فوئاد مستەفا سوڵتانی ساڵی 1949 لە گوندی #ئاڵمانە# سەربە شاری #مەریوان# لەدایکبوو. ساڵی 1968 چووە زانکۆی سەنعەتی شەریف لە #تاران# و لە بواری ئەلەکترۆنیک دەستی بە خوێندن کرد. هەر لەوێوە چالاکییە سیاسییەکانی دەستپێکرد. ساڵێک دواتر لەگەڵ هێندێ لە ڕفیقانی لە پاییزی 1968 ڕێخراوێکیان پێکهێنا کە دواتر بە کۆمەڵە ناسرا. کاک فواد و هاوڕێکانی ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە ڕووناککردنەوەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەژێر زۆری دەستگای شای ئێران. لە ساڵی 1976، ساواک دەستبەسەری کرد بەڵام ئەو لە بەندیخانە بووبە سەرۆکی شۆڕشەکان و بزووتنەوە ناڕەزاییەکانی ناو بەندیخانە. لە 1978 (گەلاوێژی 1357) لە بەندیخانە ڕزگاری بوو. کاک فواد ڕۆڵێکی گرینگی لە پێشکەوتن و یەکگرتنی شەپۆلەکانی شۆڕشی دژە دەسەڵاتی شای ئێران لە شارەکانی مەریوان و #سنە# هەبوو. پێکهێنانی یەکیەتی جووتیاران و چالاک کردنی یەکەمین دەستەی #پێشمەرگە#کانی کۆمەڵە (ئۆرگانی زەحمەتکێشانی کوردستان) یەکێک بوو لە گرینگرین دەستکەوتەکانی کاک فواد لەو بوارەدا. کاک فواد لە (9 خەرمانانی ساڵی 1358) 31-08-1979 بە دەستی هێزەکانی حکوومەتی ناوەندیی ئێران لە شەڕێکی چەکداریدا شەهید بووە.
کاک فواد ڕێبەرێکی سیاسیی کورد بوو کە کارییگەریەکی زۆری هەبوو لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ڕاپەڕینی جەماوەری ئێران لە ساڵی 1979دا. پێش تەواوبوونی خوێندن لە ڕووداوێکدا هێزەکانی گاڕدی شای ئێران هێرش ئەکەنە سەر شوێنی حەسانەوەی خوێنکارەکان، کاک فواد کە ئەودەم تەمەنی نزیک بیست ساڵ دەبێ، لە ئاکامی پاراستنی مافەکانی خۆی و هاوڕێکانی بە ئاجوور هێرش ئەکا بۆ فەرماندەیەکی گاڕد. هەر بۆیە قۆڵبەست و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت. دوای ڕزگار بوون و تەواوکردنی خوێندن کاک فواد لە چەن پۆستی باش بۆ کار کردن دادەمەزرێ بەڵام هەمیشە لەژێر چاودێری ساواک بووە و هەر بۆیە قەت ڕێگەی پێنەدراوە لە کوردستان خەریکی کار ببێت. لەو سەردەمەدا و دوای کوودەتای 1953، پارلەمان دەسەڵات و سەربەخۆیی خۆی لەدەست دابوو و لە ئاکامدا هیچ ڕێخراوێ بە شێوەی تەواو دەسەڵاتی نەمابوو مەگەر پاشایەتی. بۆ پاراستنی ئاساییشی دەزگای پاشایەتی بە یارمەتیی وەر گرتن لە CIA ڕێخراوەیەکیان پێکهێنا بە ناوی ساواک کە لە ڕۆژانی دواتر سێبەری ترس و مردنی خستە سەر هەموو بوارەکانی ژیانی جەماوەری ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەت. دوای 1953 ئۆپۆزسیۆنی جیبهەی میللی و حیزبی توودە بە تەواوی سەرکوت کران بەڵام چەند بزووتنەوەی تر درووستبوون کە بڕوایان بە شەڕی چەکداری بوو. لە ساڵی 1969دا کاک فواد و چەنکەس لە هەڤاڵەکانی کە زیاتر خوێنکارەکانی زانکۆ بوون، ڕێخراوێکی سیاسی پێکدێنن کە دواتر ناوی بوو بە کۆمەڵە. ئەوان بڕوایان بە مارکسیسم و سۆشیالیزمی ڕاستی بوو یانی لەسەر داخوازیەکانی خەڵک، نەک ئەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات لەسەر بنەمای ئایدییا دایاننابوو. وەها کە بڕوایان بە شەڕی چەکداری نەبوو و خۆیان بە جیاواز لە سیاسەتەکانی حیزبی توودە دەزانی و لەو سەردەمەدا بزووتنەوەی پارتیزانیان بە پێویست نەدەزانی.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2228/0009.JPG=KTML_Photo_Alt=0009.JPG=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2228/0009.JPG=KTML_Photo_End=
نزیکی ڕاپەڕینی ئێران کاک فواد لە بەندیخانە دەبێ و لە ئاکامی مانگرتنێکدا لا گەلاوێژی 1979 لەگەڵ بەندکراوە سیاسییەکانی دیکە ڕزگار دەبن. کاتێ کاک فواد لە بەندیخانە ڕزگاری بوو کوردستان خەریک ڕابردنی ئەزموونێکی گەورە بوو و گۆڕانکارییەکی گرینگی سیاسی بەسەر دەهات. لە ماوەیەکی کەم و بە گەڕانەوەی ئەندامەکانی کۆمەڵە بۆ شارەکانی خۆیان و بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی بەڕێکەوت کە بە دڵنیاییەوە بێ هەبوونی کەسایەتی وەک کاک فواد، حەمە حسێن کەریمی، دوکتور جەعفەر شەفیعی و سدیق کەمانگەر، قەت پێک نەدەهات. ڕیخراوی کۆمەڵە هەتا چەن ڕۆژ پاش سەرکەوتنی ڕاپەرینی جەماوەری ئێران نهێنی بوو، بەڵام بە دوای کوژرانی حەمە حسێن کەریمی یەکێ دی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە ڕووداوی داگیرکردنی بنکەی پۆلیسی شاری #سەقز# لە 15ی شوباتی 1979 (26ی ڕێبەندان 1357) ، بزووتنەوەی کۆمەڵە خۆی ئاشکرا دەکات.
لە کەمتر لە ساڵێکدا خەڵکی کوردستان کە ئێستا ڕووداوە سیاسییەکانیان لا گرینگ ببووە و خۆیان بە بەرپرسی داهاتووی وڵات دەزانی، قۆناغێکی خۆشی دیموکراتیان ڕابردبوو، بەرانبەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەوەستان و لە مافە ڕەواکانی خۆیان دەستهەڵگر نەبوون. هەر بۆیە خومێنی ڕابەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی دەستووری کردە سەر هێزە تازە پێکهاتەکەی سوپای پاسداران کە کوردستان داگیر بکەن. هەروا بەنی سەدر یەکەمین سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند تاکوو هێزەکان کاریان لە کوردستان تەواو نەبووە نابێت پۆتینەکانیان دەرهێنن.
لەو کاتەدا لە سەرانسەری وڵاتی ئێران، کوردستان تەنیا شوێنێک بوو کە فەزای ئاوەڵای سیاسی هەبوو بویە دەسەڵاتی ناوەندی دەیەویست سەرکوتی بکات. لە هاوینی ساڵی 1979 (1358) شار و گوندی کوردستان بوو بە ئامانجی هێرشەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران لە ئاسمان و زەویەوە و هێزەکانی ئەرتەش ڕەوانەی شارەکانی کوردستان کران. بەڵام لە پاییزی هەر ئەو ساڵەدا بو دەربڕینی ناڕەزایی گشتی جەماوەری شارەکان، مەجبوور بوون شارەکان جێ بهێڵن. کوردستان هەتا بەهاری 1980 (1359) ئازاد مایەوە تاکوو دیسان بووە ئاکامی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەوە بووە دەستپێکی دووەمین بەرەنگار بوونەوەی گەلانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بەرانبەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و کاک فواد ئەرکێکی دیاری هەبوو لە ڕیخستنی ئەو کۆڵنەدانە.
کاک فواد لەو سەردەمەدا بووە هۆی چەن سەرکەوتن لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستاندا، لەوانە:
هاندان بۆ ڕێکەوتنی بزووتنەوەیەکی بێوێنە لە کوردستان
کردنەوەی درگەی وتووێژ لەگەڵ داگیرکەران
هێنانە ناوەی ژنان بۆ بزووتنەوە کۆمەڵاییەتیەکان
گەیاندنی ئەنجامەکانی وتووێژەکان و دانیشتنەکان بە جەماوەر
سووربوون لەسەر بڕیاردان لەلایەن هەڵبژێردراوەکانی خەڵک
پەیوەندی نێوان حیزبەکانی کوردستان
ئامادە کردنی کوردستان بۆ هێرشەکانی دواتر
ڕێکخستنی ڕێخراوێکی بەرگری پێکهاتوو لە پێشمەرگەکان بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان و مافەکانی لە هێرشەکانی نامرۆڤانەی ئەرتەش و بەتایبەت سوپای پاسدارانی ئێران
بەرگری لە شەر و توندوتیژی کە باشترین بەڵگە بۆ ئەوە، لە هاوینی ساڵی 1980 (1358) خەڵکی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە جیاتی توندوتیژی بەرانبەر بە داگیرکەران، شار جێدەهێڵن.
ڕۆڵی کاک فواد لە مێژووی بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای 1979 بێوێنەیە. تەنیا 8مانگ دوای ڕزگاری لە بەندیخانە و تا کاتی کوژرانی لە تەمەنی 31ساڵیدا، لەو ماوە کەمەدا، توانی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئازادیخوازی گەلی کورد بنەخشێنێت.
شەهید بوونی کاک فواد ئەگەرچی خەمێکی یەکجار گەورە بۆ جەماوەر و بزووتنەوە بوو، ئەما لەراستیدا شێوازی ڕووداوەکە بۆخۆی دڵتەزێن و دوور لەوەی بوو کە بتوانرێت چاوەڕێ بکرێ. خۆمێنی ڕابەری کاتی کۆماری ئیسلامی، سادق خەڵخاڵی دەکات بە حاکمی شەرع لە کوردستان و ئەویش لە کوشتنی ڕۆڵەکانی کوردستان هیچ کەمکاری نەدەکرد. لە یەکێک لە هەڵمەتەکانی لە شاری مەریوان دوو دانە لە براکانی کاک فواد بە تاوانی ئازادیخوازی لە سێدارە دەدات. بە بڵاوبوونەوی ئەو هەواڵە شاری مەریوان تووشی ئاڵۆزی ئەبێت. کاک فواد کە لەو کاتەدا لە دەرۆی شاری مەریوان دەبێ، بۆ هێمن کردنەوەی شار و بۆ لای دایکی جەرگسووتاوی (#دایە بەهیە# خان) بە نهێنی دەگەڕێتەوە مەریوان. دوای دیتنەکانی، کاتی گەڕانەوە، لە گۆندێک بە ناوی بەستام، لەنێوان شاری سەقز و مەریوان، زۆر بە هەڵکەوت تووشی دەستەیەک خۆفرۆش و پاسداری سوپا دەبن و بەشەڕ دێن. ژمارەی هەواڵانی کاک فواد زۆر کەم دەبێ و بۆ شەڕ نەڕۆشتبوون بۆیە لە ئاکامدا، بەداخەوە کاک فواد و چەندانە لە هاوڕێکانی شەهید دەکرێن.
مستەفا چەمران کە خوێندنی لە وڵاتی ئەمریکا تەواوکردبوو و زانای شەڕی پارتیزانی بوو، هەر بۆ بەرەنگاری دەگەڵ بزووتنەوی خەڵکی کوردستان و پووچەڵ کردنەوەی خەباتی چەکداری پێشمەرگەکانی کوردستان ڕەوانەی کوردستان دەکرێت. وەک ئەوەی باسی دەکەن ئەگەرچی دۆشمنایەتی هەبووە دەگەڵ کاک فواد بەڵام ڕیزیان هەبووە بۆ یەک. دەڵێن دوای دیتنی تەرمی کاک فواد فرمێسک دەڕێژێت و دەڵێن هەر بە دەستووری چەمران بوو کە نەوەک هەمیشە کە بێڕێزیان دەکرد بە تەرمی شەهیدانی کورد، تەرمی کاک فواد هەتا شاری مەریوان دەبەن و ئەیسپێرنە دەستی خەڵک. تەرمی کاک فواد لە قەبرانی تاڵەسواری گوندەکەی، لە تەنیشتی دو براکەی حسێن و ئەمین دەنێژرێت، هەر ئەو دوو برای کە بۆ دیتنی تەرمی ئەوان گەڕابوویە مەریوان و ببوە هۆی شەهید بوونی؛ هەر ئەو گۆڕستانەی دوو ساڵ دوای ئەوە دوو برای دیکەی کاک فواد و ژمارەیەک زۆرتر لە بنەماڵەکەی و هاوڕێکانی تێیدا بوونە میوان.
ڕێبازی کاک فواد و کاک حەمە حسێن کەریمی و دوکتور جەعفەر شەفیعی لە بواری سیاسەت، کۆمەڵایەتی و شەڕی چەکداری و هۆکارەکانی دامەزراندنی کۆمەڵە، دەگەڵ کۆمەڵە دوای ئەوان بە ڕابەری کەسایەتییەکانی دیکە گۆڕدرا. بۆیە زۆر کەس کۆمەڵەی کاتی کاک فواد لە کۆمەڵەی ئێستا جودا دەزانن و هێندێ کەس هۆکاری ئەوە، زۆر نزیک بوونەوەی کۆمەڵە لە کومونیستی ئێرانی دەزانن.[1]