دیاکۆ دامەزرێنەری حکوومەتی ماد لە ساڵانی 700ی پێش زایین بووه. هەروەها دیاکۆ یەکەمین پاشای مادەکان بوو کە لەنێوان ساڵەکانی 709 هەتا 656ی پێش زایین حۆکمڕانی کردووه. دیاکۆ لە پێشدا توانی حەوت تایفەی ماد پێکەوە ڕا بێنێت و دواتر لە لایەن تایفەکانەوە بووە دادوەر و دوای حەوت ساڵ ڕابەری، تایفەکانی ماد ئەویان بە پاشایەتی ماد هەڵبژارد.
دیاکۆ لە هەگمەتانە، پایتەختە بە ناوبانگەکەی ماد، قەڵایێکی بێوێنەی ساز کرد خاوەن حەوت تەبەقە کە هەر کامی لە ڕەنگێ بوون.
لە پەرتووکی مێژووی هێرودوتدا باسی دیاکۆ و ماد زۆر کراوه. گۆیا دیاکۆ کوڕی هووەخشەترە بووە کە هووەخشەترە بۆخۆی کوڕی دیاکۆ ناوێکیتر بووە کە دژ بە ئاشووریەکان بوو و ئەوانیش بە شێوەیەک بێسەرو شوێنیان کرد.
هێرۆدۆت لە سەدەی پێنجەمی پێش زاین لە پەرتووکی (مێژوو) دا داستانی دیاکۆی دامەزرێنەری ماد بەم جۆرە دەنووسێتەوە:
لەنێو مادەکاندا پیاوێکی ژیر هەبوو بە ناوی دیاکۆ، کوڕی فرۆرتیش. ئەم دیاکۆیە پیاوێک بوو توانا و دەسەڵاتدار. دیاکۆ، هەر لەبەر ئەوەی لەمێژ بوو لە گوندەکەی خۆیدا -ئاخر مادەکان گوندنشین بوون -ناوبانگی باشی هەبوو، بە ویست و ڕژدەوە پەرۆشی ڕەوایەتی بوو. ئەمەش، وێرای ئەوەی بێدەستووری گشت وڵاتی مادی گرتبووەوە و ئەمیش باشی دەزانی کە ناڕەوایەتی دوژمنی ڕەوایەتییە. مادەکانی گوندەکەی، ئەو هەڵوێستەیان لێ بینی و دیاکۆیان بە دادوەری خۆیان هەڵبژارد. ئەویش چونکە سەروەریی ڕەچاو گرتبوو، بەردەوام بێلایەن و دادپەروەرانە هەڵوێستی دەگرت. بەم جۆرەش لەنێو هاوزێدانی خۆیدا ناوبانگێکی ئەوندە مەزنی پەیدا کرد، خەڵکی گوندەکانی دیکە، کە زووتر تووشی بێدادی بووبوون و دەیان بیست کە دیاکۆ تەنیا کەسە بڕیاری دادپەروەرانەیە، بەشادییەوە بۆ دادپرسی ڕوویان لێ دەنا. لە ئەنجامدا ڕوویان لە کەسی دیکە نەدەنا. هەتا دەهات ژمارەی ئەو کەسانە زیاد بوو کە پەنایان بۆ دەهێنا لەبەر ئەوەی دەیانزانی بڕیاری ئەم دادپەروەرانەیە).
هێرۆدۆت هەر لەوێدا بەردەوام دەبێت و ڕوونی دەکاتەوە کە پاش ئەوەی دیاکۆ بۆ ماوەیەک دەست لە دادوەری هەڵدەگرێ، دیسان بێدادی و ستەمکاری وڵات دەگرێتەوە، مادەکان کۆ دەبنەوە و پاش ڕاوێژ دەڵێن:
(گەر بەم جۆرە بەردەوام بین ئەوا هیچ دەرفەتێکی ژیانمان لەم وڵاتەدا نامێنێت. جا وەرن شاهێک بۆ خۆمان دیاری بکەین بۆ ئەوەی شیرازەی ئەم وڵاتە دابین بێت. ئەوا ئێمەش دەتوانین بچینەوە سەر کاروباری خۆمان نەک لە تاو بێدەستووری ناچاری کۆچ بین). بە وتەی وەها بە یەکتری دەسەلمێنن کە شانشینی دامەزرێنن. ئەوجا کاتێک پرسیار سەری هەڵدا، ئەوان کێ بە شاهی خۆیان هەڵدەبژێرن، گشتیان دیاکۆیان پێشنیاز کرد و ڕژدانە پەسنیان کرد. [1]