جەلالی مەلا نەجیبی بێتووشی لە ساڵی 1930 لە گەڕەکی بەفریقەندی لە #کۆیە# لەدایک بووە. قوتابخانەی سەرەتای لە کۆیە تەواو کردووە. ناوەندی لە کۆیە و #کەرکووک#. بۆ یەکەم جار لەسەر کوردایەتی لەگەڵ چەند کوردێکی دی لە کەرکووک لەگەڵ تورکمانە تۆ#ڕانیە#کان بەشەر هاتووە، بە قسەی خۆی تورکمانەکان چاکیان لێداون.
لە ساڵی 1945 مامۆستا کەریم ئەحمەد، ئەو کاتەی مامۆستای ناوەندی بووە لە کۆیە لەسەر دەستی ئەو بۆتە بە شیوعی. لە 1946 بۆتە ئەندامی پارتی ئازادی نیشتمانی عێراق، کە سەر بە شیوعیەکان بوو.
حەوت جاران لە سەردەمی پاشایەتی لەسەر شیوعیەت گیراوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێ پاکانەی نەکردووە. لە ساڵی 1957 ئەو کاتەی لە باقووبە بووە، گیراوە، باوکی لە کۆیەوە هاتۆتە لای بۆ ئەوەی پێ بڵی: جەلال نەکەی ڕوو ڕەشمان بکەی. واتە ئیعتراف نەکەی.
لە کۆتایی 1957 هاتۆتە بەغدا لەوێ دوکانێکی وینەگری لە شەقامی ئەمین کردۆتەوە، هێشتا ئەو دوکانە هەر ماوە. هەر لەو ساڵە #هەژار موکریانی#ان ناردووە بۆ لای، بۆ ئەوەی لای ئەو کار بکا. هەژار لە بیرەوەریەکانی (چێشتی مجێور) لە چەند جێگایەک بە چاکە باسی چاکە و پیاوەتی جەلال بێتوشی دەکا.
لە 1959 لە لایەن حزبەوە دەنێردرێتە ئەلمانیای ڕۆژهەڵات بۆ خوێندن. یەکەمین کۆیی بووە، وەک تا ئێستا زاندراوە، کە لاقی لەسەر ئەو وڵاتە دانابێ. ئەو کاتەی ئەو گەیشتۆتە ئەوێ، بە گشتی دە کەسی عێراقی لێ بووە بە کوردو عەرەبەوە، بە کوردەکانی پارچەکانی دیکەشەوە.
دوای زمانخوێندن لە بەشی وێنەگرتن لە پەیمانگای باڵای هونەری وەردەگیرا. لە 1962 خوێندن تەواو دەکا و یەکسەر هەر لە تەلەفزیۆنی ئەلمانی بەشی ڕاپۆرتی سیاسی دادەمەزرێ. لە کاتی کارکردنی دا دەڵی بیرۆکەی ئەوە هات بە خەیاڵمدا، کە فلیمێکی کورت دەربارەی باری عێراق دەربکەم، بە ناوی (ئەرک) فلیمەکە باس لە ژیانی پێشمەرگایەتی شۆڕشی ئەیلول دەکا، کە چۆن کوردو عەرەب بەتایبەتی شیوعیە عەرەبەکان بەشداری شۆڕش دەکەن و چۆن #پێشمەرگە# کوردەکان یارمەتی یەکێ لەو عەرەبانە دەدەن، تا خزم وکەسو کاری لە بەغداوە بۆ بهێنن. فلیمەکە لە چیاکانی خوارووی ئەلمانیا و نزیک سنوری چیک گیروان، ڕۆڵی پاڵەوانیش کەمال جەمیل سەیدۆ کە کوردێکی سوریا بوو بینیویەتی. ئەمەش لە 1968 بوو.
فلیمی دووەمی بە بۆنەی میهرەجانی منداڵانی جیهان بووە لە ساڵی 1969 لە لایپزیک. هەرچەند ئەو وەک فەرمانبەرێک لە تەلەفزیۆنی ئەلمانیای بەشداری میهرەجانەکەی کردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو فلیمانەی عێراق بەشداری تێدا کردبوو بە کەلک نەدەهات، فلیمەکەی جەلال بێتووشی، کە ناوی دۆستایەتی بوو، دەخرێتە لیستی فلیمە عێراقیەکان و خەڵات وەردەگرێ. خەڵاتەکەش لە لایەن یوسف عانییەوە وەرگیراوە.
کاک جەلال لەو دەمەوە تا ڕوخانی ڕژێمی شیوعیەت هەر لەو دوو فلیمە دەگەڕێ و هەوڵێکی زۆری داوە، کەچی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە و بەدەستی نەکەوتۆتەوە، ئەمەش کەسەرێک و خەم و پەژاریەکی بۆ دروست کردووە.
لە 1970 گەڕایەوە عێراق. لە یەکەی سینەمایی لە دەزگای گشتی ئیستگە و تەلەفزیۆن دامەزرا، هاوکاتیش لە زانکۆی بەغدا، کوڵیژی ئاداب بەشی ڕۆژنامەگەری بوو بە مامۆستا. لە 1976 دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول تەنگیان بە کوردەکان هەڵدەچنی، کە لە دام دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراق کار دەکەن و بەعسی نین، ئیتیر جارێکی دی گەڕایەوە ئەلمانیا، بەڵام ئە جارە بۆ ئەلمانیای ڕۆژئاوا.
لە 1966 لەگەڵ کریستا زەماوەندیان کردووە، کچێکی هەیە بەناوی جوانە. [1]