هۆزان مەحمود وەک ئەکتیڤیستێکی بواری مافەکانی ژنان و دامەزرێنەری پڕۆژەی کولتوری، خەباتکار بووە بۆ دووبارە ڕیفۆرمکردنەوەی ئه و یاسایانەی کەزیان بەمافەکانی ژنان دەگەیەنێت. هەروەها کەمپین لەپێناو (دەستوورێکی عەلمانی) یەکێک بووە له و چالاکیە گرنگانەی، کەهۆزان ئەوسا لە ڕێگەی (ڕێکخراوی ئازادی ژن لە ئێراق) و لەگەڵ چەندەها ڕێکخراوی دیکە، توانیان لە ڕێگەی فشارێکی زۆری مەدەنیانه، لەئێراق و کوردستاندا، لەڕووی فشاری لۆکالی نێودەوڵەتییەوە، هەنگاوێک بنێن بۆ عەلمانیکردنی دەستووری ئێراق و کوردستان.
هەروەها هۆزان مەحمود لە ساڵی 2005 لە دوای بەردەبارانکردنی (دوعا) کەمپینێکی نێو نەتەوەیی ڕێکخست، ئەم کەمپینە لە دژی کوشتنی ناموسی و کوشتنی ژنان بوو لە کوردستاندا. فشارێکی گەورە بوو بۆ بەدیهێنانی هەندێک گۆڕانکاری لە مافەکانی ژنان لەدووتوێی دەقەیاساییەکاندا. هەروەها لە کەیسی کوشتن و توندوتیژی ژناندا کاریگەریی هەبوو بۆ سەر مامەڵەی دەزگاکانی حکومەت لە کوردستاندا لەگەڵ ئەم کەیسانەدا. بە دوای ئەمەشدا چەندین کەمپینی گەورەی نێونەتەوەیی بۆ داکۆکی لە مافەکانی ژنان لە کوردستان و ئێراقدا سەرپەرشتی کردوە.
جگە لەمانە هۆزان مەحمود بەردەوام بووە لە کۆڕ و سیمینار بەکوردی و زمانی ئینگیلزی لە کوردستان و لە هەموو جیهاندا، بۆ ئەوەی دەنگی ژنانی مافخوراو و ستەملێکراو و تاوانەکانی ژنکوشتن بگەیەنێتە هەموو جیهان.
هەروەها هۆزان مەحمود ئەکتیڤیست و فێمینست و چالاکەوانی بواری مافەکانی ژنان، لەئێوارەی 06-04-2017 لەئاهەنگێکی تایبەت لەلەندەن لە Garden Court Chamber خەڵاتی گرنگی ئێما هێمفری بردەوە. لەڕاستیدا لەچەندەها ڕێکخراوی وڵاتی بریتانیادا تەنها هەشت کەسایەتی و ڕێکخراوەکانیان خرابوونە کورتە لیستەوە بۆ کێبڕکێی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە گرنگە. لەم هەشت کەسایتیە تەنها دووانیان خەڵاتەکەیان بردەوە کە هۆزان مەحمود و ڕێکخراوی پڕۆژەی کولتوری و شەکیلا مان و ڕێکخراوەکەی (ساوس هال بلاک سیستەرس) بوو.