#خانەقین# شارێکی کوردستانییە کەوتووەتە باشووری کوردستان، شارۆچکەیە و تا ئێستا سەربە پارێزگای دیالەیە. سنووری ئیدارەی خانەقین لەنێوان هێڵی پانیی (Latitude 343469 N) و هێڵی درێژی (Longitude 454006 E) . ڕووبەری ئیداریی 3915 کم2، و بەرزایی لە ئاستی دەریاوە 201 مەتر.
شارۆچکەی خانەقین کەوتووەتە نێوان شارۆچکەی #هەڵەبجە# لە باکوورەوە. شارۆچکەی #مەندەلی# و شاخی #حەمرین# سنووری لە باشووردا دیاری دەکات. ڕووباری سیروان لە ڕۆژاوا و سنووری ئێراق و ئێران لە ڕۆژهەڵات. لە ساڵانی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ژمارەی دانیشتووانی بە 175000 کەس مەزەنە کراوە. بەڵام ڕاستی ژمارەی دانیشتووانی نەزانراوە لە ئەنجامی تەقەڵای حکومەتی ئێراق بوو گۆڕینی دیمۆگرافییای شارەکە.
زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانی خانەقین کوردن و بە زاراوەی کەڵهوڕی و گۆرانی زمانی کوردی قسەدەکەن کە هەندێک جار بە هەڵە بە فەیلی ناویان دەبردرێت. کوردی فەیلی زاڕاوەیەکی دیکەی زمانی کوردییان هەیە، ئەویش زاڕاوەی (لوڕی و لەکی) یه. زۆربەی دانیشتووانی باشووری خانەقین بەرەو شاری مەنەلی و بەدرەوجەسان لە بەشی ئێراق و #ئیلام# و #کرماشان# لە بەشی ئێران، لوڕن یا لەکن و بەو زاڕاوەیە قسەدەکەن. لە ڕووی ئایینییەوە ئیسلامن و بەشێکی زۆری شیعە مەزهەبن بەشەکەی دیکەش سوننە. بەشێکیش کاکەیی و سنجاوی. بێجگە لە کورد، ژمارەیەکی تورکمان، عەرەب، جوو و کریستیان و سائبی و مەندائی لە خانەقین دژین. لەبەر هەمەڕەنگی ئایینی و مەزهەبی پێکهاتەی دانیشتووانەکەی، ژمارەیەکی زۆری حسێنیەی شیعە و مزگەوتی سوننەی تێدایە. کڵێسایەکی کریستیان تییدایە. سیناگوگی جوویەکانیش تێدابوو، بەڵام لە ساڵانی دوای دامەزراندنی ئیسرائیل و دەرکردنی جوویەکان لە خانەقین، ڕووخێنرا. =KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/1865/0003.JPG=KTML_Photo_Alt=خانەقین=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/1865/0003.JPG=KTML_Photo_End=
لە ساڵانی حوکمی ڕژێمی بەعسدا، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر پێکهاتەی دانیشتووانەکیدا هات کە بە پڕۆسەی (بەعەرەبکردن) ناسراوە. کوردی ڕەسەنی خەڵکی شارەکە بەزۆر دەرکران و دوورخرانەوە بۆ باشووری ئێراق، عەرەبی ئەوێ لە شوێنەکانیان نیشتەجێ کران. دەستکرا بە ڕووخاندنی دیهاتەکان وەکوو بانمیل، مەلا عەزیز، قولە یەهودی و پێوکەونەیکەنە و چەندین دیهاتی دیکە. ڕووخاندنی پاڵاوگەی نەوتی خانەقین کە بەپاڵاوگەی ئەڵوەند ناسرابوو. گواستنەوەی کرێکارەکانی بۆ شارەکانی دیکەی ئێراق. درووستکردنی چەندین گەڕەک بۆ نیشتەجێکردنی عەرەبی بەعەرەبکردن لە خانەقین، بۆ نموونە: گەڕەکی (شعلة) لە ئەرکەوازی، (7 نیسان) لە کارێز، (الاشتراکیة) لە مەڵکشای، (آبوو عبیدة ابن الجراح) لە عالیاوەی کوێخا زۆراب، (التأمیم) لە تۆڵەفرۆش، (الشیبانی) لە یوسف بەگ کە هەر گەڕەکێکی لە (100-150) خانوو بێکهاتبوو.
شاری خانەقین زۆر دێرینە، بەدرێژایی مێژوو شوێنی نیشتەجێی مرۆڤ بووە. هەبوونی ڕووباری ئەڵوەن کە بەم ناوچەیەدا دەروات، ڕۆڵێکی دیاری هەبووە لە ئاوەدانیبوونی و بەپیتکردنی خاکەکەی. زەویوزاری دەوروبەری ڕووباری ئەڵوەن بۆ کشتوکاڵ و بەکارهێنراوە هەر بۆیە مرۆڤ لێی نیشتەجێ بووە و بووەتە خاڵیکی گرنگی ڕێگەی هاتووجۆ لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا کە ئەوسا بە ڕێگەی خراسان ناسراوە،
لە سەردەمی مەملەکەتی کۆتییەکان (8 سەدە پ. ز.) ، ناوی خانەقین وەکوو (ئاوارتیوم) هاتووە. لە کاتی تێپەربوونی ئەسکەندی گەورە بەو ناوچەیەدا (3 سەدە پ.ز.) ناوی وەکوو (ئارتیمیتا) لە مێژووی یونانی کۆن هاتووە. ناوی مەرکەزی ویلایەتی سابینا لە نووسراوەکانی سەردەمی ئاشورییەکان بە (خودون) هاتووە کە دەکاتە شوێنی ئێستای خانەقین.
لە کتابی (المسالک و الممالک، أبوو القاسم عبد اللە بن أحمد، بن خرداذابه/ ساڵی 300 هجری -912ی میلادی مردووە) لاپەڕەی 3 و 7 ناوی خانەقین هاتووە وەک (طسوج-ناحیه) کە حەوت فەرسەخ لە #جەلەولا#و و شەش فەرسەخ لە قەسری شیسرینەوە دوورە.
لە کتابی (معجم البلدان، یاقوت الحموی ساڵی 621ی هجری 1227ی میلادی، لاپەڕەی 340 بەشی دووەم) ناوی خانەقین بەم شێوەیە هاتووە (خانقین: بلدة من نواحی السواد فی طریق همذان من بەغداد، بینها وبین قصر شیرین ستة فراسخ لمن یرید الجبال، ومن قصر شیرین إلی حلوان ستة فراسخ؛ قال مسهر بن مهلهل: وبخانقین عین للنفط عظیمة کثیرة الدخل، وبها قنطرة عظیمة علی وادیها تکون أربعة وعشرین طاقاً، کل طاق یکون عشرین ذراعاً)
لەکتابی (صبح الاعشی، ساڵی 821ی هجری نووسراوە لە لایەن الشیخ ابی العباس أحمد القلقشندی (756-827ی هجری) ، بەشی چوارەم لاپەڕەی 403 ناوی خانەقین هاتووە بە هەمان شێوە کە حەوت فەرسەخ لە #جەلەولا# و شەش لە #قەسری شیرین#ەوە دوورە.
ئاشکەرایە کە هاتنی هێزی ئیسلام بۆ خانەقین پاش شەڕی جەلەولا بووە لەنێوان موسڵمانان و ساسانییەکان لە ساڵی (16 هجری -637 میلادی) ، شەڕەکە 8 مانگی خایاند و موسڵمان سەرکەوتن و بەردەوام بوون لەداگیرکردنی ناوچەکە بەرەو خانەقین و حەلوان (سەرپێڵ زەهاو) . کەواتە هەر لەو سەردەمەدا ناوی خانقین بووە بە هەمان شێوەی ئێستا. لە کاتی هاتنی مەغول بۆ داگیرکردنی بەغدا لە ساڵی (635 هجری) خانەقین بەتەواەی ڕووخێنراوە، لە تۆڵەی شکاندنی هێرشی پێشتریان لە ساڵی (634 هجری) . خانەقین ناوی وەکوو (کاروانسەرا و حەلوان) یش هاتووە، حەلوان یان ئەلوان، ئەلوەن ناوی ناوەندی چەند شاریک بووە کە دەکاتە ئێستای سەرپێڵ زەهاو.[1]