ڕێوڕەسمی جەژنی پیرشالیار هەر لەسەردەمی ژیانی خۆیەوە تا ئێستا ساڵانە لەو گوندەی مەزاری پیرشالیاری لێیە و، پێیدەوترێت (شاری هەورامان) بەڕێوەدەچێت، دانیشتووانی ئەو شوێنە هەر کەسێکیان نیازی خێری پیرشالیاری کردبێت، بە پێی توانای خۆیان (گیسک یاخود بەرخ یان گوێرەکە) دەبەن و دەیاندەنە دەست زیرگەوانەکانی مەرقەدی پیرشالیار، ئەو ئاژەڵانە لەسەر جاڕەلۆی تایبەتی پیرشالیار دەلەوەڕێنرێن ، (35) ڕۆژ زستانی بمێنێت. ڕێوڕەسمی جەژن، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەدەچێت، بەڵام هەمیشە ئەوە بەهەند وەردەگرن کە جەژن بکەوێتە (چوارشەممە ، پێنجشەممە ، هەینی) . ڕۆژێک پیش دەستپێکردنی جەژن گوێزی باخی پیرشالیار بەشدەکرێنەوە و، ئەو باخە دەکەوێتە شوێنێک پێیدەوترێت (ملە مارفا) ، بەشکردنەوەی گوێز ئاگادارکردنەوەی خەڵکە بەوەی سبەینێ جەژن دەستپێدەکات ، منداڵەکانیش سەرلەبەیانی چوارشەممە بەکۆڵانەکاندا دەگەڕێن و بەدەنگی بەرز هاواردەکەن (کڵاوڕۆچنە) ماڵەکانیش هەرچی لەبەردەستیاندابێت لە (گوێزو مێووژو هەنجیری وشک) بێبەشیانناکەن.
ئەو ئاژەڵانەی کە بۆ خێری پیرشالیار لای زیرگەوانەکان لەوەڕێنراون، هەموویان ئامادەدەکرێن و یەکێک لەنەوەی (هاڵیشا) هەموویان سەردەبڕێت ، (هاڵیشا) ئەو کەسەیە کە بۆ یەکەمجار لەژیانی پیرشالیاردا ئاژەڵی خێری سەربڕێوە ، ئەوەی ئاژەڵەکان سەردەبڕێت بۆخۆی سیوجگەرێک دەباتەوە و گۆشتەکەش بەسەر ماڵەکاندا دابەشدەکرێت ، هەر تیرەیەک پێشینەکانیان لەسەردەمی پیرشالیاردا چجۆرە گۆشتێکیان بردبێت، ئێستاش نەوەکانیان هەمان جۆری گۆشتیان دەدرێتێ.
لە ڕیورەسمی جەژنی پیرشایاردا لە هەموو ماڵەکان بڕوێش کۆدەکرێتەوە و، بۆ سەر لەئێوارەی پێنجشەممە زیرگەوانەکان دەگەڕێن بەماڵەکاندا و مەنجەڵی گەورە کۆدەکەنەوە ، نیوەی بڕوێشکەکە لێدەنێنن و هەموو ماڵێک منداڵ دەنێرن بۆ ئەوەی بەشی خۆیان چێشتی بڕوێشک ببەنەوە ، بۆ شەوی هەینیش نیوەکەی تری بڕوێشکەکە لێدەنێن و هەموو پیاوەکانی گوند لە ماڵەکەی پیرشالیاردا کۆدەبنەوە ، ئەو ماڵە هەموو ساڵێک تەنیا ئەو سێ ڕۆژەی جەژن دەرگای دەکرێتەوە ، ئەوانەی کۆبوونەتەوە سەرەتا بەدووریز و بەنۆرە هەڵپەرکێیەک دەکەن کە تێکەڵاوە بە جۆرێک لە (زیکر وتەلیلە) ، پاشان دادەنیشن و ناندەخۆن ، پاش نانخواردن زیرگەوانەکان لەو بەردەی پێیدەڵێن (کۆمسا) و لە نزیک گۆڕی پیرەوەیە موفەرک بەسەر ئامادەبوواندا بەشدەکەنەوە.
خەڵکی شاری هەورامان هەموو ساڵێک پاش ئەوەی (45) ڕۆژ لەبەهار دەڕوات و بەرلەوەی بەشێوەیەکی کاتی کۆچبکەنە هەوارگەکانی هاوینیان ، جارێکی دی لەسەر گۆڕی پیرشالیار کۆدەبنەوە و پێکەوە نانێک دەخۆن ، پاش ئەوەی داوای سەرکەوتنی لێدەکەن، ئەوسا بەرەو هەوارگەکانیان دەکەونەرێ.
لە بارەی ڕێوڕەسمی پیرشالیاری هەورامانەوە
(موزەفەرخان) لە دەستنووسی (پاسداران مرز ایران تاریخ اورامان) دا ناوی جەژنی پیرشالیاری بە (شایی پیشالیار) هێناوە و لەو بارەوە ڕازێکی ئەفسووناوی باسکردووە ، گوایا کچێکی (شاعەباسی سەفەوی) بەناوی
(جیهان ئارا) شێتبووە و بە مەبەستی چاکبوونەوەی لەگەڵ وەزیرێکی شادا ڕێیانکەوتۆتە هەورامان ، پاش ئەوەی لەسایەی هیمەتی پیرشالیاردا چاکبۆتەوە هەرلە هەورامان مێردی پێکردووە ، ڕۆژی گواستنەوەی شازادە بۆ ماڵی پیرشالیار، هەورامییەکان شاییان گێڕاوە و خواردنی شاییەکەش بریتیبووە لە (بڕوێش و گۆشت بەترشی هەنارەوە) ، گوایا یادی ئەو ڕۆژەیە تا ئێستاش ساڵانە لەلایەن هەورامییەکانەوە یاددەکرێتەوە. لەبارەی جەژنی پیرشالیارەوە چەند ڕایەک هەیە لە وانەش جەژنی پیرشالیار جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ جەژنی نەورۆزدا هەیە ، بەوەی ڕۆژی نەورۆز ئاژەڵەکانی خێری پیرشالیار، دەدرێنە دەست زیرگەوانەکان و هەڵبژاردنی ئەو ڕۆژە بۆ ئەوکارە بەڕێکەوت نەبووە، بەڵکوو بەپیرۆز ڕاگرتنی ڕۆژەکەیە. خاڵێکی دیکە، هەمیشە ڕەچاوی ئەوەدەکرێت جەژن لەچوارشەممەوە دەستپێبکات ، شتێکی ئاشکراشە چوارشەممە ڕۆژێکی پیرۆزە لای زەڕدەشتییەکان.
خالی سێیەم، بەشێک لە ڕێوڕەسمی جەژنەکە هەڵپەڕکێیە ، شتێکی ئاشکرایە لەناو هیچ جەژنێکی تر لەجەژنە دیینییەکانی موسڵماناندا، هەڵپەڕکێیەکی لەم جۆرەیان تێدا نییە. 4- لەناو هیچکام لەنەتەوە و خێڵە موسڵمانەکاندا جەژنێکی لەم چەشنە نییە و تایبەتە بەناوچەیەکی دیاری کوردەوارییەوە کە ناوچەی هەورامانە. (جەژنی پیرشالیار) جەژنێکی کوردییە و ئەو شێوازە (تەلیلە) یەش کە بۆن و بەرامەیەکی ئیسلامی هەیە وتێکەڵی هەڵپەڕکێکەی بووە ، لەسەردەمی پیرشالیاری دووەمدا هاتۆتە ناو ڕێوڕەسمی جەژنەکەوە ، ناوبراو ئیسلامبوونی خۆی ڕاگەیاندووە و پاش ئیسلامبوونی ناوی خۆی ناوە (مستەفا کوڕی خواداد) و دەستکاری چەند بەندێکی ماریفەتی کردووە.