لە ڕۆژی 28-01-1936، لە شاری #سلێمانی# لە بەرهەمی دوو خانەوادەی مرۆڤ دۆست و خوێندەوار و ڕۆشنبیر و ئەهلی قەڵەم هاتۆتە دنیاوە. لە باوکانەوە کوڕی بەڕێز و ناودار نووسەری ناسراو (#جەمیل سائیب#)ی خاوەنی یەکەم چیرۆکی نوسراوی کوردییە و کە خوشکەزای شاعیری ناوداری کورد (#پیرەمێرد#)ی نەمرە.
لە دایکیشەوە سەر بە بنەماڵەیەکی خوێندەوار و زانست دۆستی ئەو سەردەمە، خانەوادەی (عیرفان)ە، خوالێخۆش بوو پەروەردەی دەستی نەک دایکێکی خوێندەوار بەڵکو ئاشنا بە چەند زمانێکی دراوسێی گەلی کوردە. ئەم فاکتەرانە و زۆری دیکە بوونەتە هۆی ئەوەی ڕەگێکی پتەو کەسایەتیەکی بەهێز بۆ خوالێخۆشوو دروست بکات، ناوبراو بۆ تێگەیشتن و هەموارکردن لە هەموو جۆرە بیروبۆچوونە جیاوازەکان لە ژیانی خۆیدا بۆ فراونکردنی ئاستی ڕۆشبیری و پشت بەستن بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی پاش تەواوکردنی خوێندنی سەرتایی و ناوەندی و ئامادەیی، چۆتە کۆلێجی بازرگانی و ئابوری لە شاری بەغدا، بەڵام بەردەوام نابێت و بۆ خوێندنی کۆلێجی کشتوکاڵ (بەشی توتن) ساڵی 1954 ڕوو لە تورکیا دەکات، بە سەرکەوتوویی خوێندن تەواو دەکات و پسپۆری لە بوارەکەی خۆیدا پەیدا دەکات، پاش گەڕانەوەی تووشی خزمەتی سەربازی دەبێت و دەکرێت بە ئەفسەر لە سوپای عێراقدا، پاش بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلول بە ژیانی سەربازی ڕازی نابێت لە 15-11-1961 و خۆی دەگوازێتەوە بۆ ئینحساری توتن لە سلێمانی و دەبێت بە ئەندازیاری (تنقیح) پاش ماوەیەک دەگوێزرێتەوە بۆ کارگەی جگەرەی سلێمانی و وەک پسپۆڕی توتن دەست بەکار دەبێت.
ساڵی 1962 ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتو جوان پێک دێنێت، کچێک و دوو کوڕ بە ناوەکانی (ڤیان، میران و ئالان)ەوە بەرهەمی ئەم هاوسەرگیریە دەبێت. بەهۆی باری ڕامیاری کوردستان و نالەباری بارودۆخی کوردەوە، جۆرەها پەستان کەم وزۆر لەسەر هەموو خانەوادەیەکی کورد هەبووە لە عێراقدا، خوالێخۆشبوو ئازاد سائیب لەو نەهامەتی و گوشارانە بێبەش نەبووە، بەڵام هەرگیز چۆکی دانەداوە و هەمیشە بەرەنگاریان بۆتەوە، ئەگەر چی ئەندامی هیچ حیزب و پارتێکی سیاسی کورد و عێراقی نەبووە، بەڵام کەسایەتییەکی بە هەڵوێست و پتەو و باوەڕ بەخۆ بووە و سەرسەختانە کاری لە پیێناوی مرۆڤایەتی و کوردایەتی دا کردووە و تێکۆشاوە، هەمیشە بەرەنگاری هەموو پەستانێکی کردووە، کە کەوتۆتە سەر میللەتەکەی و هیچ چێژ و خۆشیەک و ماڵی دنیا بەرژەوەندییەکی تایبەتی لە خشتەی نەبردووە، سەروەری و بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەلەکەی لە پێش هەموو ماڵێکی دنیاوە.. داناوە.
خوالێخۆش بوو مرۆڤ دۆست بوو تا ئەو ڕادەیەی، سەنگی ئەو مرۆڤ دۆستییە یەکسان بوایە، خۆ بەزلزانی و بە کەمزانی بە لاوە نەنگی و نابەجێ بووە، لە منداڵەوە بۆ پیر لە دەوڵەمەند و هەژار و شا و گەدا، بە یەکچاو سەیری کردوون، لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا هەمووی وەک یەک مامەڵەی دەکردن و کەسی لەوی تر بەڕووی پەرستگا نەدەزانی، بەهاو مێژووی مرۆڤایەتی بە لاوە زۆر گرنگ بوو، هەمیشە پەرۆشی ئەوە بوو، کە مرۆڤایەتی بۆ پارە و ماڵی دنیا کەسایەتی خۆی لە دەست نەدات و سەر نەوی نەکات، لە بەرانبەر ئازادییە گشتییەکانیدا، هەر بۆیە دەست و دڵی زۆر فراوان بوو، ئەگەر هەرچی هەبووایە حەزی دەکرد، هەمیشە کەسێکی پێ ئاسوودە بکات.
خوالێخۆشبوو سەرەتای ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو بەڕێوەبەری پسپۆڕی بواری کشتوکاڵ دەبێت، وەک کارەکەی شوێنێکی هەستیاری دەبێت و وەک ئەوەی براگەورەی جوانەمەرگ کاک(شازاد سائیب)ی ڕەحمەتی دەبێت، کە ئەوکاتە لەدەرەوە دەبێت، زیاتر چاوی ڕژێمی لەسەر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، حیزبی بەعس چەند شەڕەنگێز بووە بەرانبەر بە کورد و لە هەموو هەڵسوکەوتێکی کورد بە گومان دەبێت.. ئەو کاتە ئەمینداری گشتی کشتوکاڵی ناوچەی بە ناو حوکمی زاتی سەردانی فەرمانگەکەیان دەکات بۆ هەڵسەنگاندن و کۆمەڵێک لە دەستوپێوەندەکانی حیزبی بەعسی لەگەڵ دەبێت، کە دەچنە ژوورەکەی دەبینن وێنەی دیکتاتۆر سەدامی هەڵنەواسیوە، ئەمە بۆیان دەبێت بە بەهانە و لە بەڕێوەبەریەتیی کشتوکاڵی سلێمانی لای دەبەن و تەنها وەک پسپۆڕی کشتوکاڵ دەیهێڵنەوە و پاشان واز لە کار دەهێنێت و بە هۆی یاسای (تفرغ زراعی) واز لە فەرمانبەری دێنێت و کاری سەربەخۆ دەکات بە کردنەوەی (دواجن) کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر. ڕۆژگار دێت و دەڕوات باری ڕامیاری کوردستان ڕۆژبەڕۆژ بەرو خراپتر و ئاستەنگی زیاتر دەچێت و منداڵەکانی گەورە تر دەبن و ڕێبازی خۆیان دەگرنەبەر و دەکەونە ناو کورەی سیاستەوە و دەچنە ناو حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە، میران تووشی گرتن و لێپێچینەوە دەبێ و لە لایەن ئەمنی بەعسەوە ماوەیەک دەگیرێت، لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا دەیهێڵنەوە، پاشان بە بڕیارێکی قەرەقوشانە بڕیاری لە سێدارەدانی بۆدەردەچێت. ئەم حاڵەتە بۆ کاک ئازاد و خانەوادەکەی دەبێتە هۆی گوزەرانێکی تاڵ و ناهەموار، بەڵام خۆشبەختانە بە هۆی ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی 1991 پێش ئەنجامدانی بڕیارەکە، ئەمنەسوورەکە دەکەوێتە بە شاڵاوی چەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و میرانیش وەک دەیان بەندکراوی دیکە ئازاد دەکرێت و لەو بڕیارە دەرباز دەبێت.
دوای ڕاپەڕین و کۆڕەو کاک ئازاد بە هەموو توانایەکییەوە خۆی تەرخان کرد بۆ هاوکاری هەموو ئەو کوردە لێ قەوماوانە بۆ گەیاندنی کۆمەک و یارمەتی لە نێوەندی ڕێکخراوە مرۆیەکان و فریاگوزارییەکان، لە ڕێگەی ڕێکخراوی (مانگی سوور)، هەموو توانایەکی خستەگەڕ، تاکو ساڵی 1994 -1995 بڕیاری هاتنە دەرەوەی دا لە هوڵەندە لە شاری دێڵفت لەگەڵ خزم و دۆست و هاوڕێیانی ڕۆژانە ژیانی دەگوزەراند. ساڵانێکی زۆر لێرە مایەوە، ئەو ساڵانە بڕیاری پێدانی پەنابەری زۆر سەخت بوو ئەویش لەوە زیاتر نەیدەتوانی بمێنێتەوە، پاش ڕوخانی سەدام لە ساڵی 2003 بە یەکجاری گەڕایەوە بۆ کوردستان و لەوێ هەموو لایەنەکان کەم تا زۆرێک پێشنیاریان بۆ کرد و پەیوەندیان پێوەکرد، تا کارێکی بۆ بکەن و بیگێڕنەوە سەر فەرمانبەرییەکەی و پلە و پایەی بەرزیان بۆ پێشنیار دەکرد، بەڵام لای کاک ئازاد ژیان بە ئازادی مانایەکی گەشتر و جوانتری هەبوو، تەنانەت وەک ڕاوێژکار دامەزرێنرا لە ئەنجومەنی وەزیران بە موچەی 2 هەزار دۆلار، بەڵام ئەم وەک کاک ئازاد خۆی نەچووە ژێر باری ئەو ئەرکە و نەیتوانی قایل بێت پێی، چونکە هەستی دەکرد، بۆ ئەو بڕە پارەیە کاری دڵخوازی خۆی بۆ ناکرێت، ئەوە وەک یارمەتییەکە نەک بەرانبەر بە کارکردنێک، بۆیە هەر زوو وازی لێهێنا و دەستبەرداری بوو(شکۆمەندی کاک ئازاد ئاوا بوو). بە پارە و مووچە ناخەمڵێنرێت.
کاک ئازاد بۆ گوزەرانی ژیانی خۆی دەستی کردەوە بە کاری سەربەخۆ، خۆی بە هیچ لایەنێکەوە نەبەستەوە. بە داخەوە تەندروستی خراپ، تەنگی پێ هەڵچنی و ڕۆژ بەڕۆژ دیاردەکانی دەردەکەوتن، ماوەیەکی زۆر لە جگەرەکێشان دوورکەوتەوە، بەڵام وادیار بوو، کار لەکار ترازابوو، تووشی دەردێکی بێچارە ببوو، هەرلەسەرەتاوە خۆی دەیزانی، بەڵام لەبەر دڵنەوایی کەسوکار و هاوڕێیان و دۆستانی، نەیدەدرکاند و دانی پێدا نەدەنا، کە لێیان دەپرسییەوە ئەو دڵنەوایی دەکردن و دەیگووت هیچ نییە و تەمەنە و دەبێت تێپەڕێت دڵتان هیچ نەکات و مەکەونە مەراقەوە.. ئیتر ژیان وایە و بەردەوام دەبێت، تا ئەو ڕۆژەی بۆ چارەسەر بردیان بۆ تورکیا پاشماوەیەک مانەوەی لە نەخۆشخانە ئیزنیان دا و ئەو هەواڵە دڵتەزێنەیان بە هەموو کەسوکار و هاوڕێیان و دۆستانی گەیاند، کە لە ڕۆژێ 01-01-2010 ماڵئاویی یەکجارەکی لێکردین.