەرنامەی سەرنجڕاکێش و پێشکەشکاری بە توانا مژارەکانی کوردستانیان بەشێوەیەکی تازە هێنانە بەرچاو و نێو گفتوگۆی تەواوی خەڵکی کوردستانەوە. دیکۆمێنتاری هاوسی ڕووداو بەر لە پەخشی تۆڕی میدیایی ڕووداو دەستی بەکارکرد و، تۆڕی میدیایی ڕووداو ئێستا خاوەنی 540 بەڵگەفیلمە، ژمارەیەک لەو بەڵگەفیلمانەش خەڵاتیان لە کوردستان و جیهان بەدەستهێناون.
تەلەڤزیۆنی ڕووداو بەپێی ڕاپرسییەکانی کۆمپانیا جیهانییە تایبەتمەندەکان پڕبینەرترین تەلەڤزیۆنی کوردییە. پۆرتاڵ و سۆشیالمیدیای ڕووداو خاوەن زیاترین خوێنەر و تەماشاکارە. ڕادیۆی ڕووداو خاوەن زۆرترین گوێگرە لە باشووری کوردستان.
$تەکنەلۆژی لە ڕووداو$
ڕووداو یەکەمین تەلەڤزیۆن بوو لە ساڵی 2013 دا بە سیستەمی HD پەخش بکات لە کوردستان و ئێراق دا، هەروەها لە زۆر وڵاتی ناوچەکەدا. ڕووداو لە کاتی دانانی پلانی تەکنیکی و دەستپێکی پەخشی تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ و دیجیتاڵ میدیادا، هەروەها لە کاتی نۆژەنکردنەوەی سیستەمەکانیدا هەوڵیداوە باشترین و پێشکەوتووترین سیستەم و سۆفتوێر و ئامێرەکان هەڵبژێرێت. وای کرد سیستەمی کارکردنی تەواو دیجیتاڵ بێت بەشێوازێکی یەکجار زۆر سەردەمیانە، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ سرووشتی کاری هەواڵی بگونجێت و کەمترین ڕیسکی هەبێت.
باشترین سیستەمەکانی بەرهەمهێنانی وێنە و دەنگ لە کۆمپانیاکانی Yamaha، Sony و Sennheiser لە ڕێگەی ئامێرە یەکجار زۆر بەهێز و باوەڕپێکراوەکانی کۆمپانیایImagine Communications گرێدراونەتەوە بە باشترین و ناسراوترین سیستەمەکانی بەرهەمهێنانی هەواڵ لە جیهان کە بەرهەمی کۆمپانیای AVIDە و زیرەکترین شێوازی گرێدانەوەی هەموو بەشەکان بۆ بەرهەمهێنانی بینراو، بیستراو و خوێنراو پێکدێنێت. گرافیکەکانی سیستەمی VIZRT کە بە خێراترین شێوە باشترین گرافیکەکان ئامادە دەکات لەسەر شاشە تایبەتەکانی Orion، Barco و Samsung پیشاندەدات، وێڕای گرافیکەکانی پەخش، پڕ زانیاریترین و سەرنجڕاکێشترین دیمەنەکان بۆ بینەرانی ڕووداو ئامادە دەکەن لەسەر تەلەڤزیۆن و پۆرتاڵ و سۆشیاڵ میدیا.
خێرایی و هێزی ئینتەرنێت و تۆڕە تایبەتەکانی ناوخۆی ڕووداو بەپشتیوانیی باشترین سێرڤەرەکانی DELL و HP و سویچەکانی Cisco دەبنە هۆکار کە هەموو کارمەندانی ڕووداو لە هەر جێگەیەکی جیهان بن وەک ئەوەبێت کە لەنێو یەک ژوور کار دەکەن، پەیوەندییان هەبێت و پەیامنێران لە ڕێگەی باشترین ئینکۆدەرەکانی LiveU دیمەنی ڕووداوەکان بۆ بینەرانی ڕووداو بگوازنەوە. بۆ یەکەمجار و وەک تاکە میدیا لە ناوچەکەدا، ڕووداو بە ئامێرەکانی AVID و VIZRT توانیویەتی سیستەمی Automation Gallery بۆ ستۆدیۆیەکانی بەکاربێنێت RTS Intercom و ASTRA BPS ، هەموو بەش و کارمەندەکان لە ڕێگەی IP یەوە بەیەکەوە گرێبداتەوە تاوەکوو باشترین پەیوەندی و هاوئاهەنگیان هەبێت.
بەرهەمەکانی ڕووداو بە بینراو، بیستراو و خوێنراوەوە بۆ هەموو پلاتفۆرمەکان لە ڕێگەی ئینکۆدەرەکانی Ericsson بۆ سەتەلایت، ترانسمیتەرەکانی RVR بۆ ڕادیۆ و بەهێزترین DATA CENTER لە جیهان بەپشتیوانیی IBM و پاراستنی بەهێزترین سیستەمەکانی دژەهێرشی DDOS بە خێراترین شێوە دەگەنە بەکارهێنەرانی ڕووداو.
تەکنیکی ڕووداو هەواڵ و زانیارییەکان لە کوردستانەوە بە خێراترین و باشترین و نوێترین شێواز دەگەیێنێتە هەموو شوێنێک و، لە ماوەی کارکردنیدا نیشانیداوە کە نەک هەر هیچی لە دامەزراوە هەرە پێشکەوتووە جیهانییەکان کەمتر نییە، بەڵکوو لە هێندێک بواردا توانیویەتی بە توانای کەمتر و لە ژینگەی زەحمەتتردا باشتر لەوان تەکنۆلۆژیای سەردەم بخاتە خزمەت ڕاگەیاندنەوە.
$ڕووماڵەکانی ڕووداو$
ڕووماڵی ڕووداوەکان لەلایەن ڕووداوە و بۆ ڕووداوەکانی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، وای کرد بینەر و خوێنەر و بیسەری کورد، بگەڕێتەوە بۆ میدیای کوردی. هەروەها بووە جێگەی متمانەیەکی زۆری خوێنەران و تەماشاکاران بە زمانەکانی عەرەبی و تورکی و دەستەبژێرێکی فراوان بە ئینگلیزی.
ڕووماڵی ڕووداو بۆ هێرشی #داعش# بۆ سەر شارەکانی ئێراق، سووریا و کوردستان سەرنجی هەموو میدیای جیهانی ڕاکێشایە سەر ڕووداو و تۆڕی میدیایی ڕووداوی کردە سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەواڵ بۆ شەڕی داعش. ڕووماڵکردنی ڕاستەوخۆی مەیدانیی هێرشی داعش بۆ سەر شاری موسڵ لە 10ی حوزەیرانی 2014 تاوەکوو دەرهێنانی لە دەست داعش لە 07-10-2016، ڕووماڵکردنی هێرشی داعش بەشێوەی ڕاستەوخۆ و مەیدانیی بەر لە هەموو دەزگا میدیاییەکانەوە بۆ سەر دەڤەری #شنگال# لە 03-08-2014 تاوەکوو دەرکردنی داعش لە شنگال لە ڕۆژی 13-11-2015. ڕووماڵکردنی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ بەشێوەی ڕاستەوخۆ و مەیدانی لە 13-09-2014 تاوەکوو دەرکردنی داعش لە شارەکە لە 27-01-2015. ڕووماڵکردنی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شارۆچکەی #مەخموور# لە پارێزگای نەینەوا، ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک، ناوچەی گوڵاڵە و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای دیالە، تکریت و ئەنبار.
سەبارەت ڕووماڵی ڕووداو لە شەڕی داعشدا زۆر نووسرا. لەوانەش میدیای ئەڵمانی سەرنجێکی وردی خستە سەر ڕووماڵی ڕووداو. بۆ نموونە لە ڕۆژنامەی (تاکس تسایتونگ)ی ناسراوی ئەڵمانی لە ژمارەی ڕۆژی 10-09-2014دا، لە ڕاپۆرتێکی شرۆڤەییدا سەبارەت کاری میدیایی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو ناوچانەی بوونەتە گۆڕەپانی ناکۆکی و جەنگ، تۆڕی میدیایی ڕووداو وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ ڕۆژاوا دادەنێت. لەو ڕاپۆرتەدا کە بە ناونیشانی (هەواڵەکان لە بەرەی جەنگەوە)، هاتووە ڕووداو، ئێستا وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو دادەنرێت بۆ دەزگا میدیاییەکانی ڕۆژاوا. ڕووداو تۆڕێکی میدیایی کوردییە، ناوەندی سەرەکیی لە هەولێرە، پایتەختی هەرێمی کوردستان لە ئێراق. ئەم تۆڕە میدیاییە دەیەوێت پلاتفۆرمی هەموو کورد بێت، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو شوێنێکی دیکەی جیهان. دواتر باس لە گرنگیی تەلەڤزیۆنی ڕووداو، وەک بەشێکی تۆڕی میدیایی ڕووداو دەکات و نووسیویەتی: کەناڵی هەواڵەکان، تەلەڤزیۆنی ڕووداو بەشێکی ئەم تۆڕەیە، کە بۆ ماوەی ساڵێکە لە سەرتاسەری جیهان بە زمانی کوردی پرۆگرامەکانی، هەواڵەکان، ڕێپۆرتاژەکان و دیبەیتەکان پەخشدەکات. لە کاتی هێرشەکانی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، ئەم کەناڵە هەواڵییە، لە لووتکەدایە. لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە بەشی ئینگلیزی پۆرتاڵی ڕووداو دەکات و تێیدا هاتووە: بەشێکی گرنگی ئەم تۆڕە میدیاییە، پۆرتاڵی ئینگلیزییە کە لەلایەن دیپلۆماتکاران، سیاسەتڤانان، زانستکار و کارسازەکانەوە بەکاردێت. لایەنێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتە بۆچوونی پڕۆفیسۆر د. فەرهاد ئیبراهیم سەیدار، مامۆستای زانکۆی ئێرفورتی ئەڵمانیایە و لەوبارەوە گوتوویەتی: کەناڵی ڕووداو، سەرچاوەیەکی بێلایەن (ئۆبجەکتیڤ)ە. ڕووداو وەک کەناڵە نزیکەکانی #پەکەکە# نییە، کە تەنیا ڕێگە بە هەندێک لایەن بدات قسە بکەن. لە تەلەڤزیۆنی ڕووداو دا بۆ نموونە نوێنەرانی حکومەتی سووریا، تورکیا و ئێراق دەرفەتی دەربڕینیان هەیە. ڕۆشنایی دەخەنە سەر هەموو هەڵوێستەکان. ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان گریمانەی ئەوە دەکات: ئەگەر لە پێنچ ساڵی داهاتوودا، ئەم کەناڵە بە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی پەخش بکات، دەبێتە هاوشانی جەزیرە و سی ئێن ئێن.
هەروەها تۆڕی هەواڵی NTVی ئەڵمانی سەبارەت بە ڕەوشی خەڵکی ناوچەکانی شنگال بەتایبەت ئێزدییەکان، لە ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لە ڕەوشەکە کردووە بەگوێرەی زانیاری و هەواڵەکانی ڕووداو. لە ڕاپۆرتی ئەو ئاژانسەدا هاتووە، کە ڕووداو بەردەوام ڕاپۆرتی ورد و خێرای لەسەر هێرشی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچەکە بڵاوکردووەتەوە.
ڕۆژنامەی ( کیولنەر شتاد ئاند تسایگەر )ی ئەڵمانی ڕووداوی بە دەنگی هەرێمە ئاڵۆزەکە ناوناوە. ڕۆژنامەڤانی ئەڵمان ڤیلفرید ئوربە لەو ڕۆژنامەیەدا لەبارەی ڕووداوە و نووسیویەتی، کەم هەرێم هەن کە ئێستا وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەواڵی لێدەرکەون. بارودۆخی زانیارییەکان زۆر تەمومژاوییە، لەبەر ئەوە بینینی ڕاستی زۆر زەحمەتە. لەو بارودۆخە ئاڵۆزەدا کەناڵی هەواڵیی کوردی ڕووداو بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ و، دەڵێت چاوەڕوانی دواڕۆژی جیهانیی زۆر گەورە بۆ ڕووداو دەکرێت. لە درێژەی ئەو هەڵسەنگاندنەدا هاتووە کە لەو چەند مانگەی دواییدا میدیای ڕۆژاوایی و بەتایبەتیی لە ڕووداوەکانی ئێراقدا، پشتیان بە ڕووداو بەستووە وەک سەرچاوە و، دەنووسێت کە لە سەرەتای هێرشەکانی داعشدا، ڕووداو بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو پێشکەوتووە. هەر لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە جەزیرە بە ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی پەیوەست بە ئاڵۆزییەکانی ئێراق گەورەبوو و گەیشتە ئاستی BBC و CNN، ڕووداویش بەو ڕێگەیەدا دەڕوات.
بەهۆی ڕووماڵی سەرکەوتووی شەڕی داعش، ڕووداو لە 01-04-2015 تۆڕی میدیایی ڕووداو بووە ئەندامی کۆمەڵەی ئەوروپایی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ENEX وەک دووەمین تەلەڤزیۆنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها بەپێی ڕێککەوتنێکی نووسراو لە 9ی تشرینی دووەمی 2016 بووە هاوبەشی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیتد پرێس. بەوشێوەیە ڕووماڵەکانی ڕووداو بە لۆگۆی ڕووداوە و چوونە سەر شاشەی هەزاران تەلەڤزیۆن لە جیهاندا.
بێجگە لە ڕووماڵی شەڕی داعش، ڕووماڵی ڕووداو بۆ خۆپێشاندانی ڕاستڕەوەکان و چەپڕەوەکان لە دوو خۆپێشاندانی بەرانبەر یەکدیدا لە شاری لەندەن لە ڕۆژی 16-07-2016 لە ڕووداوە و گوازرایەوە لەلایەن ئاژانس و میدیاکانی جیهانەوە، هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیستەنبووڵ لە شەوی 28-06-2016 ڕووداو بووە سەرچاوەی، لە کاتی کودەتای تورکیا لە شەوی 15-07-2016 دیسانەوە ڕووداو بووە سەرچاوەیەکی گرنگ، لە کاتی هەڵکوتانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر بۆ سەر پەڕڵەمانی ئێراق و دەستگرتن بەسەر هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەڕڵەمانی ئێراق لە ڕۆژی 31-04-2016، ڕووداو تاکە سەرچاوەی گواستنەوەی ئەو ڕووداوە بوو بۆ هەموو جیهان. لەگەڵ دەیان ڕووداوی گرنگی دیکە. هەروەها سەدان ڤیتی و ڤیدیۆ کە لە سەتان تەلەڤزیۆنی جیهاندا بڵاوکراونەتەوە.
تۆڕی میدیایی ڕووداو هەر لە سەرەتاوە بایەخێکی زۆری بە پاراستنی گیان و پارێزراوبوونی هاوکارەکانی داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار تیمەکانی ڕووداو دووچاری ڕێگری و گوشار و مەترسی بوونەتەوە، بەتایبەتیی کە ڕووماڵیان لە ناوچەکانی شەڕدا کردووە. گیران و بێسەروشوێنکردنی پەیامنێری ڕووداو فەرهاد حەمۆ لە ڕۆژی 15ی کانوونی یەکەمی 2014 لە ڕۆژاوای کوردستان، شەهیدبوونی پێشکەشکاری بەرنامە و بەڕێوەبەری ئاوتپووتی ڕووداو شیفا گەردی لە ڕۆژی 25-02-2017 ڕووداوی زۆر کارەساتبار بوون بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو.
$خەڵاتی شیفا گەردی$
دوای شەهیدبوونی شیفا گەردی، تۆڕی میدیایی ڕووداو بە بەشداریی چەند میدیاکارێکی جیهانی، خەڵاتی جیهانیی ساڵانەی #شیفا گەردی# درووستکرد، کە ساڵانە دەدرێتە ڕۆژنامەڤانێکی ژن کە کاری بنکۆڵکاری و سەختی کردبن. لە ساڵی یەکەم دا، خەڵاتی یەکەم لە ساڵی 2018دا بە ئامادەبوونی قسەکەری سەرەکیی ڕێوڕەسمەکە فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا درایە ڕۆژنامەڤان جینان موسا لە تەلەڤزیۆنی (الآن)، خەڵاتی دووەم لە ساڵی 2019 دا بە ئامادەبوونی قسەکەری ڕێوڕەسمەکە جنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق درایە ئەروا دەیمن، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی CNN. هەروەها خەڵاتی ساڵی 2021 درایە ئەلیکس کراوفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی sky news .[1]