تەنیا عارەب عوسمان جەرجیس لە ساڵی 1949 لە گەرەکی #تەیراوە#ی شاری #هەولێر# لە دایکبووە. سەرەتا لەگەڵ کاسبیکردن دەستى بە خوێندن کردووە و تا پۆلی دووى دواناوەندی هەر لەو گەڕەکە تەواو دەکات. دواتر بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیان و کۆچی دوایی باوکی لە ساڵی 1968 کە لە قۆناغی ناوەندی بووە، واز لە خوێندن دەهێنێت و دەست بە کاسبی دەکات، هەروەها وەرزشوانێکى باشیش بووە و لە یارییەکانى #تێنسی سەرمێز#، #تۆپی پێ# و #پاسکیلسواری# چەندین نازناوی هەیە و بەشداریی چەندین پاڵەوانییەتى کردووە، ئەم بەشداریکردنانە زۆربەى لەگەڵ تیپە میلییەکان بووە، بەڵام دواتر دەچێتە یانەى شورتە. لەگەڵ درووستبوونى هەیتەى سنوور لە ساڵی 1975 لە #بەغداد# تاقیکردنەوەیەک دەکات و لە تیپێکی 18 کەسیدا یاریی تێنسی سەرمێز، تۆپی پێ و پاسکیلسواری دەکات.دواى دەستپێکردنى شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980 ئەو وەرزشانەش نامێنن و دەنێردرێتە سەربازی. لە #کەرکووک#یش لە کاتى سەربازی دوو ساڵ یاری دەکات. وەک هاندەر بەشداریی مۆندیالی فەڕەنسا و ئەڵمانیا دەکات، ئەمەش لەو کاتەدا بووە کە بۆ کۆنسێرتى هونەری میوانى ئەو وڵاتانە بووە. شوێنى سەرەکی یاریکردنى تێنسی سەرمێزی عارەب عوسمان لەناو بنکەى تۆپی پێی گەڕەکەکانى ئەو کاتە و گازینۆکان بووە. لەگەڵ ئەوەى زۆربەى کات یاریکردنەکە بۆ خۆشباری بووە، جارجاریش سەرپەرشتى خوولی ناوخۆیی تێنسی سەرمێزی کردووە. جارێکیان لە پاڵەوانییەتییەکى کەرکوو لەگەڵ (حەمە قەڵەو) ناوێک لە یاریی کۆتایی تێنسی سەرمێز دواى ئەوەى یارییەکە گێمێک بە گێمێک کۆتایی دێت، لە گێمی سێیەم یارییەکە 21 بە 19 لە بەرژەوەندیی حەمە قەڵەو کۆتایی دێت. لە پاڵەوانییەتییەکانى تێنسی سەرمێز لە هەولێر، کەرکووک، موسڵ، سلێمانى، بەغدا، ڕانیە، قەڵادزێ، دهۆک، چوارقوڕنە و چەندین شوێنى تر بەشداریی کردووە. محەمەد کوڕی مەلا عەبدولڕەحمانى هەمزە کۆر یاریزان و هاوڕێیەکى باشی عارەب عوسمان بووە و لە شەڕی ئێران و عێراق بە ڕێی پاکستاندا چووەتە ئەمریکا و لەوێ نیشتەجێیە. سەبارەت بە مێژووى تێنسی سەرمێز لە کوردستان عارەب عوسمان ڕایگەیاند کە شتێکى وا نازانێک، بەڵام ساڵانى حەفتا، ناوەندی گەنجان لە هەموو شارەکان سەرپەرشتى ئەو چالاکییانەى دەکرد. ئەو کاتە لە ڕێگەى ڕۆژنامەکانى (أصدقاء)، (تعارف) و (کواکب) خەڵکى ئاگای لە هەواڵی وەرزش بەگشتى و #تێنسی سەرمێز# بەتایبەتى هەبووە [2]. لە سەرەتای ساڵانی 1970 بە هاوکاری هونەرمەند #جەمال هیدایەت# سەرۆکی تیپی هونەری هەولێر دەست بە سروود گوتن دەکات و بۆ یەکەمجار لەساڵی 1976 یەکەمین بەرهەمی خۆی بەناوی بلوێری شوان تۆمار دەکات و تا دەگاتە ئەمرۆکە بە دەیان بەرهەمی جوان و نایابی پێشکەش بە هونەری کوردی کردووە. تەنیا عارەب بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی حەیرانی دەشتی هەولێر دادەنرێت [1].
لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ #تۆڕی میدیایی ڕووداو#، عارەب عوسمان دەڵێت: من نەبوومایە حەیرانی هەولێر تۆزی لەسەر دەنیشت! [3] [4]