ژیر: نازناوی کامیل نیزامەدین جەلالە.
لە 20-12-1934 لە #سلێمانی# لە دایکبووە.
لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیرە.
باوکی: وەک دەرچوویەکی شەشی سەرەتایی سەردەمی عوسمانی و وەک فەقێیەک بۆ ماوەی چەند ساڵێک خوێندەوارییەکی باشی هەبووە. جگە لە کوردی، عەرەبی و فارسیزانیشببووە. هێڵی زۆر خۆشبووە. بەو هۆیەوە خەڵکی ڕووی ئەوەیان لێناوە کە سکڵا و نامە و کومبیالە و گرێبەستیان بۆ بنووسێت بە بێ بەرانبەر. مەشقی خوێندەواری بە منداڵەکانی دەکرد.
باپیری شێخ جەلال: موفتی شارباژێر بووە. ماوەیەکیش فەرمانبەر بووە لە دادگا. کوڕی شێخ تەهای شێخ سەلامی قازیی شارباژێر بووە. ئەمیش بە چوار پشت دەچێتەوە سەر زانای ئایینی شێخ نیزامی کە ئارامگەکەی لە گوندی چنارەی نزیک #دەربەندیخان#ە و تا ئێستەش زیارەتگەی خەڵکییە. باپیرە گەورەیان پیر خدری شاهۆی زەردەشتییە.
خاڵی باوکی، شێخ سەلامی عازەبانی: هەستیاری نەتەوەیی بەناوبانگ و سیاسەتکار و ڕۆشنبیری گەورەی سەردەمی خۆی بووە.
مامی: ا.ب. هەوری: هەستیاری نەتەوەیی و نووسەر و پەروەردەکار بووە.
برای فازیل نیزامەدین: نووسەر و چیرۆکنووس و فەرهەنگسازبووە. خاوەنی فەرهەنگەکانی ئەستێرە گەشە و شیرین و شیرینی نوێ بووە.
خەزوری، شێخ حەسەنی شێخ حەمە مارف: ڕۆشنامەنووس و وەرگێڕ و ڕادیۆکار بووە.
دوو خوشک و شەش بران کە دوانیان، هیوا و جەمال، ئەندازیارن.
پارێزەر کامیل ژیر: دەرچووی کۆلێجی مافە لە بەغدا، هەشت کۆرس زمانی ئینگلیزیی لە پەیمانگەی ئەمەریکی و یەک کۆرس زمانی ئەڵمانی لە پەیمانگەی گۆتە لە بەغدا خوێندووە. ماوەی پێنچ مانگیش لە جنێڤ / سویسرا هەوڵیداوە فێری زمانی فەڕەنسی ببێت. ساڵێکیش لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان لە بەغدا، هونەری نواندن و دەرهێنانی خوێندووە. دوو بڕوانامەی لە بواری کارگێڕیدا لە لە بەغدا وەرگرتووە، سێ بڕوانامەی ڕێزلێنانی لە بواری ڕۆشنبیریدا وەرگرتووە.
بەرهەمە چاپکراوەکانی:
1-ئەم کۆمەڵە هۆنراوەیە (کوردایەتی و جوانی): بە گشتی بەهاکان (قیم) ی کوردایەتی و جوانیی ڕەوشت و جوانیی سرووشت و جوانیی ئافرەتی لە خۆگرتووە و بریتییە لە ژمارەیەک هۆنراوەی تازە و هەندێک هۆنراوەی هەڵبژاردە لە کۆمەڵە هۆنراوەکانی پێشووی کە لەم ڕۆژگارەشدا، هەمان گیان و گوڕو کاریگەرێتییان تێدایە. لە ئاستی وێژەیشدا، هەمان گیان و گوڕ و کاریگەرێتییان تێدایە و، هەمان قوورسایی خۆیان هەیە. دیوانەکانی پێشووش، لە بازاڕدا نەماون، بۆیە لێرەدا چاپکردنەوەیان بە پێویست زانرا.
2-کوردایەتی و کۆمیدیای گەندەڵی: بریتییە لە بیست کوورتە چیرۆکی ڕامیاری لە بەرگێکدا بە شێوازی لاکرتی (سخریة، ساتیر) بەو گەندەڵیانەی لە دەسەڵاتدا بەربڵاون. (2008) لە سلێمانی چاپکراوە.
3-کوردایەتی بیرو بزاڤە: بریتییە لە برێک باری سەرنج و بیرەوەرییە سیاسییەکانی نووسەر لەنێوان (1948-1994) دا وەک وەڵامدانەوەش بۆ بەڕێزان: شۆڕش قادر، هیمدادی حسێن، گۆڤاری تایم، گۆڤاری جەماوەر، گۆڤاری پەیامی مرۆڤایەتی، ڕۆژنامەی هاوبیر، عەتا قەرەداغی، د. جەمال نەبەز، د. عوسمان بەرزنجی، زانیار قڕگەیی، ئاسۆس هەردی، کاندێش، ڕۆژنامەی هەواڵ، ڕۆژنامەی رایة الحریة، سیروان کاوسی، #مەلا بەختیار#، چێنەر جۆڵا، بۆتان جەلال، #نەوشیروان مستەفا# و عیماد ئەحمەد. هەروەها هەندێک پەرچدانەوەشی گرتۆتە خۆ بەرانبەر بەڕێزان: فریاد ڕەواندزی، د. کوردۆ عەلی، شێرکۆ بێکەس، ڕێبین هەردی، د. کەمال مەزهەر، ئەحمەد حامید و د. حسێن محەمەد عەزیز، لەگەڵ شەش بابەت: بارزانی و کاژیک، خاوەن فایلەکان، گەمەی ئێراق، دەستووری کوردستان و ئێراق، کێشەی کورد و یاسای نێودەوڵەتی، خۆپیشاندانەکەی 14-02-2004 و شتی تریش. (2006) لە سلێمانی چاپکراوە.
4-کوردایەتی و سەربەخۆیی: لەم پەرتووکەدا، سەرەتا پێناسەی کورد و کوردستان و کوردایەتی دەکات زانستیانە هانی بزاڤی کورد دەدات کە لە بازنەی سەپاو دەرچن. لە هۆی نەبوونی سەربەخۆیی ئەدوآ. وەڵامی پرسیارەکانی هۆی سەرنەکەوتنی میرنشینیەکان و حکومەتەکەی شێخ مەحمود و کاژیک و پاسۆک دەداتەوە. ئەو ڕاستییە ئەسەلمێنآ کە پێکەوە ژیان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا، بە هەر ناوێکەوە ئەستەمە. ئەڵێت سەرکردایەتی پارتییەکوردییەکانی ئێستا لە ئاستی هەلومەرجی سەربەخۆیدا نین. نەخشەو بەرنامە بۆ سەربەخۆیی کوردستان دائەنێت و هەموو ئەگەرەکان لەو بارەیەوە ڕەچاوئەکا. لە دەرگای هەندێک بابەتیکەش دەدات (2002) لە سلێمانی چاپ کراوە.
5-أفکار: کتاب باللغة العربیة. یردفیه، بشجاعة وأقتدار، وبأحداث الأفکار علی آرا و عدد من الباحثین الذین ینظرون إلی المسألة الکوردیة بمنظار ظاهرة التعاطف وباطنە التظلیل قصداً أو جهلاً. کما یصحح آرا و عدد آخر من الکتاب المخلصین لهذە المسألة. ثم یأتی بآرائە الموضوعیة لأنشا و وتنظیم الأمن القومی والرأی العام فی کوردستان. کما یأتی بحل واقعی للعقدة المستعصیة لأعادة توحید الأدارتین فی جنوب کوردستان. ثم یلقی الأضوا و علی جملة من المفاهیم الخاطئة السائدة فی عقول مغلقة بسبب مؤثرات قرون من الأحتلال واڵاضطهاد التی نتج عنها سیلا من مرکبات النقص والخوف والخجل والأنحراف وعدم الثقة بالنفس أضافة إلی ابحاثە القانونیة لأصلاح النظام القانونی فی کوردستان مع الترجمة الکوردیة لبعض المصطلحات القانونیة المتداولة فی المحاکم وغیرها من المواضیع. طبع الکتاب فی (2002) فی السلیمانیة.
6-کوردایەتی و دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ: ئەشا بڵێین ئەم پەرتووکە کە لە بنکەی چاپەمەنی ڕۆژ لە سوید / ستۆکهۆڵم ساڵی (1994) لە (107) لاپەڕەدا چاپیکردبوو، چاپی یەکەمی (کوردایەتی و سەربەخۆیی) ە کە بابەتی بڕگەی (4) ی سەرەوەیە، لەگەڵ هەندێک جیاوازی و دوای ئەوەی هەندێک بابەتی نوێی خرایەسەر.
7-هەڵبەستەکانی ژیر: کۆی هۆنراوەکانێتی، تا ساڵی (1993) کە دەزگای چاپەمەنی ڕۆژ لە سوید کۆی کردبووە وە و لە (428) لاپەڕەدا چاپیکردووە لەتەک توێژینەوەیەکدا بەناوی (پراوەکانم لە هەڵبەستداو وانەیەک لە بارەی هەڵبەستەوە) . کە بە هەردووکیان (463) لاپەڕەی گرتووەتەوە.
8-گەورەپیاو: بریتییە لە سێ شانۆنامە بە هۆنراوە. لەتەک چاپی دوومی (ئافرەت و نوشتە) کە ئەمیش هەمان دەزگا لە سوید لە (117) لاپەڕەدا چاپیکردووە.
شانۆنامەی یەکەم (ئەحەی جاو) بە شێوازێکی کۆمیدی لە بارەی ئەو پیاوەوەیە کە لە سلێمانی هەندێک کەس پێیان ئەوت (شێت!) هەندێکیش پیانئەوت (وەلی!) .
شانۆنامەی دووەم (نازە) کێشمە کێشێکە لەنێوان بەگ و جوتیار و ڕۆشنبیر و دەوڵەمەند و پزیشک و پیشەساز و ئەندازیار و تێکۆشەر و گێرەشێوێندا.
شانۆنامەی سێیەم (گەورە پیاو) بە شێوازێکی کۆمیدی لە بارەی بەشیر موشیری ناودارەوەیە.
شیاوی وتنە، ئەو بەرهەمانەی لە سوید چاپکراون، ژمارەیەکی کەمیان گەیشتنە کوردستان.
9-جوانی: تایبتە بەو هۆنراوانەی لە بارەی جوانی ئافرەتەوە وتراون. (1983) لە سلێمانی چاپکراوە.
10-کوردایەتی: تایبەتە بەو هۆنراوانەی لە بارەی کوردایەتییەوە، ساڵەکانی (1958) تا (1960) وتراون، لەتەک پێشەکییەکی مامۆستا جەمال نەبەزدا.
11-نازەنین: یەکەم کۆمەڵە هۆنراوەکانێتی کە لەنێوان (1954) تا (1957) وتراون.
12-ئافرەت و نوشتە: شانۆنامەیەکی کۆمیدییە، ساڵی (1956) چاپکراوە و لەسەر شانۆی قوتابخانەی ئامادەیی کوڕان لە سلێمانی، نمایشکراوە.
لە بواری ڕامیاریدا:
1-ئەندامی حزبی شیوعی ئێراقی بووە (1948) بۆ (1958) لەو بڕوایەوە کە کورد لەو ڕێگەیەوە دەگاتە مافی چارەنووسی خۆی، بەهۆی چالاکییەکانی لەو حیزبە و ڕێکخراوەکانیدا، چەند جار زیندانی کراوە. لە خوێندن پچڕێندراوە. (1954-1955) ڕاپێچی شوعەیبە کراوە، (1957) تا (1958) وەک دوور خراوەیەکی سیاسی، نێردراوە بۆ ئەبووغرێب.
2-لە دامەزرێنەران و ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد (کاژیک) بووە کە بۆ ماوەی (15) ساڵ لە خەباتی نهێنی و ژێر زەمینیدا بووە.
3-پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ پاسۆکدا هەبووە و دوای ڕاپەڕین، لەگەڵ چوار هاوبیریدا، قوتابخانەی سیاسی پاسۆکیان پێکهێنا.
4-ساڵی (2004) لە دامەزرێنەرانی کۆڕی سەربەخۆیی کوردستان بووە.
5-سەرپەرشتیاری گۆڤاری (هیوا) بووە (1957) و (1958) هەروەها سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەی سەربەخۆیی ئۆرگانی پاسۆک بووە (1991) تا (1993) .
6-ساڵی 1963 حاکمی سەربازی گشتی ڕەشید موسڵیح فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆ مەلا مستەفای بارزانی کڕیوە.. ئەمیش دەڵێت: ئەگەر بمبوایە پاسکیلێکم بۆ خۆم دەکڕێ!.
7-ساڵی (1974) (1975) دادوەرو پشکنەری دادبووە.لە شۆڕشی ئەیلول.
8-سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان بووە / سەرکردایەتی باشوور. [1][2]
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 30-40-2024 کۆچی دوایی کرد. [3]