قەڵای مێژوویی زێویە لە 55 کیلۆمێتری باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سەقز و لە باکووری گوندێک هەر بەم نێوە و لە سەر تەپۆڵکەێک هەڵکەوتوه.
ڕووبەری ئەم قەڵا، پتر لە 4 هێکتارە و بەرزاییەکەی لە ئاستی زەوییەکانی دەوروبەری 90 تا 110 میتر دەبێت و هەر ئەم ئاستی بەرز بوونە وایکردوە کە جوان بە چوار دەوری خۆیدا بڕوانێ و بەرجەوەنێکی جوان و سەرنج ڕاکێشی هەیه.
زێویە یا (ئیزیپیه) یا (زیپیا) لە سەدەی هەشتەمی پێش زایینی مەسیح، یەکێک لە ناوەندەکانی دەسەڵاتداری هۆزی مانا بووە و لە کتێبە ئاشوورییەکان بە نێوی گەلی (مێننی)، نێوی لێبراوە وتێیدا هاتوە کە ئەم شوێنە زۆر جار لە لایەن دەوڵەتەکانی ئاشوور و ئورارتوو، هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام ئەم گەلە هیچکات نەبەزیوە و قەڵاکەی بە دەستەوە نەداوه. شایانی باسە کە یەکەم جار نێوی زێویە لە ساڵنامەی ئاشووری و لە کاتی دەسەڵاتداری سارگێنی دووهەمدا تۆمار کراوه.
ناوبراو پاش هێرش کردن بۆ سەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ماناییەکان و پاش ئەوەی پێتەختی ماناییەکانی داگیر کرد و پاوشاکەیانی بە نێوی (ئیرانزوو) بەزاند، دوو قەڵای گرینگی ناوەندی هەرێمی مانای بە نێوی زیپیە (ئیزیپییە ئیزیپنا) و (ئارماسیت)، داگیر کرد، کە زۆربەی نووسەران و پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ئاسەوارە مێژووییەکان، پێیان وایە کە ئەو زیپییه، هەر ئەم زێویەی سەقزه، و لەوانەشە کە شوێنی قەڵای ئارماسیتیش لە گوندی قەپڵانتوو بێ، کە لە 5 کیلۆمێتری زێویە هەڵکەوتووه.
لەوەیدا کە قەڵای زێویە، قەڵاێکی دەسەڵاتدارەتی گرینگ و جێگە سەرنج بووە هیچ شک و دوو دڵیێک لە نێوان شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ئاسەوارە دێرینەکان نیە و تا ئێستا زۆربەی نزیک بە تەواوی نووسەران و ئاسەوارناسان لە سەر قەڵای زێویە لێکۆڵینەوەیان کردوە و لەم بارەوە لێدوانیان داوه. یەکێک لەو کەسایەتییانە پرۆفسۆر گیرنێس، لێکۆڵەر و ئاسەوار ناسی بە نێوبانگی فەڕانسەیی و نووسەری پەرتووکی (هۆنەری ئێران لە دەورەی ماد و هەخامەنشی)، پێیوایە کە قەڵای زێویه، قەڵاێکی حوکمڕانی بووە و ناوبراو هەموو ئەو ئاسەوارە مێژوویی و بە نرخ و بێ وێنانە کە لەم قەڵا پەیدا بوە بە میراتی پاوشاێکی سەکایی دەزانێت کە بە حورمەتی ئەوەوە لە گەڵیدا لە گۆڕ نراوه.
گرینگی و نێوبانگی جیهانی قەڵای زێویە بۆ کاتێک دەگەڕێتەوە کە ساڵی 1325 هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ 1946ی زایینی، بە هۆی باران و لافاوەوە بەشێک لە قەڵاکە دادڕووخێت و خۆی دەردەخات و بەم هۆیەوە سەدان پارچە ئاسەواری دەگمەن و بە نرخ لەم قەڵادا پەیدا کرا. پاش ئەو ڕووداوە کەسێک بە نێوی ئەیووب ڕبنۆ کە دەگوترێت جوولەکە بووه، ئیزنی دەرهێنان و گەڕان بە دوای ئاسەوارەکانی ئەم قەڵا لە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی گەندەڵی پەهلەوی وەردەگرێت و ناوبراو 8 ساڵ بە شێوازی بەردەوام 95٪ قەڵاکە و زەوییەکانی دەوروبەری و گۆڕستانی مێژوویی زێویە ژێر و ژوور دەکات و هیچ ئاسەوارێک لەم قەڵا و لە پارچە ئاسەوارە بە نرخ و بێ وێنەکانی ئەم شوێنە ناهێڵێتەوە و بە هاوکاری دەست و پێوەندەکانی خۆی ولە ژێر چاوەدێری کاربەدەستانی ڕژیمی گەندەڵی پاشایەتیدا، هەموو ئاسەوارە گرینگەکان لە کوردستان ئاودیوی دەرەوی وڵات دەکات و بە مۆزەخانەکانی بە نێوبانگی جیهانی دەفرۆشێت.
هەنووکە ئاسەوارەکانی قەڵای مێژوویی زێویەی سەقز، ڕازێنەرەوەی مۆزەخانە بەنێو بانگەکانی دنیا وەکوو: لوور لە فەڕانسه، لەندەن لە ئینگلیس، ڕمیتاژ لە لێنینگراد و ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل و نیویۆرک لە ئامریکا، فیلادێلفیا و دەیان مۆزەخانەی گرینگی دیکە لە جیهاندان و تەنها بەشێکی بچووک و کەم لە ئاسەوارە زێڕەکان، زێوەکان و قوڕینەکان لە دەستی ڕێکخراوەی میراتی کولتووری پارێزگای کوردستاندایه.
ئەیووب بەم خەیانەتە گەورە کە بەڕێوەی برد، زەبرێکی کاریگەری لە جەستەی مێژوو و ڕەسەنایەتی ناوچەی سەقز و کوردستان وەشاند و هەنووکەش ئاسەواری کردەوە تێکدەرانەکانی ئەیووب جوولەکە و تاقمە خۆفرۆشەکەی پاش ئەو هەموو ساڵە هەرماوە و بە هۆی ئەو کاول کاریانەی ناوبراو، لە زۆربەی بەشەکاندا بە هیچ شێوەێک ناتواندرێت درێژە بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بدرێت و پرۆسەی دەرهێنانی هەموو قەڵاکە لە گەڵ تەنگ و چەڵەمە بەرەو ڕوو دەبێت.
بە بڕوای شارەزایان و پسپۆڕانی ڕێکخراوەی میراتی کولتووری کوردستان، ئاسەوارە قوڕینەکان و باقی ئاسەوارەکانی زێویە ئەوە نیشان ئەدەن کە لە نێوەڕاستی سەدەی هەشتەمی پێش زایین تا سەرەتاکانی دەسەڵاتداری هەخامەنێشییەکان، ژیان لەم قەڵا بەردەوام بوە و پاش بە دەسەڵات گەیشتنی داریوشی هەخامەنشی و هێرش کردن بۆ سەر ناوچەی سەقز، ژیان لەم قەڵادا کۆتایی پێهات.