لە سەرەتای ساڵی 1972ـەوە دەستی داوەتە نووسین، تا ئێستاش 12 کتێبی چاپکراوی هەیە، ئەندامی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد و ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بوو.
ماوەیەکی زۆربوو خەریکی کارکردن بوو لە ئامادەکردنی گۆڤاری "میتۆلۆژیا" کە گۆڤارێکی تایبەتە بە بواری ئەفسانە و میتۆلۆژیا، لە هەمان کاتدا خۆی خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەری گۆڤارەکە بوو، بەڵام ئەو خەونەی نەهاتە دی.
ئەنجوومەنی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان دڵگرانی خۆیان بۆ کۆچی دوایی نووسەر نیشانداوە کە ڕاوێژکاری کلتووری بوو لەو دەزگایە.
خالید جوتیار لە ساڵی 1953 لە گوندی کەندێناوە لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە گوندی لهێبان تەواو کردووە، خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەولێر تەواو کردووە، لە ساڵی 1976 بەکالۆریۆسی لە بەشی کوردی زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
تا ئێستا 12 کتێبی چاپکراوی هەیە، کە بریتین لە: "بەرەو فۆلکلۆر"، ئەمیندارێتی گشتی ڕۆشنبیری و لاوان، چاپخانەی حەوادپ، بەغداد 1984، "فۆلکلۆر"، گۆڤار، سێ ژمارە، 1983، "پیاسەی ئێوارانی هەولێر"، 1998، "داستانی قەڵای دمدم"، 1999، "تارمایی ئەفسانەی کوردی"، 2001، "سەمای ئەجندان"، حەکایەت و لێکۆڵینەوە، بڵاوکراوەکانی کتێبفرۆشی سۆران/ هەولێر، چاپخانەی سیما، سلێمانی 2006، "دڵم دایمەن لە هەولێرێ"، 2003، "تراژیدیای کەرایەتی"، زامداریات، 2001، "دیۆ"، کۆمەڵە حەکایەت، 2006، "دەشتی هەولێر"، پەندو ڕازی شیرین، کتێبی گیرفان، وەزارەتی ڕۆشنبیری، چاپخانەی ڕۆشنبیری، هەولێر 2005، "بۆنی بێگانان دێ"، دەزگای موزیک و کەلەپووری کورد، چاپخانەی موکریانی، چ1، هەولێر 2008.
رۆژی 24-12-2009 لە هەولێر بەهۆی نەخوشییەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.