بارزان خالید عەزیز ناسراو بە بارزان مەلا خالید، ساڵی 1945 لە گوندی مورتکەی گەورەی سەر بە شارەدێی #قوشتەپە# لە دایکبووە.
خوێندنی سەرەتایی لە گوندی مورتکە و ناوەندی لە #هەولێر# تەواو کردووە. لە کۆتایی خوێندنی دواناوەندیدا بووە، کە لە بەهاری ساڵی 1966دا چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی بەتالیۆنی دووی سەر بەهێزی سەفین بۆ ماوەی ساڵێک مامۆستای شۆڕش بووە.
پاییزی ساڵی 1968 بارزان مەلا خالید گواستراوەتەوە بۆ ڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق کە بنکەکەی لە ئەشکەوتی سەردێ لە نزیک #قەسرێ# لە ناوچەی #حاجی ئۆمەران# بووە. تا واژۆکردنی ڕێککەوتنی 11ی ئازار بێژەری ڕادیۆ بووە.
لە ساڵی 1971وە تاوەکو ساڵی 1974 کارمەندی قائیمقامیەتی شارۆچکەی ناوەندیی هەولێر بووە.
لە سەرەتای ساڵی 1974 کاتێک سەرکردایەتی پارتی بڕیاریدا ڕادیۆ دابمەزرێنێتەوە، بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی گەڕاوەتەوە بۆ ڕادیۆ.
لە دوای شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بەڵام لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە گواستراوەتەوە بۆ لاهیجان لە پارێزگای گیلان. لە 20ی ئۆکتۆبەری 1975 گەڕاوەتەوە کوردستان، بەڵام لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە گواستراوەتەوە بۆ پارێزگای ڕومادی و لە فەللوجە نیشتەجێیان کردووە.
بەهاری ساڵی 1979 لە فەللوجەوە گەڕاوەتەوە بۆ ڕیزەکانی شۆڕش و لە حیزبی سۆسیالیستی کوردستاندا کراوە بە بەرپرسی ڕاگەیاندن. ساڵی 1982 سەرلەنوێ گەڕاوەتەوە ڕیزەکانی پارتی و وەکو ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی پارتی و بەرپرسی بەشی کوردی #سۆران#ی ڕادیۆ دەستبەکاربووەتەوە.
بارزان مەلا خالید لە ساڵی 1986 گواستراوەتەوە بۆ لقی دووی پارتی و کراوەتە کارگێڕی لق و لە ناوچەی لۆلان و شێخ وەسانان، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی لقی دوو بووە.
لە کۆتایی ساڵی 11988وە تاوەکو ساڵی 1990 نوێنەری پارتی بووە لە بەشی ڕاگەیاندنی بەرەی کوردستانی. بە هاوکاری لەگەڵ نوێنەری حیزبەکانی بەشدار لە بەرەی کوردستانیدا مانگانە ڕۆژنامەیەکیان بەناوی بەرەی کوردستانی دەرکردووە.
لە کانونی دووەم ساڵی 1990دا سەرلەنوێ گواستراوەتەوە بۆ ڕادیۆی دەنگی کوردستان و تاوەکو ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لەو ڕادیۆیەدا کاری کردووە.
لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە 19-5-1992 بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە مایسی 1993 وەک بریکاری #وەزارەتی ڕۆشنبیری#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربووە.
ساڵی 2006، بارزان مەلا خالید تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە، دواتر بەهۆی نەخۆشییەکەی خانەنشینکراوە. ساڵی 2010 میدالیای بارزانی وەرگرتووە.
بارزان مەلا خالید، شەوی 25-08-2020 لە نەخۆشخانەی لیڤ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دواییکرد.[1]