ناو: قادر
نازناو: قادر خەبات
ناوی باوک: حەمەد مینە
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #خەزێنە#ی شارەدێی شارۆچکەی #چۆمان#ی بناری چیای #قەندیل#
ساڵی لەدایکبوون: 1955
شوێنی کۆچی دوایی: شاری #سلێمانی#
ڕێکەوتی کۆچی دوایی: #30-09-2013#
$ژیاننامە$
قادر حەمەد مینە ناسراو بە قادر خەبات، ساڵی 1937 لە گوندی (خەزێنە)ی بناری چیای قەندیلی باڵەکایەتی لەدایکبووە، ساڵی 1955 چووەتە ڕیزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و دوای ماوەیەک کراوە بە لێپرسراوی ڕێکخراوی سەرشێخانی پارتی، ساڵی 1961 لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول بووەتە پێشمەرگە و چەندین پلەی پێشمەرگایەتی بڕیوە.
ساڵی 1972 پەیوەندیی کردووە بە ڕێکخستنەکانی #کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان#ەوە.
چالاکانە بەشداریی شەڕەکانی ساڵی (1974)ی کردووە دژی ڕژێمی بەعس، کاتێکیش کە لە ساڵی (1975)دا بڕیاری کۆتایی هاتنی شۆڕش درا لەلایەن سەرکردایەتیی شۆڕشەکەوە، مام خەبات جگە لەوەی لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نەبوو، لەگەڵ هیچکام لەو تێکۆشەرانەشدا نەبوو کە چوونە ئێران، یان ڕادەستی حکومەتی ئێراق بوونەوە، بەڵکوو لە قەندیل مایەوە و وەک پێشمەرگەیەکی سەربەخۆ سەنگەری چۆڵ نەکرد، ئەوەندەی پێشیکرا چەک و تەقەمەنی شاردەوە، ئەمەش دووربینیی مام خەبات دەردەخات بۆ سەرلەنوێ بەرپاکردنەوەی شۆڕش و درووستبوونەوەی مەفرەزەی چەکدار.
بە دامەزراندنی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ، ڕاستیی بیرکردنەوەکەی مام خەبات دەرکەوت و شۆڕشیش سوودی زۆری لەو کارقایمیەی ئەو تێکۆشەرە بینی، ئەویش لەسەر داوای سەرکردایەتی یەکێتی لە #14-04-1976# یەکەم مەفرەزەی پێشمەرگەی لە بناری قەندیل پێکهێنا.
قادر خەباتی نەمر، بەهۆی لێهاتوویی و قارەمانێتییەوە هەر زوو ئەرکی فەرماندەیی کردنی پێشمەرگەی پێدرا، لە فەرماندەی مەفرەزەوە تا ئەوەی لە ساڵی 1979 کرایە جێگری فەرماندەی هەرێمی 7ی باڵەک، ساڵی دواتریش کرایە فەرماندەی هەرێمەکە.
دوای پێکهێنانی تیپەکانیش کراوەتە فەرماندەی تیپەکانی 74ی باڵەک و 93ی #سەفین# و 99ی بیتوێن، ساڵی 1988یش ئەندامی مەکتەبی عەسکەری و لێپرسراوی سەربازیی سەرسنوور بووە.
لە ڕاپەڕینی 1991دا ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە ڕزگارکردنی شار و شارۆچکەکان، بەتایبەت شارەکانی #هەولێر# و #کەرکووک#، لە ڕزگارکردنی کەرکووکیشدا بەسەختی بریندارکراوە.
دوای ڕاپەڕین وەک کادرێکی سەرکەوتوو و فەرماندەیەکی لێهاتوو درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە و چەندین پلەی سەربازیی پێدراوە، لەوانە: فەرماندەی هێزی 12ی باڵەک، کارگێڕی مەکتەبی عەسکەری و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیشدا بەشداریی و سەرپەرشتی دەیان داستان و نەبەردیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە، لەوانە: داستانی کەڵەکی باڵەییان و ئیشکۆری بناری سەفین و بناری قەڵاتوکان و ماویلیان و بناری قەندیل و دۆڵی خانەقاو #دەرگەڵە# و #وەرتێ# و دەشتی هەولێر و کێوەڕشی #ڕانیە# و #هەڵەبجە# کە لەوەی هەڵەبجەدا بەسەختی بە چەکی کیمیایی برینداربووە.
سەرپەرشتی یەکەم هێزی کردووە کە لە هاوینی 1976دا لە قەندیلەوە بەرەو بادینان بەڕێکەوتووە.
قادر خەباتی نەمر لە ساڵی 1978دا جەنابی مام #جەلال تاڵەبانی# و سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و شۆڕشی نوێی لە برسییەتی و گەمارۆی هەردوو ڕژێمی بەعس و شای ئێران دەربازکردووە، هەروەها خاوەنی ئارشیفێکی گەورەی نامە و وێنە و بەڵگەنامەی شۆڕشی نوێیە.
ئەندامی هەرسێ کۆنفرانسەکانی (کۆمەڵە و کۆنگرەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمیی.ن.ک) بووە، میدالیای ڕێزلێنانی وەک پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی پێ بەخشراوە، وێڕای پێدانی چەندین میدالیا و خەڵات و ڕێزلێنانی تر.
لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا بەگشتی 16جار بریندار بووە.
بەهۆی بەردەوامیی لە خەبات و تێکۆشاندا ناسناوی (خەبات)ی پێدراوە.
ئێوارەی ڕۆژی 30-09-2013، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا، کۆچی دوایی کردووە. [1]