-لە بەهاری ساڵی (1950) زایینیدا لە گوندی یاڵانپێی سەربە شارەدێی #خورماڵ# و پارێزگای #هەڵەبجە#ی شەهید لە داییکبووە، واتە ناوی: (ئەحمەد کوڕی کاکە، کوڕی مەحموود، کوڕی عەلی، کوڕی خدرە).
-لە تەمەنی (6 بۆ 7) ساڵی دەنێردرێتە بەر حوجرەی مزگەوتی گوند و لەوێ لە خزمەت یەکەم مامۆستای (م. سەیید حسێن) دەست دەکات بە خوێندنی قورئان و ئەلفبێی عەرەبی و ئادابە ئیسلامییەکان و تەجویدی قورئان.. پاش ماوەیەک هەر لە خزمەت مامۆستا سەیید حسێن پەرتووکەکانی: (ئەحمەدیی و گوڵستانی سەعدیی و عەوامیلی جورجانی و بورکەوی) دەخوێنێ و زۆر کەڵک وەردەگرێ.
-دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن و زانستە شەرعییەکان چەندین گوند و شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراق دەکات و لەخزمەت چەندین زانای ناودار و گەورەی کوردستان وانەی شەرعی خوێندووە، لەوانە:
(مامۆستا مەلا مستەفا لە گوندی هانەی دن، مامۆستا سەیید نەجم الدین تاها لە گوندی تەپی سەفا، مامۆستا مەلا باقری بالک و قوتابییەکانی وەک مامۆستا (سەید مەسعود) لە گوندی بالک، مامۆستا مەلا محەمەد بەهائەدین لە مزگەوتی گەورەی خورماڵ، مامۆستا مەلا محەمەدی ملچەور لە ساڵی 1966 ز. لە گوندی نەوێ، مامۆستا شێخ نوورالدین موفتی لە ساڵی (1967) لە مزگەوتی دار السلام لە هەڵەبجەی شەهید، مامۆستا شێخ خالیدی موفتیی لە مزگەوتی گەورە (الجامع الکبیر) لە هەڵەبجەی شەهید، مامۆستا مەلا محەمەدی عەبابەیلێ لە مزگەوتی (دار الاحسان) لە هەڵەبجەی شەهید، کۆتا جارو کۆتا مامۆستای مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز بووە لە مزگەوتی پاشا لە شاری هەڵەبجەی شەهید.
-دواتر لە خزمەت مامۆستا مەلا عوسماندا لە مزگەوتی پاشا دەمێنێتەوەو لە ڕێکەوتی (24-01-1967 ز) دەچێتە (پەیمانگای ئیسلامیی هەڵەبجە) کە جەنابی مامۆستا مەلا عەلی عەبدولعەزیز بەڕەحمەت بێ بەڕێوبەری دەبێت و بەسەرکەوتوویی پەیمانگای ئیسلامیی هەڵەبجەش تەواو دەکات.
-لە ساڵی 1971 ز، لە خزمەت جەنابی شێخ عوسمان عەبد العەزیز مۆڵەتی زانستی شەرعی وەردەگرێ.
-بەکوورتی جەنابی مامۆستا ئەحمەد ماوەی (18) ساڵ بەدوای خوێندنەوە دەبێت و ئەو ماوە زۆرە لە تەمەنی بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری ئیسلامیی تەرخان دەکات.
-لە ساڵی (1972) زایینی هاوسەرگیری دەکات و خاوەنی (9) منداڵە بەناوەکانی (فاروق و عیرفان و سومەیەو نووسەیبەو هوداو سوهەیب و محەمەد و کۆچەرو هەدیە).
-لە سەرەتای ساڵەکانی (1977)ی زایینیدا دەست دەکات بە نووسین و وەرگێڕان و یەکەم پەرتووکی وەرگێڕانی لەسەر بوونی خودا بوو بەناوی (خوا لە ڕوانگەی زانیاری یەوە) لە عەرەبی یەوە کردە کوردیی و بە چاپی گەیاند، وە لەو بەروارە بەدواوە مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود بەردەوام بووە لەنووسین و زیاتر لە 28 دەستنووسی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، ناوی هەندێک لە نووسراوەکانی مامۆستا ئەحمەد بریتین لەم پەرتووکانەی لای خوارەوە:
(وتەی زاناکان و باوەڕ بە خوا، سەربەستی لە ئیسلامدا، پەروەردە لە ئیسلامدا، خواپەرستی لە ئیسلامدا، جیهاد لە ئیسلامدا، ڕێزی بەیعەت لە ئیسلامدا، ئاشتی لە ئیسلامدا، ڕامیاری لە ئیسلامدا، دەستەیەک لە ڕۆشنبیرانی ئیسلام، یاسای زیندان لە ئیسلامدا، دواڕۆژی ستەمکاران لە ئیسلامدا، جوو بناسە، سۆشیالیزم یان ئیسلام لە چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکاندایە؟!، ئیسلامییەکان و پەڕڵەمان و وەزارەت، گۆرانیی و مۆسیقا لەبەر ڕۆشنایی فەرموودەکاندا، تاقیکردنەوە لە ڕێگەی خوادا، کەسایەتی موسڵمان وەک لە قورئان و فەرموودەدا نەخشەی بۆ کێشراوە، پرسیارە هەتاهەتاییەکان.. لە کوێوە؟! بۆ کوێ؟! وە بۆچی؟!، عەقیدەی ئیسلامیی لەژێر ڕووناکی تێگەیشتنی زانایانی پێشوومان، ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا، کێشە کۆمەڵایەتییەکان و چارەسەریان لە ئیسلامدا.
دوا قۆناغی ژیانی کە پیایدا تێپەڕی نووسینی تەفسیری قورئانی پیرۆز بوو بە زمانی شیرینی کوردی بە کوورتی و بە پوختی کە لە ساڵی (1992)دا دەستی بە نووسینی کرد و لە ساڵی (2005)دا کۆتایی پێ هێنا. وە تا ئێستا 5 جار چاپ کراوە.
-وە لە ڕێکەوتی شەوی (17ی ڕەمەزانی 1407 کۆچیی بەرانبەر بە 17 لەسەر 18/ 5/ 1987) لەگەڵ کۆمەڵێک لە زانایانی هەڵەبجەو سیروان و ناوچەی هەورامان #شارەزوور#، بە ڕابەرایەتی جەنابی مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز بەرەو وڵاتی ئێران کۆچ دەکەن، لە ڕێکەوتی (17 / 10 / 1407)ی کۆچیی بەرانبەر بە (14 / 6 / 1987)ی زایینی (بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان/ ئێراق) یان ڕاگەیاند. وە مامۆستا مەلا ئەحمەد کاکە مەحموودیش یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و ئەندامی شووراو پاشان تا وەفاتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو بزووتنەوەیە بوو.
-لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەم، ڕێکەوتی (5 ی موحەڕەمی 1429 کۆچی بەرانبەر 25/1/2007) زایینی، لە وەرزی زستانداولە شاری هەڵەبجەی شەهید کۆچیی دوایی کرد و لە مەراسیمێکی بێ وێنەدا لە گۆڕستانی گوڵان بە خاک سپێردرا.
-مامۆستا ئەحمەد لە دوای وەفاتی خاوەنی چەندین پڕۆژەی بانگەوازییە لە نووسین و سۆشیاڵ میدیا کە لە ئێستادا پڕۆژەکانی بە گەورەترین و بەرچاوترین پڕۆژە دا دەنرێن، وە مامۆستا ئەحمەد خاوەنی گەورەترین پەیجە لە فەیس بووک و زیاتر لە (2,500,000) لایکی هەیە. وە مامۆستا خاوەنی ماڵپەری فەرمی خۆیەتی بەناوی (www.ahmadkaka.org)، وە خاوەنی ماڵپەرێکی بانگەوازییە بەناوی (www.dangiislam.org).
ئامادەکردنی : عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود[1][2]