شوان شێخانی
ئه و فەرماندەیەی کە یەکەم ڕەبییەی دوژمنی لە خەباتی چەکداری شیوعییەکان لە دوای ساڵی 1978 لە کوردستان و ئێراقدا گرت
نووسینی: #ئاراس ئیلنجاغی#
ناوى تەواوى (شوان سدیق عوسمان مەحمود)ە، پێشتر ناوى (ئەبوبەکر)بووە، ئێستاش هاوتەمەن و کەسە بەتەمەنەکانى ئیلنجاغى گەورە و #ئۆمەرگومبەت# و #سێگردکان# زۆربەیان پێى دەڵێن ئەبوبەکر، بەڵام کە تێکەڵى کارى حزبایەتى بووە نازناوى (شوان)ى بۆ خۆى هەڵبژاردووە و لە کۆتاییدا بووە بە شوان شێخانى، ساڵى1956لە گوندى #ئیلنجاغى گەورە# هاتۆتە ژیانەوە، ساڵى 1969-1970 خوێندنى سەرەتایى لە گوندى ئیلنجاغى گەورە تەواو کردووە، لە ساڵى 1970-1973 قۆناغى ناوەندى تەواوکردووە، لە ساڵى 1973-1974بەهۆى کێشەى سیاسی لەنێوان #پارتى دیموکراتى کوردستان# و حزبى شیوعى ئێراقەوە خوێندنى جێهێشتووە، چونکە ئەو لە ساڵى 1969ەوە لەتەمەنى چواردەساڵییەوە فۆڕمى بوون بەئەندامێتى حزبى شیوعى ئێراقى پڕکردووەتەوە، بەڵام دواى ساڵى 1974ەوە تا ساڵى 1978قۆناغى ئامادەیى لە ئامادەیى هەولێرى کوڕان تەواو کردووە.
سەرى ساڵى (01-01-1979)لەگەڵ هاوڕێیان (خدر شێخانى و شەهید مەحمود حەمەد مەرزانى) بەرەو دەشتى کۆیە بەرێ دەکەون و چەکى پێشمەرگایەتى لەریزەکانى حزبى شیوعى ئێراق دەکاتە شان ، ژمارەى پێشمەرگە لەو کاتەدا بەپەنجەى دەستان دەژمێردرا، ئەو کات بەعسییەکان بێ ترس لە گوندەکانیش ڕێکخستنى فاشیانەى خۆى هەبوو، کە نەیان دەوێرا تەنیا شوانێکیش بیان بینێ؟! ، پێشمەرگەکانى حزبى شیوعى ئێراق لە خەباتى چەکدارى دواى ساڵى 1978یەکەم ڕەبیەیان گرت لەسنوورى (کۆیە) لە نزیک گوندى (تۆبزاوا) بەسەرپەرشتى هاوڕێ (ملازم شوان) لە یەکێک لەشەوەکانى مانگى ئازارى 1981ز.
ساڵى 1982-1984 کۆلیژى سەربازى بەشى (پیادەو تاکتیک) لە شارى (عەدەن)ى یەمەنى دیموکراتى بەپلەى نایاب تەواو دەکات، لەکۆتایى ساڵى 1984 گەڕاوەتەوە کوردستان وناوچەى بارزان (4)، ئەوانەى لەخولەکانى دەرەوەى وڵات گەڕانەوە هەندێکیان زۆر سەرکەوتوو بوون وەک (ملازم شوان)کە پاشماوەیەک بووە فەرماندەى بەتاڵیۆن لەسنوورى #هەولێر# و #کۆیە#.
ساڵى 1985 بووە بەفەرماندەى بەتالیۆنى (5)ى دەشتى هەولێر و ئەندامى مەڵبەندى حزبى شیوعى ئێراقى پارێزگاى هەولێر، لە ساڵى 1987بووە بەلێپرسراوى سەربازى مەڵبەندى هەولێر و سەرکردایەتى پێشمەرگەکانى حزبى شیوعى ئێراقى کردووە لە شەڕى 12ڕۆژەى سماقوڵى و بەنەباوێ هاوشان و هاوکارى هێزەکانى یەکێتى نیشتمانى کوردستانى کردووە بەرانبەر ڕژێمى داگیرکارى حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراکى وسوپاکەى، لە ئەنفالەکان لەدەشتى کۆیە و بالیسان و بەڕانەتى ماوەتەوە و ماوەیەکیش لەناو شارى هەولێر ماڵى (پێشمەرگە) لەگەڵ هاوڕێیانى درووستدەکات و چالاکیش ئەنجام دەدەن، لە ساڵى 1989 گەڕاوەتەوە (ناوزەنگ)، سەرکردایەتى هەولێرى حزبى شیوعى ئێراقى لە ساڵى 1989 لەو هاوڕێیانە پێکهاتبوون: (1-ئەبوجەنان (نەجیب بویا)2-تاهیر کەریم عەلى (ڕەوەند)3-هاوڕێ مونعم 4-موحسین یاسین 5-ملازم شوان 6-سامى ئەلمالح 7-ئەبو ڕەبیع (ڕاهى مهاجر) 8- مەلا حەسەن (فەتتاح تۆفیق).
لە20-11-1989ژیانى هاوسەرى پێکهێناوە و ماوەیەک لە (#سەردەشت#) نیشتەجێبووە، بەڵام دواتر ڕێگەى هەندەرانى دورترى بۆ (ئازربێجان و تورکمانستان و مۆسکۆ)گرتۆتەبەرو دواجار لە ئۆکتۆبەرى 1990گەیشتۆتە وڵاتى (سوید)، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لەبلۆکى سۆسیالیستى ڕۆژهەڵاتى شیوعیەکوردستانییەکانیش پڕیشکیان بەرکەوت، بەداخەوە خەباتى شیوعییەکان لەو گۆڕانکارییەدا سەرکەوتنى بەدەستنەهێنا، بووە مایەى جیابووەودەرچوون لە حزبى شیوعى ئێراق و لە ساڵى (1993)ئەو بزووتنەوە کوردستانییەى کە لەناو حزبى شیوعى ئێراق چەکەرەى کردبوو یەکەم کۆنگرەى خۆى بەست و (#پارتى کارى سەربەخۆى کوردستانى#) لێکەوتەوەو شوان سدیق بووە ئەندامى سەرکردایەتى و لێپرسراوى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى کارى سەربەخۆ، و لە کۆنگرەى (چوارەم)ى ئەم حزبە کە لە شارى هەولێر گرێدرا بووە کەسى یەکەمى پارتى کارى سەربەخۆ و بووە سکرتێرى تا کۆنگرەى پێنجەم کە لە شارى کەرکووک لە ساڵى 2011بەسترا بەردەوام بوو، شوان سدیق لە زانکۆى لوبنانى-فەرەنسى لە شارى هەولێر بەشى یاسا دەخوێنێت لەنێوان ساڵانى (2010-2014)، ئەمڕۆ خانەنشینە بەپلەى سەربازى (موقەدەم)، بەردەوامە لەبیرى شیوعیەت.[1]