ناو: شیرین
نازناو: شیرین #ئامێدی#
ناوی باوک: ئیبراهیم فەتاح
ساڵی لەدایکبوون: 1967
شوێنی لەدایکبوون: شارۆچکەی ئامێدی
$ژیاننامە$
یاساناس و سیاسەتمەدار شیرین ئیبراهیم فەتاح، ناسراو بە (شیرین ئامێدی) ، ساڵی 1983 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتییەوە کردووه، نوێنەری کۆنگرەی دەیەم (1989) بووە و لە کۆنگرەکانی یازدەیەم (1993) و دوازدەیەم (1999) دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە کۆنگرەی سێزدەیەم (2010) دا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی #پارتی دیموکراتی کوردستان# هەڵبژێردراوە.
ساڵی 1967 لە شارۆچکەی ئامێدی سەربە شاری دهۆک لەدایکبووە. ساڵی 1986 لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی موسڵ وەرگیراوە و هەمان ساڵ بە مەبەستی خۆپاراستن لە پیاوانی دەزگاکانی هەواڵگری حکومەتی ئێڕاق ڕووی کردووەتە ناوچە ئازادکراوەکان. پاش ئەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی یاسا بە دەستهێنا، ساڵی 2004 وەک قوتابی ماستەری یاسا لە زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر وەرگیراوە. شارەزای زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزییە.
$خەباتنامە$
شیرین ئامێدی ساڵی 1983 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتیەوە کردووە. ساڵی 1988 لە دوای ئەنفالی بادینان، ڕووی لە وڵاتی تورکیا کردووە و بۆ ماوەیەک لە ئۆردوگای گەڤەر نیشتەجێ بووە و دواتر لە ساڵی 1989 ڕووی لە وڵاتی ئێران کردووە و وەک پەنابەر لەوێ ژیانی بەسەر بردووە.
نوێنەری کۆنگرەی دەیەم (1989) بووە و لە کۆنگرەکانی یازدەیەم (1993) و دوازدەیەم (1999) دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە کۆنگرەی سێزدەیەم (2010) دا بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.
ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و پەیوەندی بە ڕیزەکانی #یەکێتی ئافرەتانی کوردستان#ەوە کردووە و ساڵانی 1992-2007 سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بووە.[1]