ساڵی 1923 لە#سنە# لەدایکبووەو چەندین ساڵ لەڕادیۆکانی #کرماشان#، سنه، تاران وەکو بێژەر، توێژەری ئەدەبی، شاعیر، وەرگێڕو نووسەر کاری کردووەو لەئێران و لەنێو ئەدیبانی کورددا ناوێکی دیارو بەرچاوه.
فوئاد بابان کوڕی خوالێخۆشبوو لەوتوێژێکی تایبەتدا پێی ڕاگەیاندین: باوکم سەعات 12:05 شەوی ڕابردوو لەماڵەکەی خۆی لەتاران کۆچی دوایی کرد، بڕیاریشە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە 18-11-2012 لەگۆڕستانی بەهەشت زارای تاران و لەبەشی هونەرمەنداندا بەخاک بسپێردرێت، دواتر لەگۆڕەپانی فاتیمی لەتاران مەراسیمی ماتەمینی بۆ ئەو هونەرمەندە کوردە بەڕێوەدەچێت و بڕیاریشە ڕۆژانی داهاتوو لەسنەش مەراسیمێک بەڕێوەبچێت.
بەشێک لە ژیانو چالاکییەکانی شوکروڵڵای بابان
شوکروڵڵای بابان دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دواناوەندی لەسنە چۆتە تاران و توانی لەزانکۆی تارانداو لەسێ بەشی ئیلاهیات، دەرونناسی و یاسادا بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەربگرێت. بابان چالاکیی خۆی لەساڵی 1958 لەڕادیۆی تاران دەستپێکردووە کە ئەوکاتە ڕۆژانی 15 خولەک بەرنامەی بەزمانی کوردی بڵاودەکردەوه، دواتر ماوەی ئەم بەرنامەیە بۆ کاتژمێرێک زیادکراوەو بەهەردوو زاراوەی #سۆران#ی و کرمانجی پێشکەشکراوە. لەماوەی کارکردنی ڕادیۆی کوردی تاراندا، بابان وەکو بەرپرس و بێژەری بەشی کوردی چالاک بووە. دوای چەندین مانگ ڕادیۆی کوردی کرماشان کراوەتەوە کە بەرنامەکانی خۆی بەهەردوو زاراوەی سۆرانی و کەڵهوڕی پێشکەش دەکرد، بەکردنەوەی ئەم ڕادیۆیە ڕادیۆی کوردی تاران داخراو هەموو کارمەندانی گوازرانەوە بۆ کرماشان، بابان لەرادیۆی کوردی کرماشان تاکو ساڵی 1969 وەکو بەرپرس، بێژەرو وەرگێڕ کاری کردووە.
شوکروڵڵای بابان بەهاوکاریی مامۆستایانی ناوداری کورد بەدیع الزەمانی، عەبدولڕەحمان سەراجەدینی، سدیق موفتی زادەو شێخ عابد لەساڵی 1959 تاکو 1963 ڕۆژنامەی کوردستانیان بەزمانی کوردی لەتاران بڵاوکردۆتەوە. خوێندنەوەی شیعری کوردی لەڕادیۆی کرماشان ناوبانگێکی زۆری بۆ شوکروڵڵای بابان پەیدا کردوو لەهەموو ماڵ و شوێنەکانی کوردستاندا بەتامەزرۆییەوە گوێی لێدەگیرا. بابان لەتەمەنی کارکردنیدا وەکو بەرپرسی ڕادیۆ لەسنەو کرماشان و #ورمێ# کاری کردووە، هەروەها سێ کتێبی بەناوەکانی (سەڵاحەدین ئەیوبی، پاڵەوانی کورد)، (گوڵزاری کوردستان)، (فەرهەنگی زمانەوانی فارسی کوردی) نووسیووه.
ڕۆژی #16-11-2012# لە شاری تاران لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.