موسڵح عەبدولقەهار عەبدوڵڵا ئیروانی (بە عەرەبی، مصلح عبدالقهار عبدالله ایرواني) لە کانووی یەکەمی ساڵی 1975 لە شاری لەنگرودی باکوری ئێران لە دایک بووە. باوکی، عەبدولقەهار عەبدوڵڵا ئیروانی، یەکێک بووە لەو مەلایانەی کە لە ساڵی 1970 یەکێتی زانایانی ئایینیان دامەزراندووە. لەو چەند ساڵانەی بەر لە چوونە قوتابخانەی لە ئێران ژیاون و باوکی کارمەندی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی ئەو شارە بووە. لە تەمموزی 1980 دەگەڕێنەوە کوردستانی عێراق و لە ئۆردوگای قوشتەپەی باشووری هەولێر نیشتەجێدەکردێن. هەر ئەو ساڵە لە تەمەنی کەمتر لە پێنج ساڵیدا دەچێتە قوتابخانەی سەرەتایی. ئەگەرچی بە سەرکەوتوویی ساڵەکە بەڕێدەکاتەوە، بەڵام ساڵی دواتریش لەسەر داوای باوکی دیسانەوە لە پۆلی یەکەم دەیهێڵنەوە بە پاساوی ئەوەی کە بچووکترین منداڵی پۆلەکەیەتی و جیاوازیی تەمەنی لەگەڵ هاوپۆلەکانی زۆرە.
لە ساڵی کۆتایی تەمموزی 1983، باوکی بەر هەڵمەتی ئەو دەستگیرکردنە گشتییە دەبێتەوە کە بەرامبەر بە ڕەگەزی نێری سەرو 13 ساڵی دژی بارزانییەکان ئەنجام درا و دواتر شوێنبزر کران. ئەو ڕووداوە وەکو زۆربەی خێزانە بارزانییەکانی تری لە دیوی عێراق مابوونەوە ژیانی خێزانیانی تووشی مەترسی و خۆحەشادران کردنەوە کە تا دوای ڕاپەڕین وەک مۆتەکە بەدوایانەوە بوو. لەناو خێزانەکەیان برایەکی تر و چوار خوشک هەبوون کە دایکیان خاتون عوسمان ئەحمەد سەرپەرشتی دەکردن.