زەندی لە ساڵی 1940 لە شاری #مەهاباد# هاتە دنیا. لە تەمەنی 17 ساڵییەوە هاتە ناو بواری ڕاگەیاندن و لە ڕادیۆ کوردی تاران دەستی بە کار کرد. لە ساڵی 1337 کە بەشی ڕادیۆ کوردی ئێران لە شاری تاران بۆ یەکەمین جار کرایەوە، هاوکاری خۆی لە گەڵ ئەم ناوەندەدا بە فەرمی دەست پێکرد.
هەروەها لە ساڵانی شەستەکاندا (1341 تا 1343) لە ناوەندی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی
#کرماشان# و دواتریش لە #سنە# و ڕادیۆ تاران وەکوو بێژەر درێژەی بە کارەکانیدا.
میدیا زەندی بە گشتی لە 40 ساڵ لەوە پێشەوە چالاکی خۆی لە ڕادیۆ کوردی برون مەرزی تاران کە بۆ دەرەوەی وڵاتی ئێران بەرنامەی پەخش دەکرد، دەست پێکردبوو.
پیشەی سەرەکی خاتوو میدیا زەندی بێژەری لە ڕادیۆ کوردی تاران بوو کە هەواڵی دەخوێندەوە، هەروەها لە زۆربەی چیرۆکەکانی ڕادیۆ و زنجیرەدراماکانی کوردی کە لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئێران و ڕادیۆ کوردی تاران و کەناڵی ئاسمانی سەحەر پەخش و بڵاو دەکرانەوە، وەکوو کاری دۆبلاژ لە ستافەکاندا هاوکاری دەکرد.
زەندی کە بێژەری بەشی کوردی ڕادیۆ تاران بوو لە گەڵ هونەرمەندی میللی حەسەن زیرەک کە ئەو کات ئەویش لە ڕادیۆ کاری دەکرد، ژیانی هاوسەری پێکهێنا. ئاکامی ئەو ژیانە هاوبەشە دوو کچە بە ناوەکانی مەهتاب (ئارەزوو) و مەهناز (ساکار). زیرەک بۆ کچەکانی چەندین گۆرانی ئامادە کردووە، لەوانە غونچەی دڵەکەم مەهتابە، غونچەی دڵەکەم ئارەزوو، بۆم ببە گوڵ زوو بە زوو.
لە مانگی گوڵانی ساڵی 2004) بە مەبەستی پێزانین و قەدرناسی و ڕێزگرتن لە ساڵانی چالاکی هونەری هونەرمەندانی ناوداری موزیکی کوردی لە لایەن قوتابیانی کوردی زانکۆی شەهید بەهەشتی لە تاران فیستیڤاڵی موزیک و گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردی بەڕێوەچوو کە لەو کۆرەدا ڕێز گیرا لە ژمارەیەک لە موزیکزانانی کوردستان لەوانە هونەرمەندی گۆرانیبێژ حەسەن زیرەک کە لەوێ خاتوو میدیا زەندی بە ناوی بنەماڵەی حەسەن زیرەک خەڵات و تابلۆی ڕێزلێنانی ئەو فیستیڤاڵەی پێبەخشرا.
میدیا زەندی لە کتێبێکدا بە ناوی چریکەی کوردستان کە لە کاتی ژیانی حەسەن زیرەک بە هاوکاری دکتۆر محەمەد سدیق موفتی زادە بڵاوکرایەوە و پێکهاتبوو لە ژیاننامەی حەسەن زیرەک بە هۆنراوەی خودی زیرەک؛ وتارێکی سەبارەت بە پێگەی و تایبەتمەندییەکانی هونەری حەسەن زیرەک نووسیوە. هەروەها بۆ خۆی دواتر هەمان کتێبی بە شێوەیەکی جوانتر و ڕێکوپێکتر بڵاوکردەوە. کتێبی چریکەی کوردستان هۆنراوەی حەسەن زیرەک، دکتۆر محەمەد سدیق موفتی زادە پێشەکی بۆ نووسیوە، لە ئامادەکردن و لەسەرنووسینی میدیا زەندی و پێداچوونەوە و لەسەرنووسین و وەرگێڕانی فارووق بۆرەکەیی سەفی زادە.
لە ساڵی 2004 بە هەوڵ و تێکۆشانی میدیا زەندی هاوسەری حەسەن زیرەک و ژمارەیەک لە هونەرمەندانی وەک سەعید فەرجپووری و هونەردۆستانی دیکە لە لایەن کۆمپانیای فەرهەنگی هونەری ماهوور کە ناوەندێکی زۆر بەناوبانگە، 13 گۆرانی لە بەرهەمە هەرمانەکانی حەسەن زیرەک لە ئەلبۆمێکدا بە ناوی ترانەهای حسن زیرک واتە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لە وڵاتی ئێران بە شێوەی فەرمی بڵاوکرایەوە. ئەم بەرهەمە بریتییە لە سێزدە گۆرانی ساڵانی شەستەکان ڕێکەوتی دەیەی 1340 لە ڕادیۆی کوردی کرماشان و تاران کە بە شێوەی کاسێت و سی دی لە تیراژێکی زۆر و لە ئاستێکی بەرزدا بە باشترین کوالیتە بڵاوکرایەوە.
لە مانگی پووشپەڕی ساڵی 2006 لە یادی 35 ساڵەی کۆچی دوایی حەسەن زیرەک و بە مەبەستی ڕێزلێنان و بەرزراگرتنی یادی ئەو هونەرمەندە دەوروپشتی مەزار و گڵکۆکەی لە داوێنی کێوی ناڵەشکێنەی #بۆکان# کرایە کۆمەڵگای گەشت و سەیرانی حەسەن زیرەک. لە ڕۆژی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی حەسەن زیرەک هاوسەرەکەی میدیا زەندی لە گەڵ ساکاری کچی لە شاری تارانەوە گەڕانەوە بۆ سەر گڵکۆی هونەرمەندی دەنگ خۆشی کورد لە بۆکان. میدیا و ساکار زەندی بە دانانی چەندین چەپکە گوڵ و بە ئاوی گوڵاو کێلەکانی مەزاری حەسەن زیرەکیان جوان و بۆن خۆش کرد.
خاتوو میدیا زەندی هاوسەری هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناوداری کورد حەسەن زیرەک و یەکەمین بێژەری ئافرەتی کوردی ڕادیۆ کوردی تاران ئێران لە کاتژمێر 30/5ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی 20ی جوونی 2008 لە نەخۆشخانەی تووس لە شاری تارانی پایتەختی ئێران کۆچی دوایی کرد.