هاوینەهەواری سەڵاحەدین یا پیرمام یا سەربەن ئەم شارۆچکەیە بەم هەموو ناوانە ناو دەبردرێت، مەسیف لە ڕوی جوگرافیەوە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە دوری نزیکەی 28 کم، کە دەکاتە خواروی ڕیزەچیای سەرکەشی سەفین لەسەر زنجیرە چیایەک لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا ئەم شارۆچکەیە درووستکراوە، هەر چەندە مێژوی ئاوەدانکردنی ئەم شارۆچکەیە بۆ ئەوەندە دور ناگەرێتەوە بەڵام لە شوێنەوارەکانەوە ئەوە دەسەلمێنرێ کە ئەم ناوچەیە لە دێرزەمانەوە هەردەم لەلایەن دەسەڵاتی زال لەو ناوچەیە بایەخی پێدراوە، بۆ نموونە وشەی پیر لە چەند مەزارگەیەک نراوە کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەم ناوچەیە لەلایەن ئێزدیەکانەوە ڕۆژانێک ناوچەیەکی پر بایەخ بووە چونکە وشەی پیر کە نازناوی چینێکی ئایینی ئێزدیەکانە وەکوو (چینی شێخ و پیر ومرید) کە پیرمام یەکێکیانە و پیرمروان و پیر ئەبوبەکر یش نموونەی ترن ئەمانە هەموویان مەزارگەن لە مەسیف ودەوروبەری، دیارە دواتر کە دەسەڵاتی ناوچەکە دەکەوێتە دەست ئایینخوازانی موسوڵمان ئەوەتا دەبینین چەندین مەزارگەی پیاوچاکانی ئەوانی لێیە وەکوو شێرەسوار لە گوندی حوجران شێخ جافر لە زیارەت و سەیدی بێسەر لە قیرژەو خەلیل وجەلیل لە شیناوەو شێخ پیرمام لە مەسیف وپیرئەبوبەکر لە شێخ مەمودیان شێخ مراد و مەلا وەسمان لە ئاژگە و شێخ یونس و دادە ڕابعە لە گلیاوە و شێخ حسێن وسید ئەحمەد لە سێوەکە و حەسەن مقسوود لە زرگوز، هەروەها بۆ سەردەمی دواتر کاتێک نەتەوەخوازەکان دەسەڵاتی ناوچەکە دەگرنە دەست ئەوانیش لە گرووپەکانی پێشویان کەمتر بایەخ بەم ناوچەیە نادەن ئەوەتا قەڵای دێوین وقەڵای دێرێ وقەڵای بانەمان نیشانەی ئەوەن کە پادشای کۆرە لە ڕێگەی ئەم قەڵایانەوە دەسەڵات لەو ناوچەیە کۆنترۆڵ دەکا. بۆ سەردەمی دوای ئەوان بگەرێینەوە دەبینین لە ساڵەکانی سییەکانی سەدەی بیستەم کە بە مێژوی ئاوەدانکردنەوەی مەسیف دادەنرێ کاتێک ڕێگای هاملتۆن درووست دەکرێت کە هەولێر بە خالی سنووری حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە دیارە بەسەر ئەم چیایە تێپەردەبێت ئەوسا لە سەردانێکی پادشای ئەو سەردەمی ئێراق کە پادشا فەیسەل دەبێت ناوبراو ئارەزوی گەشتوگوزار بووە کاتێک بەم شووێنەدا ڕەت دەکات دەبینێ ئاو و هەوای ئەم چیایە لە دەوروبەری جیایە هاوینی فێنک وزستانی پر لە بەفرە ئەوەی ئەو کات لە مەسیف بوونی هەبوو تەنیا کوپەیەک ئاوبوو کە خێرەومەندێک لەسەر قۆپی ئەو چیایەی بۆ خێری خۆی دانابوو کە دەکاتە تەنیشت گۆرستانی شێخ پیرمام ی ئێستا دواترخیوەتێکیان بۆ چەند پۆلیسێکی دارستان هەلدا تا پاسەوانی لەم ڕێگایە و دارستانە چرەکەی بکەن، چونکە خەڵکی کاروانچی کاتێک بۆ کاری کاروانی بەم شوێنەدا تێپەریان دەکرد مەترسی ڕێگریان هەبوو بە تایبەت ئەوکەسانە کە لە خۆشناوەتییەوە ترێ وهەناریان بۆ ناوچەی گەردیایەتی ودەشتی هەولێر دەبرد لەوێش بە گەنم وجۆ ئالوگۆریان پێ دەکردن ئەو خیوەتەش لە شوێن بنکەی پۆلیسی ئێستا بوو نزیکترافیک لایتی ئێستا، دواتر بنکەی پۆلیس بە فەرمی لە قەڵای بانەمان دانرا، ئەو کاتە لۆفەکانی مەسیف و لوتکەکەی وەکوو دارستانێکی چر وابوو بە دار بەرو داپۆشرابوو هەر بۆیەش کاتێک خەڵکی گوندەکان بەتایبەتیش خەڵکی گەلیاوە دەچونە مەسیف کە ئەوکات بە سەربەن دەناسرا دەیان وت دەچینە ناوداران ئەم ناوە دواترو تا سەردەمانێکی نزیکیش لەلایەن خەڵکی ناوچەکە هەر بەکار دەهێنرا، بۆ ئەوەی لەم بازنەیە دەرنەچم حەزدەکەم بنچینەی ناوەکانی تریشتان بۆ شی بکەمەوە:
سەربەن کۆنترین ناوی مەسیفە لە بنەڕەتدا بەمانای سەربانی دێت کە دەکاتە سەربانیی چیای پیرمام یترزاراوەی سەربانی قوورسبوە وگۆران لە بەکارهێنانی دا ڕویداوە تا بووە بە سەربەن، لەلایەن خەڵکانی ڕەسەنی مەسیف ئەم ناوە تام وچێژی تایبەتیی خۆی هەیە.
پیرمام، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناوی ئەو پیاو چاکەی کە ژیانی لە دۆلێک لە دۆلەکانی دەوروبەری مەسیف بەسەر بردووە کە ئێستا بە گەلی پیرمام دەناسرێ و دوای مردنیشی لە مەسیف دەنێژرێ وئەم چیایەش بەناوی ئەو دەکرێت و دەناسرێ.
سەڵاحەدین، ئەم ناوە لە سەرەتاوەبە فەرمی بەسەریدا دەسەپێنراوە، دەکرێت بلێین پادشای ئێراق خۆی ئەم ناوەی هەلبژاردوە هەندێک ئەوناوە بۆ سەڵاحەدینی ئەیوبی دەگەرێننەوە بەڵام من بەراستی نازانم.
دیارە دەمێنێتەوە بلێین مەسیف لەچییەوە هاتووە ؟ دوای ئەوەی سەربەن بە فەرمی بە سەڵاحەدین دەناسرێ و وەکوو شارێکی گەشتوگوزاری دێتە ناسین دەبێتە هاوینەهەواری سەڵاحەدین بە عەرەبییەکەش دەکاتە مسیف سەڵاح الدین، بەهۆی زال بوونی دەسەڵاتی عەرەبی دیارە وشەی مەسیف کە کوورت کراوەی مسیف سەڵاح الدینە دەبێتە پلەیەکی ناوەکانی.
بەهەرحال ئەوەبوو ئیتر پادشا بڕیار دەدا لەم شوێنە کۆشکێکی بۆ درووست بکەن کە تا دوای مردنیشی لەناو خەڵکی ڕەسەنی شارەکە هەر بە قەسری مەلیک دەناسرا دواتر بوو بە ئوتێلی سەڵاحەدین و ئێستاش کراوەتە بارەگای پارتێکی کوردستانی، دوای ئەوەی کۆشک بۆ پادشا درووست دەکەن بۆ تەها پادشا ش کە سەرۆکی وەزیران بوو خانوویەک لە سەروتر درووست دەکرێت کە لە ساڵانی شەستەکان ئاغایەکی ناوچەکە بەناوی کەریم ئاغا دەستی بەسەردا گرت ئێستاش نەوەکانی تێدا نیشتەجێن، بەڵام شوێنەواری نەماوە، دوائەمە خانوویەک بۆ عەبدوڵڵالە یش درووست دەکەن کە (وسی) بوو بە قەسری وەسی دەناسرا ئەمە ئیتر وای کرد بڕیاری ئەوە بدرێت بکرێتە ناوچەیەکی گەشتوگوزاری. دواتر چەند خانوویەک بۆ کرێکارو فەرمانبەران درووست دەکرێت بەدوای ئەمە سینەمایەک وخانو بۆ گەشتوگوزار و ئوتێلێک بەناوی ئوتێل پیرمام و دوکانێک کە بەناوی دوکانی حاجی پیرە دەناسرا ومزگەوتێک لەلایەن خانەوادەی عەتار باشی لە 958 درووست دەکرێت و گازینۆیەک بە ناوی گازینۆی پیرمام و چێشتخانەیەک بەناوی چێشتخانەی شعبی و چایەخانەیەکیش بە چایەخانەی عومەر چایچی دەناسرا دوای ئەمە ئوتێلێک بەناوی ئوتێل پیرمام ئیتر هێدیهێدی دەزگاو ڕابواردگەی وەکوو مەلەوانگە و مەیدانی تێنس وشتی لەم بابەتە درووستکراو ئیتر دوای پەنجاکان خەڵکی بۆ کاسبی وکرێکاری بە لێشاو ڕویان تێکرد بەتایبەت خەڵکانی گوندی گەلیاوەو کۆرێ وئاژگەو زرگوز ودەوروبەری هەروەها چەند خێزانێکی عەرەب لە ڕێگەی فەرمانگەی گەشتو گوزار وەکوو فەرمانبەر کرێکار لەوێ نیشتەجێ بوون، چونکە ئەوکات گەشتو گوزار سەربە دامەزراوی هێلی ئاسنین بوو لە وەزارەتی هاتوچۆ.
زۆربەی ئەو خەڵکانەی نیشتەجێی گوندەکان بوون دوای تەواو بوونی کارەکانیان هەر بە پیادەو کەروباربۆ مالەکانیان دەگەڕانەوە تەنیا هەندێک نەبن ئەوانەی کە لە دور هاتبوون هاوینان کەپریان لە گەلای بەرو وگیا درووست دەکرد تێدا دەمانەوەو زستانانیش مەتبەخی خانوەکانی گەشتوگوزاریان پێدەدان هەم چاوێکیان لە خانوەکە دەبوو هەم بۆخۆشیان زستانان لەسەرماکە ستر دەبوون، دوای نەمانی پادشاو دەسەڵاتی کۆماری ڕژێمەکانی یەک لە دوای یەک بۆچەند مەرامێک ئەم ناوچەیان بەکار هێناوەو گرنگیان پێیداوە لەوانە لەروی ستراتیژیی سەربازی کە لوتکەی سەرێ ڕەش یان بۆ کۆنترۆڵ کردنی دەوروبەری بەکار دەهێنا هەروەها بەهۆی جیاوازی کەشوهەوای وەکوو ناوچەیەکی گەشتوگوزار خستە گەر کە چەندین پڕۆژەی گوزاریان لێ بە ئەنجام گەیاند لەوانە کردنەوەی چەندین میوانخانەی گوزاری وخانوی گوزاری بۆ کرێ ومەلەوانگەو گازینۆ هەم لە مەسیف هەم لە سەرێ ڕەش وێرای کارە خزمەتگوزاریەکانیان هەولی زۆریاندا سیمای شارەکەمان بگۆرن لە ڕێگەی گۆرین و سەپاندنی ناوەکان لەوانە سەربەن یان لێ کردین بە سەڵاح الدین سەرێ ڕەش یان لێکردبوینە (القمە الجنوبیە) بەڵام بەتەقەڵای دلسۆزانی خەڵکی ناوچەکە هەولەکانیان نەزۆک بوون. ئیتر دوای ڕاپەڕینیش ئەم شارە قارەمانە باوەشی بۆ خەڵکانی ئاوارەی ئێران کردەوەو بە سەدان خانەوادەی کوردی لێقەوماو ڕویان تێکرد و تیای حەوانەوە.
دەسەڵاتی مەسیف بەر لە ڕاپەڕین ئەم ناوچانەی دەگرتە خۆ
لە باکوورەوە لە بناری چیای سەفینەوە لە گوندی خۆران بەرەو خوار بۆ گوندی قەڵاسنج و حوجران وگردەچال تا ڕۆژاوا بۆ شێخ مەمودیان و وسومەلیان لە خواروشیەوە ڕوباری بەستۆرە سنووریەتی تا دەگاتە ڕۆژهەڵات کە دەربەندی گۆمەسپان وگراون، تا بەر لەراپەرین کۆی گوندەکانی سەربە مەسیف 76 گوند بوون کە بریتی بوون لە
و گوندانەی لە خوارەوە لەتەک نەخشەی سەربەن نووسراون:-
1-شێخان 2-بەربیان 3-هەرشەم 4-دێرەسەروکانی 5-ئەلماوان 6-زرگوز 7-درەش 8-پەرپیتان 9-کەپران 10-میرانخور 11-ئاژگە 12-قەپەکیان 13-قەرەقاجین 14-زەرواو 15-ڕەشوان نوور و 16-گردی ماوان 17-مام خالان 18-ڕەشوان یوسف 19-خالوان 20-گردمامک 21-کەورسۆر 22-گۆپال 23-وسوملیان 24-گەرودەلالان 25-مەنداوە 26-چەمەبەگەز 27-چرە 28-سەرسول 29-هەبابان 30-کودەریان 31-جەرگەزەوی 32-شیوەپەلک 33 -باوەخەلان 34-کاوانیان 35-تلبەزەرد 36-پانکان 37-دێوین 38-سولێ 39-شێخ مەمودیان 40-زێبارۆک 41-زیارەت کۆرێ 42-کۆرێ 43-گردەچال 44-حوجران 45-تەوسکە 46-قەڵاسنج سەرو 47-گۆرەشێر سەرو 48-مەڵبەندی مەسیف 49-بیرێژ 50-سێوەکە 51-دۆنگزاوە 52-گراوی سەرو 53-گراوی ڕۆژاوا 54-هەنارە 55-بناو 56-گۆمەسپان 57-دەربەند گۆمەسپان 58-سارتکە 59-قیرژەی ڕۆژهەڵات 60-قیرژەی ڕۆژاوا 61-گراو ڕۆژهەڵات 62-قیرژەی خوارو 63-گۆرەشێری خوارو 64-قەڵاسنجی ڕۆژاوا 65-قەڵاسنجی ڕۆژهەڵات 66-قەڵاسنج خوارو ناوەڕاست 67-خۆران ڕۆژاوا 68-خۆران ڕۆژهەڵات 69-حاجی ئەحمەد 70-سۆرەبان 71-..72-گەریاوە 73-حاجی ئۆمەر 74-... 75-بانەمان 76-توە.
ئەوخانەوادە و کەسایەتییانەی وێرای خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر بەشداریان لە ئاوەدانکردنەوەی سەربەن کردووە جگە لە خەڵکی گوندەکان کە خێزانیان لەوێ نیشتەجێ نەدەکرد چونکە ڕۆژانە یا وەرزانە هاتوچۆیان دەکرد بەتایبەتیش خەڵکانی گوندی گەلیاوەو ماوەلۆ کە زەویەکانی ئەو ناوچەیە (مەسیف) یا پاوان یا ڕەزی ئەوان بوون بۆ خزمەت کردنی ڕەزەکان ولەوەراندنی مەرو مالاتەکانیان هامشۆیان دەکرد وەکوو نیشتەجێبوون سەرەتا ئەم خێزانانە لەم شارە جێگیر بوون و بە پێی زنجیربەندیەکە کە لە خوارەوە ئاماژەمان پێیداوە:یەکەم خێزان فەتاح مەجید حەمەدەمین ئاغا دەبێت دوەمیان: خدرحمد شێخ وەسانی باوکی عەبدولخالق سێیەمیان: مەحمود خۆرانی و چوارەمیان: عومەر میکائیل عومەر ناسراو بە عمێ هەرکی و پێنجەمیان: ملا عومەر سەعید و دواتر مستەفا قەساب و خلیفە حمد و دواتر عوسمان وەستا حەسەن ناسراو بە عوسمان چاوشین ئیتر لە دوای ساڵەکانی پەنجاوە خەڵک بە مەبەستی کارکردن بە لێشاو ڕوی تێدەکەن ئەمە سەرباری ئەوەی خەڵکانی گوندەکانی دەوروبەر بەتایبەتیش گەلیاوە هەروەکوو پێشتر ئاماژەمان پێداوە بۆکارکردن وبەخێو کردنی مەرومالات ورەزو باخاتەکانیان هاتو چۆیان دەکرد کە تا ئەم دواییەش شوێنەواری ڕەزەکانیان مابو.
شیاوی باسە بلێین یەکەم موختاری مەسیف (حسێن کەریم سلیم) دەبێت یەکەم قوتابخانەش لە ساڵی خوێندنی 1956-1957 دەبێت کە خوێندن لە خانوویەکی گوزاری بەڕێوە دەبرێ کە پێی دەوترا خانوی ژمارە 4 دواتر ئەم خانوە لە حەفتاکان کرایە بانکی ڕافدین ئەپارتمانی خوێندنگە بە فەرمی خوێندنگەی سەریرەش بوو دواتر خوێندنگەی سەڵاحەدین ئەمان لە ساڵەکانی سەرەتای شەستەکان درووستکران، یەکەم ساڵی خوێندنی ناوەندی ساڵی خوێندنی 1967 -1968 بوو یەکەم ساڵی خوێندنی دواناوەندیش ساڵی 1971 -1972 بو.
وزەی کارەبا لە مەسیف لە شەستەکان بۆی هات پێشتریش دوو مولدەی وەبەرهێنانی کارەبا هەبوون کە لە پەنجاکانەوە داندرابوون.