ساڵ و شوێنی لەدایکبوون: 2 01-06-1960 ، بەغدا.
پێش نوێژو وتاربێژی مزگەوتی گەورەی #سلێمانی# و بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان.
لەساڵی 1982و لەشەشی ئامادەیی وەرگیراوەو بۆ خولێکی تایبەت بە ناوی پرۆژەی 858ی ئینێات و دوای خوێندن بۆ ماوەی 22 مانگی بێ وەستان لە 01-08-1984 وەکو فەرمانبەرێک بەناونیشان (چاودێر پلە/6) لەپرۆژەی ناوبراو کە سەر بەوزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بوو دامەزراوە.
لەسەرەتای ساڵی 1986 بەهۆی جیاوازی نەتەوەیی و گواستنەوەی ئەم پرۆژەیە لەوەزارەتی ناوبراو بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عیراق لەجێگای کارکردنی لادرا.
دوای ئەوەی پەیوەندیکردووە بە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ەوە لەڕێگەی بەڕێز فەرەیدون عەبدولقادرەوە لەمانگی 6/1986 بەرەو ئێران ڕۆیشتووە، دواتر لەوێوە بۆ پاکستان لەمانگی 9/1988 کە زیاتر لە پێنج ساڵ لەوێدا خەریکی خوێندنی زانستەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بوو.
لەمانگی 4/1996 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەجێگەی باوباپیرانی شێخ مارف-ی نۆدێی و حاجی کاکە ئەحمەدی شێخ وەکو پێشنوێژ لەمانگی 7ی هەمان ساڵ لەمزگەوتی گەورەی سلێمانی دامەزراوە.
دەربەدەری و ستەم بەرامبەر بە نەتەوە چەوساوەکەی و بواری ئیشکردنی بوونەتە فاکتەر کە بەوپەڕی خۆشحاڵی و دڵسۆزییەوە خزمەتی ئایین و گەل و نیشتمانەکەی بکات بەتایبەتی لەبواری دژ بەتیرۆرو توندڕەویی و جیاوازی ڕەگەز.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی 2003 بەشداریکردووە لەچەندین کۆڕو کۆبوونەوە کە لەشاری بەغدا کراوەو ژمارەیەک سەفیرو نوێنەرانی ولاتان و ڕێکخراوی جیاوازی جیهاندا تێدا بەشداردەبوون.
بیروبۆچوونی چۆنیەتی بەیەکەوە ژیان، توانای قسەکردنی بە بەغدادییەکی پاراو، ئینگلیزی، فارسی و هیندی، و ناوداریی شێخ مەحمودی حەفید فاکتەرێک بوون بۆ بانگێشکردنی بۆ ژمارەیەک کۆبوونەوەی دەرەوەی ولات لەلایەن هەندێک ڕێکخراوی جیهانی کە لەولاتانی ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئێران، ئوردن، لوبنان، میسر، نەرویج، دانیمارک، بەریتانیاو ئەمریکا کراوە.
توانیویەتی بەشێک لە بەسەرهات و نەهامەتی میللەتەکەی بۆ بەشداربووان باسبکات و سوپاس بۆخودا کە لەپێنج ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی دۆستایەتییەکی زۆر بۆخۆی و میللەتەکەی دروستبکات و بۆ یەکەمینجار وەکو زانایەکی کورد بووە بە ئەندامی کونسوڵگەری جیهانی ئایینەکان لەپێناوی ئاشتی کە سکرتاریەتی ئەم کونسوڵگەرییە لەبینای ولاتە یەکگرتووەکاندایەو سەرکردەی گشت ئایینە جیاوازەکانی جیهان یان نوێنەرەکانیان لەوێ ئەندامن. بەهۆی ئەم کارە بەسەربەرزییەوە توانی خزمەتی میللەتەکەی بکات بەوەی کە سێ منداڵی کوردی لەوانەی کە نەخۆشی دڵیان هەبوو لێرەدا چارەسەریان نەدەکراو لەتوانای ئابووریی خێزانەکەشدا نەبوو سوپاس بۆخودا توانیویەتی ڕەوانەی کۆریای باشووریان بکات و کاری نەشتەرگرییان بەسەرکەوتوویی بۆ بکرێ بێئەوەی هیچ خەرجبکەن.
سێ دکتۆری ڕەوانەی هەمان ولات کردووە بۆ ماوەی شەش مانگ بۆ خوێندن و سوودوەرگرتن لەباشترین نەخۆشخانەکانی کۆریا بێ بەرامبەر، ئەم کارانە لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراون.
لەمانگی 11/2009، توانیویەتی لەسەر خەرجی تایبەتی پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان (وەکو خێرخوازێک)و بۆ یەکەمینجار 21 وتاربێژی کوردی ماندوونەناس بەرێ بۆ زانکۆی ئەزهەری میسر بۆ بەشداریکردن لەخولێکی تایبەت بۆ بەرەوپێشبردنی وتاری ئایینی کە ماوەی 70 ڕۆژی خایاند، ئەم کارە لەڕێگەی دۆستایەتی و پەیوەندیی تایبەتەوە جێبەجێکردووە. لەو 70 ڕۆژە توانی لەگەڵ مامۆستا بەڕێزەکانی تر کێشەی گەلەکەمان لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی عیراق دەربارەی ناوچە دابڕاوەکان و ماددەی 140و مافی ڕەوای کورد بەزۆرینەی خاوەن بڕیارو ئوستادی زانکۆو ڕۆشنبیرانی میسر بەڕاستی بگەیەنین و بۆچوونیان بگۆڕین بۆ پشتیوانیکردن لەمافی گەلی کورد. ئەم کارەش بەدەنگ و ڕەنگ تۆمارکراوە.
کاندیدی لیسی هاوپەیمانی کوردستانی لە پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی ئێڕاق لە 2010دا.