جەبار عەبدوڵڵا فەتحی شاسوار عەبدولڕەحمان ئاغا لە هۆزی زەنگنەیە و لە ساڵی (1924) لە گوندی (گۆپ تەپەی دەیم) لە ناوچەی سەنگاو لە دایک بووە، دایکی ناوی (نەجمەیە کچی کاکی ێالح خدر) ە و لە هۆزی (زەنگنە) یە. هاپۆ جەبار شەش کوڕ و چوار کچی بووە لەگەڵ (فەتحیە) ی خێزانیدا زۆر بە تەبایی ژیاون و ئەمانەش ناوی کوڕەکانییەتی (محەمەد و ئەمین و عەلی و جەمال و عەزیز و ڕۆستم) و کچەکانیشی (عەتییە و مەریم و کەژاڵ و سەبیحە) خێزانی هاپۆ جەبار کچی فەقی محەمەدی مەلا ساڵحی مەلا مەحمودی زالواویە، کە لە بنەماڵەی (زالواویەکانی) ناوچە سەنگاون کە بە ئایین پەروەر ناسراون و هەمیشە لە خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بوونە و تاوەکوو ئێستا پێگەیەکی ئایینی باشیان هەیە لە سەرتاسەری کوردستاندا.
وەکو ئاشکرایە ململانێی نێوان هۆزەکانی ناوچەی سەنگاو لەو کاتدا خەڵکی زۆر سەرگەردان و دەربەدەری شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان بە گشتی و #گەرمیان# بە تایبەتیی کردووە، دیارە هەر لەو چوارچیوەیەدا خەڵکێکی زۆر گوندەکانیان بە جێهڵاوە و بەرو گوندەکانی خواروی گەرمیان هاتوون بۆ ئەوەی دووربن لەو کێشانە وەکوو ئاشکرایە کیشەی نێوان هۆزەکانی کورد لەو ناوچەیەدا زۆر زاڵ بووە دیارە ئەمەش ئەکەرێتەوە بە پلەی یەکەم بۆ ناسووری کورد لەو ناوچەیەدا، بە تایبەتیش لە ناوچەی سەنگاو ئەمان بۆ دوور خستنەوەی خۆیان لەو کێشانە ڕوو دەکەنە ناوچەی (جاف) لە گوندی (تەپە سپی) نیشتەجێ دەبن ئەوکات باوکی هەردوو چاوی نابینا دەبێت. پاشان لە ساڵانی چلەکاندا ماڵیان باردەکات بۆ گوندی (بنەکەی خەفە کوێر) دواتر هەر بە کاری کشۆکاڵیەوە خەرێک دەبێت. هاپۆ حەبار کەسێکی بوێر و خاوەن هەڵویست دەبێت هەر لە تەمەنی منداڵییەوە زۆر شتی تێدا بە دی کراوە گەورەیی ماڵی خۆیان دەکات لە داوی باوکی ژن بۆ خۆی و براکانی دێنی زۆر زیرەکانە توانیوێتی براکانی پێبگەیەنێت..
هاپۆ جەبار پەیوەندی بە هێج لایەنێکی سیاسییەوە نەبووە، بەڵام کەسێکی زۆر دڵسۆز بووە بەرانبەر بە خاک و نیشتمان و حەزی لە ڕزگاری کورد و کوردستان کردووە و بە ماڵ و سەروەتەوە پشتگیری شۆڕشی کوردی کردووە و هەر لەو پێناوەدا (ئەمین) ی کوڕی هاپۆ جەبار پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی (یەکێتیی نیشتمانی کوردستان) ەوە کردووە و بووە بە پێشمەرگە لە ساڵی (1980) چەکی مەردایەتی بۆ ئازادی گەڵ و نیشتمانەکەی کردووەتە شان و بەشداری چەندین شەڕی قارمانانەی کردووە، بەڵام مخابن لە ڕێکەوتی (02-06-1982) لە شەڕێکی خوێناویدا لەنێوان (ی. ن. ک) و هێزەکانی ئێراندا لە دەوروبەری شاری #سەردەشت#ی ئێران لە ناوچەی (قەبر حسێن) شەهید دەبێت، پاشان هەر لەو شوێنەدا نێژراوە بە ئەمانەت وە تاوەکوو ئێستا (ی. ن. ک) هەوڵی هێنانەوەی تەرمەکەی نەداوە. کاک ئەحمەد کە کوڕەزای هاپۆ جەبارە وتی: بیرم دێت کاک سامان گەرمیانی کە یەکێکە لە سەرکردەکانی (ی. ن. ک) لە داوی شەهید بوونی (ئەمین) ی مامم هاتە گوندەکەمان لە (بنەکەی خەفە کوێر) بۆ پرسەکەی لەگەڵ (50) پێشمەرگەی (ی. ن. ک) و دوای خێراتن دەستی کرد بە گیرفانیدا و (200) دیناری ئێراقی ئەو کات پێشکەش کرد بە باپیرم وەکوو پرسەنامە، بەڵام باپیرم ئەوەی ڕەت کردەوە و وتیی من پێویستم پێ نییە (کاک سامان) ئەو پڕە پارەیە بدە بە کەلوپەل بۆ پێشمەرگەکانی (ی. ن. ک) ، دواتر کاک سامان هەستایە سەر بێ و وتی شاباش شاباش هاپۆ جەبار کە کوڕێکی بەخشیە کوردستان و پارەکەی پێشکەش بە پێشمەرگەکانی یەکێتیی کرد، (ئەگەر بمێنم بۆ جەبار عەبدوڵڵا ئەمێنم) . بەڵام بە داخەوە تاوەکوو ئێستا هیج ئاوڕێکیان لێ نەدراوەتەوە و تەنانەت تەرمەکیشی هەر لە ئێران وەکوو ئاماژەمان پێ کرد بە (ئەمانەت) نیژراوە و هەوڵ نەدراوە بۆ گەڕانەوەی بۆ خاکی کوردستان.
هەر لەپێناوی کوردایەتیدا (هاپۆ جەبار) لە ساڵی (1988) لە کاتی پڕۆسەی ئەنفالدا سییان لە کوڕەکانی بە ناوەکانی (محەمەد و عەلی و جەمال) لەگەڵ کچێکی بە ناوی (عەتییە) بەر ئەو شاڵاوە دەکەون. وە خێزانەکەشی لە ڕێکەوتی (23-12-1984) کۆچی دوایی کردووە.
هاپۆ جەبار کەسایەتییەکی ناوداری ناوچەی زەنگنە بوو و یەکێک بووە لە شارەزایانی مێژووی (هۆزی زەنگنە) و شارەزایەکی باشی هەبووە لە (مەقامات) بە تایبەت لە (قەتار و ئەڵڵا وەیسی و معراج نامە) و زۆر دەنگ خۆش بووە.
هاپۆ جەبار بە داخەوە لە تەمەنی (82) ساڵیدا لە شارەدێی ڕزگاری لە کاتژمێر (10) ی سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێکەوتی (30-04-2006) دا کۆچی دوای کردووە، و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی برایەوە بۆ گۆڕستانی (میلەکە) لە گوندی بنەکەی خەفە کوێر (شانەزەر) لەوێ نێژرا.