ڕواندز یەکێکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان-ئێراق، لە ناوچەیێکی شاخاوی هەڵکەوتووە، لەبەری ڕۆژهەڵاتی بەسەر خەرەند دادەڕوانێت و لەبەری ڕۆژاواش خارەڕەش. بە چیاکانی زۆزک و هەندرێن و ئارموشە و کۆڕەک دەورە دراوە، بە دووری (104) کم دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری #هەولێر#.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەم شارە لە سەردەمی (ئۆراتوو) یەکاندا بنیاتنراوە، لە سەدەی (8پ.ز) پایتەختی دەوڵەتی (مەساسیر) بووە.
ڕۆژانی فەرمانڕەوایی میر محەمەد (پاشای گەورە) (1813-1836ز) بە ماوەی زێڕینی ئەم شارە دادەنرێت، کە لەم ماوەیەدا پایتەختی میرنشینی #سۆران# بووە و بووە بە ناوەندێکی بەهێزی بڕیاردان و بازرگانی و زانست و زانیاری. دەسەڵاتی ئەم میرنشنە زۆر بەهێز و فراوان بووە و تا زێی بادینان و دەشتی #شارەزوور# و #موسڵ# و چەند ناوچەیێکی دیکە ڕۆیشتووە. هەر لەو سەردەمەشدا کارگەیێکی چەک و تەقەمەنی تێدا دامەزراوە و وەستا ڕەجەب سەرپەرشتی ئەو کارگەیەی کردووە و تۆپی باشی درووستکردووە و ئێستاش ناوبانگیان هەیە و هەندێکیان ماوون.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2897/0016.JPG=KTML_Photo_Alt=رواندز=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2009/2897/0016.JPG=KTML_Photo_End=
دوای ڕووخاندنی میرنشینی سۆران لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکراوە.
ساڵی 1916 ڕووسەکان ئەم شارەیان داگیرکردووە و سووتاندوویانە، لە ساڵی 1918 ئینگلیزەکان هاتوونەتە ڕواندز، دواتریش دووبارە تورکەکان لەسەر داوای خەڵکی ڕواندز هاتوونەتەوە ئەم شارە و ئینگلیزەکانیان دەرکردووە.
لە ساڵی 1923 لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە کراوە بە شارۆچکە، (سەید تەهای شەمزینی) بووە بە قایمقام و لەو ماوەیەدا ڕواندز پێشکەوتن و گەشەسەندنێکی بەرچاو بەخۆیەوە بینیوە.
بەڵام دواتر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، بەهۆی جموجووڵ و چالاکی و زیادبوونی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا و بەمەبستی پەراوێزخستنی شارەکە، لە ساڵی (1981) لە شارۆچکەوە کراوە بە شارەدێ، لە ساڵی (2009) لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دووبارە کراوەتەوە بە شارۆچکە.
لە ساڵی (1925) حسێن حوزنی موکریانی، چاپخانەی (زاری کرمانجی) هێنیاوەتە ڕواندز و ساڵی (1926) گۆڤاری (زاری کرمانجی) دەرکردووە.
لە ساڵی (1926) یەکەمین قوتابخانەی فەرمی لە شاری #ڕواندز# کراوەتەوە.
لە ساڵی 1974 لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە وێران دەکرێت و دووبارە ڕواندز ئاوەدان دەکرێتەوە، واتە دوو جار ڕواندز وێران و کاول کراوە جاری یەکەم لە سەردەمی ڕووسەکان (عروس) ، جاری دووەم لەلایەن حکومەتی ئەوسای ئێراق.
لە ساڵی (1977) کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی تێدا دامەزراوە، خزمەتێکی بەرچاوی پێشکەش بە هونەری کوردی کردووە و دیارترینیان کار و چالاکییەکانی تیپی مۆسیقای پاشای گەورەیە، بەسەرپەرشتی مامۆستای گەورە زرار محەمەد مستەفا
، کە چەندین هونەرمەند و موسیکژەنی بەتوانای پێگەیاندووە و ئەمڕۆ خزمەتی هونەری کوردی دەکەن.
لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی باشووری کوردستاندا دەور و بەشداری هەبووە، لە ساڵی 1983 و ساڵی 1987 دژی دامودەزگایەکانی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕیون، لەم ڕێیەشدا چەندین قوربانی و شەهیدی داوە و خاوەنی 13 ئەنفالە.
ناوچەیێکی گەشتیارییە و چەند هاوینەهەوار و سەیرانگە و شوێنەوارێکی هەیە، لەوانە: (بێخاڵ، جوندیان، گەلی ئاکۆیان، مەکێ، بێرۆیان، ئیچ قەڵا، قونگرەی شەمام، قەڵاتی ئاکۆیان، تۆپی وەستا ڕەجەب، ...) .