میدیا بۆ خزمەتی و تێکڕای ئەندامەکانی جالیەی کورد لە هۆڵەندە دامەزراوە و بۆ ساتێکیش لە خەم و گرفتەکانیان دانەبڕاوە.
لە پێش دامەزراندنی میدیادا، لە وڵاتی شانشینی هۆڵەندە ساڵی 1989 پێویستی خەڵکی کورد لە تاراوگە، وای کرد بیر لەوە بکرێتەوە، نێوەندێک هەبێت کوردەکانی لە دەور کۆبێتەوە و ڕێکیان بخات و ئیش و کارەکانیان ڕۆژانە و پێداویستییەکانیان، کە بە هۆی زمان نەزانین نەشارەزاییان لە ڕووی هەڵسوکەوت داب و نەریتی ئەم وڵاتە (هۆڵەندە)ەوە دروست ببوو ڕابپەڕێنێت، لە دوای کارەساتی کیمیا بارانی #هەڵەبجە# و ئەنفال، کوردێکی لە جاران زیاتر ڕوویان لە هۆڵەندە کرد، زۆربەشیان لە ئەمستردام جێگیر بوون و Jonker huis (خانوی پەناهەندە) یان دابوونێ. ئەو کاتە 100 تا 150 کوردێک دەبوون، ئەو تازە هاتووانە پێویستیان بە ڕێنمایی و هاریکاری کردن بوو، پێش دامەزراندنی میدیا برادەرانی پێش تر هەرێکە لە جێگەی خۆیەوە، یارمەتی ئەدان، بەڵام پێویستیەکان ڕۆژ بەڕۆژ بەرفراوانتر دەبوو، خەڵکی تاکە کەس نەیدەتوانی فریا بکەوێت، هەرچەندە ئەو کاتە مەڵبەندی ڕۆشنیری ئەمستردامیش هەبوو هێشتا فریا نەدەکەوت، بۆیە لەسەر دەستی چەند پێشمەرگەیەکی شۆڕشی نوێ لێرەش بیر لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی میدیا کرایەوە، بێ گومان دروشم و ڕێبازی میدیا ڕۆژبەڕۆژ بە گوێرەی پێویستییەکانی کۆمەڵگای کورد گۆڕاوە، ئێستا میدیا تەنها لە ئەمستردام بەشی نییە، ساڵی 1992 لە شارەکانی ڕۆتردام و ساڵی 1995 لە خرۆنیگن ساڵی 1997 لە دێڵفت، و پاشان لە ئوترێخت و لیواردن ئەنیشخدەی و هەنگەڵۆ بە گوێرەی زیاد بوونی ژمارە و فراوان بوونی کۆمەڵگای کورد لە هۆڵەندە، گۆڕانکاریەکان پێویستی کرد، میدیای سەرتاسەریش ساڵی 2000 وەک پلاتفۆڕمێک دروست بکرێت، کە ئەنجومەنی ژنان و ئەنجومەنی گەنجانیشی لە خۆ گرت، پاشان هەوڵ بۆ دروست بوونی میدیا لە چەند شارێکی دیکەش دراوە، میدیا لە خزمەتی هەموو گروپ و توێژەکانی کورد دابووە لە هەموو تەمەنەکانیەوە، لە هۆڵەندە ئەوی پێویستی بە ڕێنمایی و پشتگیری و یارمەتیدانی میدیا بووبێت، هەر لە پیر و ژن و منداڵ و گەنج و تازە هاتوو یان لە مێژ بێت لە هۆڵەندە بێت، یارمەتی دراون لە لایەن ئەم ڕێکخراوەوە یارمەتیان دەدات.
رێکخراوێکی مەزنی وەک میدیا لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ زۆرن هەموو ئەو سەربازە نادیارانە، کە لە پشت پەردەوە، لە یەکەم ڕۆژەوە کاریان تێدا کردووە، وەک مۆم سووتاون و ڕووناکیان بۆ دەور و بەرەکەیان هەبووە، ڕەنگە بە چەند وشەیەک نەتوانرێت حەقی خۆیان پێبدرێت. بۆیە بۆ کاتێکی دی هەڵدەگرین.
میدیا ساڵانە ئەگەر دوو کۆبونەوەی گشتی سەرتاسەری ساز نەکردبێت، ئەوا یەک کۆرسی چڕ و پڕی کادرانی لە یەکێک لە ناوەندە ناودارەکانی کۆرس پێدان سازکردووە و هەر لەوێش هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرپەرشتی ئەنجام دراوە، لیژنەی شارەکان ئەندامەکانیان خۆیان لە ناوخۆیاندا، دەستەی سەرپەرشتی هەڵدەبژێرن و کە پێک دێن لە 3 یان 5 ئەندام، بە ئۆتۆماتیک دووان لە لیژنەی شارەکان ئەندامی لیژنەی سەرتاسەرین.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا تا ئێستا تەنها میدیای ئەمستردام فەرمانبەری ڕەسمی خۆی هەبووە، ساڵی 1992 و 1993 بەڕێزان #بەختیار شەمەیی# و #سەردار عەبدولڕەحمان# و لە ساڵی 1997 ەوە دوو فەرمانبەری دیکەی بۆ دامەزرا، ئاراس کەمال تا ساڵی 2000 بەردەوام بوو (#سەردار فەتاح ئەمین#) یش لە ساڵی 1994 ەوە وەک خۆبەخش و پاشان لە 1997 ەوە تا 2008 وەک فەرمانبەر کاری لە میدیادا کردووە، خاتوو جوان عومەریش لە ساڵی 2000 تا 2004 وەک فەرمانبەری ڕەسمی لە میدیادا دامەزرا.
کارو چالاکیەکانی میدیا فرەن لێرەدا بەڕاگوزەری باسی هەندێکیان دەکەین. سەرەتا میدیا بڵاوکراوەی زانیاری بەخشین (معلومات)ی پەخش دەکرد، لە شێوەی برۆشورە (نامیلکە)، لە بارەی باج و تەندروستی و سیستەمەکانی ژیان و گوزەران و بڕیارەکان دەربارەی پەنابەران و خۆپاراستن و نەخۆشیەکان، وەک ئایدز و سیستەمی چۆنێتی وەرگرتن و یارمەتی بۆ خوێندن و ڕەگەزنامە و لە هەمان کاتدا، لە پێشکەش کردنی ئەم زانیاریانە بە هۆی هەفتانە کۆڕ یان کۆبونەوەی وەرزی و بانگکردنی کادری پسپۆڕ و تایبەتمەند بۆ گێڕانی کۆڕەکان، سەرباری ئەم چالاکییانە کۆڕ و کۆبونەوە و شەوچەرەی کوردی و گەشت و سەیران ڕێکخستن بۆ هەموو گروپەکان و سەردانی ئۆردوگاکانی پەنابەران، جگە لە کۆڕی ڕۆشنیری و ئەدەبی و مێژوویی، ئەمانە باسکردنی هەندێک لە چالاکییەکانی میدیا و ساڵانە بە گوێرەی نەخشە و پلان پێش ساڵی نوێ ڕێک دەخرێن و لە کۆتایی ساڵیشدا ڕاپۆرتی چالاکی ساڵانە ئامادە دەکرێت.
کۆمەکی دارایی یانە لە ئابونەی ساڵانەی ئەندامان، کەمێک لە باری گرانی دارایی و ئەرکی سەرشانی میدیا سوک دەکات، کۆمەکی دارایی شارەوانی سوبسیدی ساڵانە بە گوێرەی چالاکییەکان، کە لەگەڵ پلانی کاری ساڵانە werkplan دەبێت پێشکەش بکرێت، کە کۆی تێچوونی چالاکیەکان و تێکڕای خەرجییەکان بۆ ساڵەکە ڕێک دەخرێت و هەموو ساڵێک پێش 15/10 دەبێت پێشکەش شارەوانی کرابێت، ئەگەر متمانەیان بە ناوەڕۆکی داواکارییەکت کرد، بە گوێرەی سیاسەتی خۆیان، بڕێک پارە بۆساڵەکە دەبڕێتەوە، میدیا تا کۆتایی ساڵی 2002 کۆمەکی ساڵانەی خۆی بە ڕێک و پێکی وەرگرتووە، هەموو ساڵێک پێش داواکردنی کۆمەکی ساڵی ئایندە، ڕاپۆرتی دارایی کە لە لایەن ژمیریارێکی ڕەسمی باوەڕ پێکراوەوە دەبێت پێشکەش بکرێت، چۆنێتی و شێوەی خەرکردنەکانیش بە بەڵگەوە پێشکەش شارەوانی دەکرێت. لە ساڵی 2003 ەوە سیاسەتی شارەواندیەکان گۆڕاون و بە زەحمەت، دەتوانرێت وایان لێ بکرێت، کۆمەکی ڕێکخراوەی بێگانەکان بکەن. کارگێڕانی میدیا تا ئەمڕۆ توانیویانە، لەسەر داهات و پاشەکەوتی چەند ساڵی پێشوو بەردەوامی بە چالاکییەکان بدەن، بەڵام بە گشتی سیاسەتی هۆڵەندە بەرانبەر بێگانە و پەنابەر بە تایبەتی گۆڕا، ئەوە پێش ڕوخانی سەدامیش بووە، بێگومان میدیاش هەمان ئەو سیاسەتی گۆڕانە دەیگرێتەوە، بۆیە میدیاش بە شێوەی کارکردنەکانیاندا چونەتەوە و سیاسەتی خۆیان گۆڕێوە.
وەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا، کار کردنی میدیا لەسەر پاشەکەوتی ساڵانی پێشوو چالاکییەکان تا ساڵی 2004 ژیاوە، پێویستە لێرەدا باسی هاتنە ناوەوەی کۆمەڵێک گەنجی چالاک و چاپوکی وەک مەبەست جەعفەر و بەختیار بەکریش بکەین، کە لە ساڵی 2000 ەوە وەک هەوێنی دروستکردنی ئەنجومەنی گەنجانی میدیا هاتنە ناوەوە و پاشان بوونە دەستەی سەرپەرشتکاری میدیای ئەمستردام و سەرتاسەریش، هەر ئەوان بە پشتگیری میدیا توانیان یەکەم چەکەرەی دروست بوونی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە ناو میدیاوە سەر پێدەربێنن. پاشان هەر ئەوان ئەو بارگرانیە مادەیەی سەرشانی ڕێکخراوەکەیان گرتە ئەستۆی چالاکیە نەبڕاوەکانیان، لەو مێژووە بەدواوە لە جاران زیاتر بە ئاقارێکی دیدا میدیابە کار و خزمەت بەردەوام بووە، سستیەکی ئەوتۆ بە کارەکانمانەوە دیار نەبووە، ڕەنگە لە ساڵانی ئایندەدا ئەگەر کۆمەک دەست نەخەین، ئەوسا تووشی پەکخستنی کاروچالاکییەکان بین، بەڵام لە زۆر لاوە هەوڵ و جوڵەی ئەم ڕێکخراوە بە هۆی ئەنجومەنی گەنجانەوە بەردەوامە و بە هیمەتی ئەو دەستە گەنجەی لە لیژنەی میدیادان پەکمان ناکەوێت.
جێگەی باسکردنە میدیا چەند لای خەڵکی کورد ناسراوە، بێگومان، لای دامودەزگا و ڕێکخراوە هۆڵەندییەکان زیاتر ناسراوە لە زۆر بواردا، پرس و ڕاو ڕاوێژمان پێدەکرێت، بۆ نمونە میدیا ئەندامی ڕێکخراوی VON خودی پەناهەندەکان و SMS ە و لە ساڵانی سەرەتایی دروست بوونیدا، بە کارتێکردنی برادەرانی لیژنەی میدیا زمانی کوردیش وەک زمانەکانی تر لە وەرگێڕانی وەزارەتی دادا بۆ ئەنتەرڤیوی پەناهەندە کوردەکان، بە ڕەسمی ناسێنرا، لە کۆبونەوەکانی پەڕڵەمان و ئەنجومەنی شارەوانییەکان سەبارەت بە پەناهەندە و بێگانەکان، هەمیشە وەک ڕێکخراوێکی متمانە پێکراو بانگێشتن دەکرێن.
میدیا لە مەسەلە چارەنوسسازییە هاوبەشییەکانی کورددا هەمیشە بەشداری بەرچاوی کردووە و لە یادەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال، و یادی شەهیدانی دەستی تیرۆر و بانگەشە بۆ هەڵبژاردەنەکانی هەردوو جارەکە، ڕۆڵی گرنگ و بەرچاویان هەبووە، وەک ئازادی و مافی تاکەکەسیش، ئەوانەی لە ناو لیژنەکانی میدیادا کار دەکەن بۆیان هەبووە ڕەنگی تایبەت و بیروبۆچوونی خۆیان هەبێت.
هەمیشەمیدیا تەنها وەک کورد و بۆ کورد کاری کردووە. بێگومان شەڕی ناوخۆ برینێکی قوڵی کردۆتە دڵی هەموو کورد، دەتوانین بڵێن میدیا نەیهێشتووە ئەو کاریگەییە بە چالاکیەکانیەوە دیار بێت.
زۆری و هەمە چەشنەیی ڕێکخراوە کوردیەکان لە تارواگە لایەنێکی تەندروستی ناو کۆمەڵگای کوردە، بەڵام پێکەوە چالاکی نەکردن و نەگونجان بێگومان سستی و لاوازی بە جالیەی کورد دەبەخشێت ورێکخراوەکان بەرەو پوکانەوە دەبات و هیچی بۆ خۆی پێناکرێت. خۆمان نایڵێین بە شاهیدی هەموو خەڵکانی کورد پشگیری هەموو ڕێکخراوە کوردیەکانی دی کراوە و تەنانەت یارمەتی و ڕێنمایی دامەزراندنی هەندێ ڕێکخراویش دراون و لە هۆڵەکەیشدا کۆبونەوە و چالاکی بۆ ساز کردوون، ئەگەر پێویست بکات هەموو ئەو کارانە ئەرشیف کراون.
ئەگەر سیاسەتی کوردی و حیزبە سەرەکیەکان کۆک و تەبا بن لە کارکردندا پێکەوە، تەنها لە ململانێی باشترین کارکردندا گەشە و پێشکەوتن بە کۆمەڵگا دەبەخشن، ئێمەش بەشێکین لەو کۆمەڵگایە و پێشکەوتن دواکەوتنمان بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە و بۆ ئەوان کار دەکەین.
ئەوی گرنگ بێت و پەیوەندی بە کاروچالاکییەکانی تری میدیاەوە هەبێت، دوو بڵاوکراوە لەم ڕێکخراوەوە پەخش دەکرا دەنگی میدیا وەک ڕۆژنامە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و چالاکییەکانی میدیا و تا ئێستا 10 ژمارەی لێ دەرچووە، گۆڤاری میدیاش تا 17 ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە، میدیا ی ڕۆتردام تا ساڵی 2007 بەردەوام بووە زیاتر لە 125 ژمارەی پەخشنامەی بێواری مانگانەی بڵاوکردۆتەوە بە 16 لاپەرەِ، کە کاک هیوا سەرهەنگ سەرپەرشتی دەکات.
لە ساڵی 2000 ەوە میدیای ئەمستردام و ڕۆتردام و ئەنیشخدەی تا ئەمساڵ خوێندگای فێربوونی زمانی کوردی بۆ منداڵان بەردەوام بووە، میدیای ئەمستردام ئێستە دوو گروپی فێربوونی مۆسیقای هەیە بەسەرپەرشتی مامۆستا نامدار قەرەداخی خاوەنی قوتابخانەی نامۆ.
نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت میدیا ئەرشیف و کتێبخانەیەکی تا ڕادەیەک دەوڵەمەندی خۆی هەیە و چەندین خوێندکاری کورد و هۆڵەندی وەک سەرچاوە سوودیان بۆ خوێندنەکەیان لێی وەرگرتووە. تا ئێستا جگە لەو نامیلکەی زانیاریبەخشینانەش. چەند کتێبێکی باشی لەسەر ئەرکی خۆی چاپ و بڵاوکردۆتەوە وەکو چیرۆکی #هەڵەبجە نوێژی منە# 1992 نوسینی ئەندازیار #عومەر عینایەت#، #جینۆسایدی گەلی کورد# لەبەر ڕۆشنایی یاسای تازەی نێودەوڵەتاندا- 1997 نوسینی د. #مارف عومەر گوڵ#، چەند نامەیەک لە زیندانی فاشییەکانەوە 1994، کەتەلۆکی هونەرمەند #وەهبی ڕەسوڵ# و چەند وتارێک 2003.