شارۆچکەی #مەخموور#، سەر بە پارێزگای #هەولێر#ە و لە لە 3 شارەدێی (قەراج، گوێر، کەندێناوە) پێکهاتووە هەروەها 203 گوند لە خۆ دەگرێت و ڕێژەی دانیشتووانی نزیکەی 200 هەزار کەسن.
پێگەی جوگرافی شارۆچکەی مەخموور:
لە ڕووی جوگرافییەوە مەڵبەندی شارۆچکەی مەخموور بەدووری (55) کم دەکەوێتە ڕۆژاوای پارێزگای هەولێر، لە باکوورییەوە شارۆچکەی دەشتی هەولێر و خەباتە و لە باشوورییەوە ڕووباری دیجلەیە، ڕۆژهەڵاتی زێی بچووکە و ڕۆژاوای زێی گەوەرەییە. دووری لە شارەدێی گوێر (53) کم، لە شارەدێی قراج (14) کم، لە شارەدێی #دیبەگە# (30) کم، لە شارەدێی مەلاقەرە (28) کم، لە شارەدێی گیارە (28) کم لەلای ڕۆژاوای شرقات (60) کم دوورە لە لای ڕۆژهەڵاتیشی شارۆچکەی مەخموور شارەدێیی سەرگەران هەیە بە دووری (55) کم، لەگەڵ پارێزگاکانی (موسڵ -#کەرکووک# -تکریت) هاوسنوورە. چیای قەرەچووغ دەکەوێتە ناوەڕاستی شارۆچکەکە و زورگەزراویش دەکەوێتە لای ڕۆژهەڵاتی باکووری. شارۆچکەی مەخموور خاکێکی بە پڕشت و پیتی هەیە لەروی کشتوکاڵییەوە بەتایبەت بۆ (گەنم و جۆ) کە لەسەر ئاستی کوردستان و ئێراق بە پلەی یەکەم دێت، هەر بۆیە یەکەم و دووەم گەورەترین سایلۆ لەسەر ئاستی کوردستان و ئێراق لە مەخموور درووستکراوە.
مەخموردەکەوێتە سەر هێلی (35) پانی و (43-44) درێژی و ئاوهەواکەی گەرم و ئاوی ژێر زەوی ناسازە و ناشێت بۆ خواردنەوە، بۆیە لەسەرچاوەی زێی گەورە لە پڕۆژەی ئاوی (سوڵتان عەبدوڵڵا) و دەمارەشیرینی کەندێناوە لە گوندی (گاوەرە) ئاو بۆ مەخموور دابین کراوە. بۆ شارەدێی قەراجیش لە زێی گەورە لە پڕۆژەی ئاوی (حاجی عەلی) ئاو دابینکراوە لەگەڵ پڕۆژە ئاوی گوندی (دووانزە هەوار) . بۆ دیبەگەش لە پڕۆژە ئاوی دیبەگە لە گوندی منارەی دەشتی مرکیە ئاو دابینکراوە. بۆشارەدێی گوێڕیش لە زێی گەورە ئاو دابینکراوە.
ناوی شارۆچکەی مەخموور لە چییەوە هاتووە:-
وشەی مەخموور لە مغمور وەرگیراوە بەهاران بە گوڵی جوان و ڕەنگا و ڕەنگ دەردەکەوێت هەروەها هەندێکیتر دەڵێن لە مەرغ موور هاتووە بەواتای تەیرو توار، بۆچوونێکی تریش هەیە کە دەڵێن لە مەغمور هاتووە واتا شوێنێکی نزم، بەڵام پەسەندترین بۆچوون ئەوەیە کە دەڵێت لەوشەی (مەخمەر) یان (مەخمەل) هاتووە بەواتای بەهاران وەکوو پارچە قوماشێکی مەخمەری دەردەکەوێت.
شایەنی باسە برایماغای دزەیی یەکەم حاکمی مەخموور بووە تاوەکوو ساڵی 1920 لە دوای کۆچی دوایی ئەو کوڕەکە مشیر ئاغا بووەتە حاکمی مەخموورو کۆمەڵێ گۆڕانکاری باشی ئیداری لە ناوچەکە ئەنجامداوە و یەکەم قوتابخانەش لەسەر دەستی ئەو لە ساڵی 1923 درووستکراوە. و یەکەم قایمقامی مەخموور (عەبدولڕەحمان سەعید بابان) بووە.
شارۆچکەی مەخموور زەویەکی زۆر بەناوبانگی هەیە بۆ جاندنی گەنم و جۆ کە زۆر شیاوە بۆ بەروبوومی کشتوکاڵ
شارۆچکەکە لە دوو دەشتی سەرەکی فراوان پێکدێت (قەراج و کەندێناوە) لەگەڵ بەشێک لەدەشتی شەمامک کە ناوەندی شارۆچکەکە کەوتووەتە بەری قەراج و پتر لە 210 گوند لەخۆ دەگرێت. سنووری شارۆچکەی مەخموور جیا لەوەی ناوچەیەکی دەوڵەمەندی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریە، هاوکات لە ڕووی بەرهەمە بیناسازی و نەوتییەکانیش دەوڵەمەندەو بەتایبەت لە شارەدێکانی دیبەگە و قەراج بەدەیان بیرە نەوت هەیە و پاڵاوگەی (خورمەلە) ش کەوتووەتە دیبەگە کە نەوت لە ڕێگەی کەرکووکەوە بەرەو بەندەری جیهانی ڕەوانە دەکات.
بەشێوەیەکی گشتی ڕوبەری شارۆچکەکە (352، 000) دۆنمە و ڕێژەی 8ی کۆی گشتی ڕووبەری پارێزگای هەولێر پێکدێنێت. ڕووبەری شارۆچکەی ناوەندیش (880) کم2. شارۆچکەی مەخموور سێ شارەدێ لەخۆ دەگرێت ئەوانیش (1. قەراجباقرت -2. گوێڕ-3. کەندێناوە دیبەگە) .
هاوکات کەمپی کوردەکانی باکووری کوردستان لە بەری خۆراوای شارۆچکەی ناوەندی بەدووری 3کم نیشتەجێن و لە ڕووی کارگێڕیەوە سەربە مەخموورن و لەلایەن کۆمیسیۆنی بالای پەنابەرکان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی هەرێم سەرپەرشی دەکرێن. کە وەک ئیدارەیەکی گشتی بەڕێوەبەر و فەرمانگەی هەیە و نزیکەی (12000) دوانزە هەزار (سڤیل) ی تێدادەژیت کە لە ساڵی 1997وە لەو شارۆچکەیە نیشتەجێن.