شنگال شارێکی کوردییە و دەکەوێتە خۆراوای کوردستانی باشوور، ئەم شارە سەر بە پارێزگای نەینەوایە، 120 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵ دوورە. شارەکە پێگەیەکی ستراتیجی گرنگی هەیە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی سووریا دەکەوێتە نێوان چوار شارۆچکەوە ئەوانیش (ڕەبیعە، عیاز تەلەعفەر و قیروان) .
شاخی شنگال گرنگییەکی زۆری بۆ شارەکە هەیە ئەم شاخە دەکەوێتە بەشی پشتەوەی شارەکە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی سووریا و بەتایبەت دەکەێتە نێوان شاری حەسەکە لە سووریا و پارێزگای نەینەوا لە ئێراق، بەرزی ئەم شاخە بەنزیکەی 1400 مەترە.
$ناوی شەنگال لە چییەوە هاتووە؟$
بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن ناوی شەنگال لە دوو بەش پێک هاتووە (شەنگ) واتە جوان، (ال) واتە بەش، کۆی ناوی شارەکە (شەنگال) واتە بەش یاخود ناوچەیەکی جوان، وەک ئاماژەیەک بۆ سرووشت و جوانی شاری شەنگال و چیای شەنگال.
$مێژووی شاری شەنگال$
مێژووی شاری شەنگال دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ، ئەم شارە بەهۆی پێگەی گرنگی بەدریژایی مێژوو جێگای ناکۆکی هێزەکانی ناوچەکە بووە چەندین جار ڕووبەڕوی ڕووخان و خاپورکردن بووەتەوە.
ئەم شارە لە ساڵی 1075 لەلایەن تەیموری لەنگ ئیمپڕاتۆری مەغۆلەکان هێرشی کراوەتەو سەر 35 هەزار خانووی شارەکە ڕوخێندراوە. لە ساڵی 1516 لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە داگیرکراوە لەو ڕۆژەوە بووەتە جێگای ناکۆکی نێوان عوسمانییەکان و سەفەویەکان کە ئەم ناکۆکی و ململانێیە بۆ چەندین ساڵ لە شارەکەدا بەردەوامی هەبووە.
لە ساڵی 1915 لە کاتی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ئەم شارە لەلایەن تورکەکانەوە ڕووبەڕوی هێرشکردن بووەتەوە. لە ساڵی 1935 لەلایەن سوپای ئێراقی مەلیکی هێرش کراوەتە سەر شارەکە. لە ساڵانی حەفتاکاندا لەلاین ڕژێمی بەعس شاڵاوەکانی بەعەرەبکردن و ڕاوەدونان لە شەنگال دەستی پێ کردووە، بەتایبەت لە دوای ساڵی 1975 بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شارەکە ڕوخێندراون و دانیشتووانەکەی لە ئۆردوگای زۆرەملێدا نیشتەجێکراون.
لە ساڵی 1977دا بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون، بەشێکی دیکەشیان بۆ مانەوە لە شارەکەدا ناسنامەی نەتەوەی خۆیان گۆڕیوە.
شاڵاوەکانی ڕاوەدونان و بە عەرەبکردن تا ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەردەوامی هەبووە ژمارەیەکی زۆر لە گەڕەکەکانی شارەکە ڕوخێندراون گەڕەکی نوێ بۆ هۆزە عەرەبە هاوردەکان درووستکراوە.
دواین شاڵاوی ڕووخان و داگیرکاریش لە شارەکەدا لە 3ی ئابی ساڵی 2014 بووە، کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرش کراوەتە سەر شارەکە، بەگوێرەی ئامارەکان لەو هێرشەدا 430چوارسەد و سی هەزار هاووڵاتی ئێزیدی ئاوارە بوون لەو ژمارەیە 140سەد و چل هەزار هاووڵاتی ڕویان لە شاخی شەنگال کردووە و 290 دوو سەدو نەوەد هەزار ڕویان لەشارەکانی هەرێمی کورستان و تورکیا کردووە.
هەر لەو هێرشەدا 18000 هەژدە هەزار و هەشت سەد هاووڵاتی دووچاری کوشتنی بەکۆمەڵ بوونەتەوە 3000 سێ هەزار کچ و ژن و منداڵ ڕفێنراون کە تا ئێستا بەشێکیان لەژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدان.
لەو شاڵاوەدا 14 پەرستگا و مەزاری ئایینی پیرۆزی ئێزیدیەکان ڕوخێندراوە.
$ژمارەی دانیشتووان$
بەپێی ئامارەکان ژمارەی دانیشتووانی شەنگال لە ساڵی 1947 دا 2 هەزار و پێنج سەد و سیازدە هاووڵاتی بووە، شارەکە لە 6 سەد ماڵ پێکهاتووە بەسەر سێ گەڕەکدا دابەش بووە ئەوانیش (سەراوبورج، کەلاهی و بەرسەهی) . بە گوێرەی سەرژمێری دانیشتووانی ئێراق لە ساڵی 1957 ژمارەی دانیشتووانی شەنگال 3 هەزار و سێ سەد و چوار هاووڵاتی بووە ژمارەی خانوەکانی شارەکە 7 سەد و شەست و پێنج خانوو بووە، لە ساڵی 1965 ژمارەی دانشتوان بۆ 4 هەزار و چوارسەد و سێ هاووڵاتی زیادی کردووە، بەهۆی پڕۆسەی بەعەرەب کردن و هێنانی هۆزی عەرەب بۆ شارەکە ژمارەی دانیشتووانی بەشێوەکەی بەرچاو زیادی کردووە لە ساڵی 2012 دا ژمارەی دانیشتووانی 113 هەزار سەد و پەنجا و نۆ هاووڵاتی بووە.
$ئایین و نەتەوە$
دانیشتووانی شەنگال پێک دێت لە (کوردانی ئێزیدی، عەرەب کلدان و ئاشوری) .
ئێزیدیکان، گرووپێکی ئایینین بەشێکی زۆریان لە شاری شەنگال و دەوربەری موسڵ نیشتەجێبوون.
ئیزیدیەکانی شاری شەنگال کە بەشی زۆری دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن بە زمانی کرمانجی ژوورو دەدوێن و سروت پەرتووکە ئایینیەکانیان بە زمانی کوردییە.
مەزاری پیرۆزیان پەرستگای (لالش) ە دیارترین کەسایەتیان میر تەحسین بەگە.
بەشێکی دیکەی دانیشتونی شارەکە لە عەرەب و نەتەوەکانی تر لە پەیڕەوانی ئایینی کریستیانن.[1]