شێخ عەفان کوڕی حاجی شێخ عوسمانی کوڕی شێخ حیسامەدین لە ساڵی 1938 لەگوندی باخەکون ی ناوچەی هەورامان لە دایک بووەو لە بنەماڵەی شێخانی نەقشبەندی هەورامانە.
پێش لە دایک بوونی باوکی وەفات دەکات، بۆیە هەر لە منداڵییەوە لەلایەن شێخ عەلی حسامەدینی باپیریەوە سۆز و خۆشەویستیەکی تایبەتی پێبەخشراوە و هەتا وەفاتی شێخ لەلای ئەو زاتە گەورەیە پەروەردەکراوە.
لە کۆتایی چلەکانی سەدەی بیستەم خوێندنی سەرەتایی لە ناوچەی هەورامان تەواو دەکات و دواتر بۆ خوێندنی ناوەندنی دەرواتە شاری #سلێمانی# پاشان هەر لەوێ خانەی مامۆستایان تەواو دەکات.
لەساڵی 1961 وەک مامۆستا لە گوندنی سوسەکان دادەمەزرێ و بەڵام دوای جێگۆرکێکردن لە گوندی گۆڵب وەک مامۆستا دەست بەکاردەبێت.
هەر لە قۆناغەکانی خویندنی ناوەندیەوە خولیای کاری ڕێکخراوەیی دەبێت و دەبێتە ئەندام لە یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق و لەبەر لێهاتویی و چالاکی هەڵدەبژێرێت بۆ بەشداریکردن لە چەندین کۆنگرەدا.
هەر لە سەرەتای شۆرشی ئەیلولەوە پەیوەندنی بە شۆرشەوە دەکات و وەک ئەندامێکی چالاک بەشدار بووە لە کاری ڕێکخراوەیی مامۆستایاندا.
لە ساڵی 1970 متمانەی مامۆستایانی بەدەستهێناوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی کۆنگرەی 3 یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە ناوپردان.
لە ساڵی 1971 بوو بە بەرپرسی لیژنەکانی سەرژمێری کشتوکاڵی ناوچەی #شارەزوور#و هەورامان.
لە ساڵی 1972 جارێکی تر مامۆستایانی ناوچەکەی متمانەیان پێبەخشیەوە کە ببێتەوە نوێنەریان لە کۆنگرەی 4 یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە #هەولێر#و هەر لە هەمان ساڵ وەک نوێنەرانی کۆنگرەی 4 بەشداریان کرد لە کۆنگرەی مامۆستایانی عێراق. لەبەر چالاکی و خزمەتکردنی دانیشتوانی ناوچەکەی لە خەباتی کاری حزبی و کاری پیشەیی و ڕێکخراوەیی مامۆستایانی ناوچەی هەورامان ڕۆڵی گرینگی هەبووە و بەردەوام بووە تا نسکۆی 1974.
لە دوای نسکۆ وەک چەندین خەباتگێڕ و دڵسۆزی نەتەوەکەمان دووردەخرێتەوە بۆ خوارووی عێراق بۆ شاری ڕومیسە، بۆ ماوەی 5 ساڵ دوردخرێتەوە لە خاکی کوردستان و هەتا ساڵی 1980 دەگەریتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی و لەوێش جارێکی تر لە ڕێی فێرکردن و قوتابخانەوە دەست دەکاتەوە بە خزمەتکردنی میلەتەکەی خۆی تا ڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری 1991.
لەپاش ڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری 1991 ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە کاری حزبی و ڕێکخراوەیی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و دەبێتە نوێنەری #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە ڕێکخراوی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.
لە ساڵی 1992 لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێتە یەکێک لە 100 کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و دواتر دەبێتە ئەندام پەرلەمان لە یەکەمین پەرلەمانی کورستان و بۆ ماوەی 13 ساڵ وەک جێگری بەرپرسی لیژنەی پەروەردەو خویندنی باڵا، ئەمە بێجگە لە ئەرکەکانی یەکێتی مامۆستایانی.
هەر لە هەمان ساڵدا 1992 دەبێتە ئەندامی کۆنگرەی یەکگرتووی مامۆستایانی کوردستان و دواتریش هەڵدەبژێدرێت بە ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.
لە ساڵی 1993 دەبێتە ئەندامی ناوچەی مامۆستایانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لەدەسپێکی کارەساتی شەری نەگریسی ناوخۆ یەکێک بوو لەو 56 ئەندام پەرلەمانەی کە بۆ ماوەی 101 ڕۆژ لە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان پەناگیر بوون دژ بە شەری ناوخۆ، وە لە چەندین لیژنەی هیورکردنەوەی ئەو شەرە نەگریسەدا بەشداری کردوە.
لەپاش دروست بوونی دوو ئیدارەیی لە کوردستاندا دەبێتە سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.
لە ساڵی 1995 تا 1996 لەسەر ڕاسپاردەی #مەسعود بارزانی# کاروباری #وەزارەتی پەروەردە# دەگرێتە ئەستۆو ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە بەرێوەچوونی ئەزموونەکانی بەکالوری سەرتاسەری کوردستان لە کاتی دوو ئیدارەییدا.
ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە یەکگرتنەوەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و کۆکردنەوەی هەموو مامۆستایانی کوردستان لەژێر ئەم یەکێیتیەدا و دواتریش وەک سەرۆک و جێگر ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە خزمەتکردنی مامۆستایانی کوردستان، هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە بە ئەندام بوونی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە ڕێکخراوی مامۆستایان جیهاندا و بەشداری چەندین کۆنگرەی مامۆستایانی کردوە لە ناوەو دەرەوەی کوردستان.
لە دوای خۆی 3 کورو 3 کچ بەجیهشتووە. [1]