کوردستانییەکی ئازەری زمانی خەڵکی شاری نەغەدە بوو کە ساڵی 1343ی هەتاوی هەر لەو شارە لە دایک ببوو. ساڵی 1360ی هەتاوی پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت و وەک پێشمەرگە، لە هێزی شەهید مینەشەم و لە ناوچەکانی ڕەبەت و سەردەشت دەستی بە تێکۆشان کرد. بە هۆی ئەرکناسی، ئازایی و لێهاتوویییەوە لە ساڵانی 1365 و 66ی هەتاوی دا، وەک سەرپەل لە بەشی پێشمەرگە و لە ساڵی 1368ەوە وەک کادری حیزب کارو بەرپرسایەتیی حیزبی پێسپێردرا. جەعفەر بوو بە کادرێکی خۆشەویست لە ناوچەکانی "دۆڵ"، "دەشتەبێڵ" (لە نێوان شنۆ، نەغەدە و ورمێ)، جێگای خۆی لە نێو ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتدا کردەوە. جەعفەری زەمانی لە ڕەوتی کارو تێکۆشانی نیزامیدا دوو جار برینداربوو. هەروا کە پێشمەرگەو کادرێکی نیزامیی لێهاتوو بوو، لە باری ئاگایی و زانیارییشەوە، نموونەی کادرێکی سیاسیی تێگەیشتوو بوو. بەشێکی بەر چاو لە کاتی خۆی بە خوێندنەوە دەبردەسەر و، لە کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستاندا چالاکانە بەشدار دەبوو. لە دەیەی حەفتای هەتاویدا، لە کۆمیتەی ئەمنییەت، هێزی سامڕەند، کومیتەی ورمێ و ناوەندی 3ی حیزبی دێموکراتدا وەک کادرێکی حیزب ئەرک و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆری بەسەربەرزییەوە بەڕێوەبرد. ماوەی چەند ساڵێکیش لە ناوەندی 2ی حیزبی دێموکرات کاری فێر کردنی کرد.
لە کۆنگری چاردەیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، جەعفەری زەمانی بە ئەندامی جێگری کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە کۆمیسیونی ماڵیی حیزب، بەرپرسایەتیی بەشی خەدەماتی پێ سپێردرا. سەرەتای هاوینی 2008، دەرکەوت کە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی گەدە بووە. هەوڵەکان بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە، بێ ئاکام مانەوە.
جەعفەری زەمانی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاتژمێر 10ی پێش نیوەڕۆی پێنج شەممە 17ی بانەمەڕ (7ی مای 2009)، پاش نزیکەی ساڵێک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەکی شاری کۆیە کۆچی دوایی کرد.