ئەم هونەرمەندە، ناوی تەواوی محەمەد ساڵحی حاجی شەریفە، باوکی ناسراوبوو بە ساڵح بەگی عەلاف (1965ز،) کۆچی کردووە و باپیریشی حاجی شەریف ماڵی لە تەنیشت مزگەوتی گەورەی #سلێمانی# کەماڵەکەی بە حەوشی گەورەی کانی ئەسکان (کانێسکان) ناسرابوو، (3) سێ برا و (4) چوار خوشک بوون، بەهۆی نابینایی باوکیان کە هونەرمەند و برا و خوشکەکانی منداڵ بوون دایکیان بە خێوی کردوون. هەروەها نازناوی (نێرگز) بەهۆی کە باوکی دوو ژنی هەبووە و دواتر نابینا بووە و دایکیان لە شوێنی باوکیشیان ڕۆڵی بەرزی پەروەردەیی بینیوە، (نێرگز)ی دایکیان نازناوی پێداون ئافرەتێکی زۆر زیرەک بووە لە هونەری خواردن درووستکردنداو ناوبانگی خۆشی و بەتامی خواردنەکانی لە سلێمانیدا دیاربووە. نێرگز محەمەد ئەحمەدی دایکیان (1904ز. -1991ز.) ژیاوە، یەکێک لە براکانی خوالێخۆشبو وەستا سەڵاحی نێرگز (1943ز.-2011ز.) لە باشترین وەستاکانی مەڕمەڕ و کاشی بووە و پێشمەرگەی ئەیلوول بووە تا کۆتایی شۆڕش، برا گەورەکەی ناوی (کەریمی نێرگز) کە خەیات بووە و دواتر چووە بۆ بەغداد و لە ڕێکەوتی 1963ز. بە دەستی عەرەبەکان لە ڕوباری دجلە دەخنکێنرێت. بێجکە لە 4 خوشکی و 2 برا حەمەی نێرگز خۆی دوو خوشکی ماون لە ژیان.[1]