لە دایکبووی ناحیەی وەرتێ-ی سەر بە قەزای ڕواندزە لە پارێزگای هەولێرە. ساڵی 1967 لە دایک بووە، ساڵی 1983 پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووە، ساڵی 1986 پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکات لە ڕیزی ینک لە تیپی بەڕانەتی. دواتر دەگوازرێتەوە تیپی 78ی کارۆخ و لەوێدا دەبێتە کادری ڕێکخستن.
ساڵی 1988-1989 دەبێتە پارتیزان لە چوارچێوەی یەکەی پارتیزانی 78ی کارۆخ. ساڵی 1989-1991 دەگوازرێتەوە ڕاگەیاندنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە ئەوسا بارەگایان لە شاری سەقزی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو.
1992-1996 لە ئیدارەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە ناونیشانی لێپرسراوی زاتیە کار دەکات. 1993-1996 لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێی زمانحاڵی یەکێتیی لە بەشی سیاسی کار دەکات و خاوەنی دەیان وتاری سیاسی ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییە و لە ڕۆژنامەکانی کوردستانی نوێ، ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، ئاسۆ، هاوڵاتی، ئاوێنە، سەکۆ (بەرلین)، پێشهات، الاتحاد و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی تر دەنوسێت.
ساڵی 1996 دەچێتە وڵاتی ئەڵمانیا و لە شاری هێنف-ی لە ویلایەتی نۆرد ڕاین ڤێست فالن دەگیرسێتەوە. ساڵی 2006 بە یەکجارەکی دەگەڕێتەوە کوردستان و ئێستا بە ناونیشانی شارەزا لە پەڕڵەمانی کوردستان کار دەکات. ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، هەروەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی ڕۆژنامەنووسانی ئەلەکترۆنی کوردستانە. لە نێو یەکێتیشدا ڕاوێژکاری مەکتەبی ناوەندیی ڕاگەیاندیی (ینک)ە.
ئازاد وەرتی بێجگە لەوەی نووسەر و ڕۆژنامەنووسە شارەزایێکی باشیشی لە بوارەکانی کۆمپیوتەر هەیە و شارەزای وێب ئەپلیکەیشنە بە شێوەی داینامیکی و خاوەنی وێبسایتی خۆیەتی بە ناوی werti.net. بێجگە لە زمانی دایک دەتوانێت بە زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئەڵمانی و ئێنگلیزی بنووسێ و بخوێنێتەوە و قسە بکات. لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە خێزاندارە و خاوەنی پێنج منداڵە واتە چوار کچ و کوڕێک.