بێگومان، نووسینەوەی شێوەی ژیان و کار و هەڵسوورِانی مرۆڤە مەزنەکان بەتایبەت شۆڕشگێرِە ناوازەکانی گەلی کورد کارێکی ئاسان نییە و پێی دەوێ. ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵی ئەوەدام کە وەک وەفایێک بۆ خەبات و ڕەنج و ماندووبوونی جەنابی مامۆستا سەیید جەلال الدینی حسێنی شتێک بنووسم، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە لە خۆم ڕانەدەدی و نەشم دەزانی چۆن و لە کوێوە دەست پێ بکەم، دەمزانی جەنابیان پێی خۆش نییە لە سەری بنووسرێ و پێیدا هەڵبگوترێ، بە کوورتی هیچ کات خولیای ناووناوبانگ و پێداهەڵگووتن نەبووە و هەموو دەم متەوازوع و خۆ بەکەم گر بووە بووە، کە ئەو هەستە جوانە جێگەی ڕێزە و نیشانەی تێگەیشتنی ڕاستەقینەیە لە دونیا. لەگەڵ ئەوەی ئەو هەستەی بە ئاکاری مرۆڤە مەزن و پایەبەرزەکان دەبینم، بەڵام بە پێویستی دەزانم جیلەکانی داهاتووی کۆمەڵی کوردەواری ئاشنا بن بە ژیان و کار و چالاکی ئەو کەسانەی کە لەپێناو ڕزگاری و سەربەستی ئەم ئاو و خاکە ڕەنجیان داوە. ئەویش ئەو مرۆڤانەی بە سەر و ماڵ لەگەڵ بوون و لە هیچ فیداکاریێک خۆیان نەبواردوە و هەر دەم پێشەنگ بوون. هەر چەند لە خەبات و بەرخۆدانی چەندین ساڵەی گەلی کورددا گەلێک ڕێبەر و شۆڕشگێرِی ناودارمان هەن کە بە شانازیەوە یادیان دەکرێ. بەڵام داخ و کەسەر لێرەدایە ئێمەی کورد لە کاتی خۆیدا قەدر و بەهای ئەو گەوهەرانە نازانین، تا کاتێ لە دەستمان دەچن.
لەلایێکی دیکە، لەناو ئێمەی کورددا بەچاکە ناوهێنانی ڕێبەران و هەڵکەوتووەکانمان بە عەیب دەگیرێ، بەڵام شانازی دەکەم کە بتوانم لەسەر کار و ژیانی ڕێبەرانی گەلەکەم بنووسم، ئەگەر ڕێز و ئیحترامی ڕێبەران و گەورەکانمان نەزانین، ئەی ڕێز بۆ چی و بۆ کێ دادەنێین؟ لە کوێ بەها و نرخی خەباتی ڕابردووی نەتەوەکەمان لا گرینگ دەبێ، بە تایبەت کەسایەتی وەک جەنابی مامۆستا سەیید جەلال کە لە ماوەی تەمەنیدا بە سەداقەت و درووستی و پاکی و خۆنەبوێری لە خەبات دا بووە و بۆ جارێکیش سەری بۆ دژمنانی گەلی کورد و دژمن بەئازادی دانەنواندوە و مەرد و ڕِەند و خێرۆمەند و چاوتێر و دلاوا، لە دینداری و خواپەرستیش ناوبانگی لە کوردستاندا گەرِاوە، هەوڵی ئەوەیە بە موو لە فەرمانی کردگار لانەدا، لە ئاوی شەو پارێز دەکا و لە نارِەوا بێزی دێتەوە. بۆ کەسایەتیێکی وا کە ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی بۆ خزمەتکردن بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لەلایێک و بە ئەدەب و زمانی کوردی لەلایێکی دیکە تەرخان کردووە، هەروەها کەسێکی هەڵکەوتەو و بەجەوهەر و لە فیداکاری و پیاوەتیدا گوڵی سەرچڵ، پێویستە تا لە ژیاندا ماوە لەسەر سەری دانێین.
لە باری زاناییەوە، لە زۆر باردا شارەزایە بە تایبەت لە مێژوو، ئەدەب و زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی، ئایین و جوگرافیای کوردستان. بە گشتی دەریایێە و ئەتوانم بڵێم کەم کەس هەیە لە حاستیدا بتوانێ خۆ دەربخا و لە بەرانبەریدا بڵێ ئەزم، لە هەمانکاتدا پیاوێکی کارزان و بە زیپک و زاکون و بەمشورە، ژیری و بەبیری بە ئەندازەیێکە سەرکردایەتی سازمان لە هەموو کاری دژواردا پرس و ڕای پێ دەکا و گرێ پووچکەی کاری ئاڵۆز بە ئاموژگاری ئەو ڕەها دەکا.
جەنابی مامۆستا سەید جەلال الدین کورِی قازی شێخ ساڵح، کورِی سەید محەمەد، کورِی عەبدوڵلایە. ساڵی 1306 ک خ لە شاری بانە و لە خانەوادەیێکی ئایینی ئەو شارە لە دایک بووە. هەر لە منداڵییەوە نێردراوەتە بەر خوێندنی فەقێەتی، سەرەتا لە بەر دەستی خوالێخۆشبوو قازی شێخ صاڵحی باوکیدا خوێندوویەتی و لە دوای مەرگی باوکیشی دوای ماوەیەک دابرِان لە خوێندن، لە ساڵی 1320 چووەتەوە فەقێیەتی و ئیدامەی بە خوێندنەکەی داوە. ساڵی 1324 چووەتە ناو کۆمەڵەی ژێکاف و برِیاری داوە دڵسۆز بۆ کورد و فیداکار لە ڕێی ئازادی کوردستان بێ. لە دوای ئەم برِیارە و هاوکات لەگەڵ خوێندنەکەی هەموو دەمێ دڵی لای کوردایەتی بووە.
لە ناوچەکانی بانە، #بۆکان#، #مەهاباد#، پشدەر، #شنۆ#، لاجان و #مەریوان# دا لە بەر دەستی مامۆستایانی گەورە خوێندوویەتی.
لە دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی گەڕاوەتەوە شاری بانە و لە مزگەوتی قازی شێخ صاڵح (کە لە دوایی دا بە مزگەوتی شێخ جەلال ناوی دەرکرد) تەدریسی کردووە، لە کاتی مەلایەتیدا هەموو دەمێ باوەڕِ پێکراوی شۆڕشگێرِانی گەلەکەمان بووە و حوجرەکەی جێ حەوانەوە و پەنای شۆرِە سوارانی گەل بووە و هاوکاری کردوون.
لە سەرهەڵدانی خەڵکی کوردستان دژ بە دەسەڵاتی شایەتی، دەور و نەقشی بەرچاوی بووە، بەتایبەت لە شاری بانە بەردەوام دنەی خەڵکی ئەو شارەی داوە کە وێکرِای جەماوەری ئێران بچنە مەیدان، وە بەردەوام پێشەنگی ئەو جەماوەرە بووە، لەنێوەندی ساڵی 1357دا بەهۆی هاندانی جەنابی مامۆستا وە خەڵکی شاری بانە ڕِژانە سەر شەقامەکان و دژ بە ڕژیمی ئەو دەم شیعاریان دا. هەروەها جوێ لە شاری بانە و تا سەرکەوتنی شۆڕش بەشداری کردووە لە تەزاهووراتی جەماوەری شارەکانی #سەردەشت# و #سەقز# و بۆکان و زۆر بەتوندی دژ بە دەسەڵاتی ناوەند قسەی کردووە و هێرشی بردوونە سەر.
لە باری فکریەوە تاک ڕەوی نەکردووە، فاکت و بەڵگە ئەوەیە کە لە دوای ڕووخانی ڕژیمی شا، لە شاری بانەدا شۆرایێکی پێک هێنا بۆ بەڕێوەبەری شار، ئەندامانی ئەو شۆرایە بە زۆری لە باری فکریەوە سەر بە هێزە چەپەکان بوون، ڕاستە حەزی کردووە ئەوانەی دەوروبەری هاوفکری خۆی بن، بەڵام تەحەموولی فکر و بیری دیکەشی هەبووە. لە کاتی درووست بوونی هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕژیمی خومەیینی لە کۆتایی زستانی 1357 ئەندامی هەیئەتەکە بووە و لە کۆبوونەوەکاندا چالاکانە بەشداری کردووە.
لە ساڵی 1358دا و هاوکات لەگەڵ سەفەری جەنابی مامۆستا شێخ عێزەالدین بۆ تاران و دیداری لەگەڵ خومەیینی، جەنابی مامۆستا لەگەڵ پۆلێک لە مامۆستایان و کەسایەتییە سیاسییەکانی ناوچەکە جەولەیێکی سیاسیان بۆ شارەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کامیاران، ڕوانسەر، جوانرۆ، پاوە، نەوسوود، نۆدشە و دزڵی) دەست پێ کرد و هانی خەڵکی ئەو شارانەیان دا بۆ یەکریزی و بەرزبوونەوەی هەستی کوردایەتی تیایاندا.
هەر ئەو ساڵە لەگەڵ پۆلێک لە ڕووناکبیران و مامۆستایانی ئایینی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەالدینی دامەزراند کە لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستاندا بنکە و هەڵسوورِانی هەبوو. لە دوای فەتواکەی خومەیینی لە 28ی گەلاوێژی 1358 و هێرشی پاسدار و بەکرێگیراوانی ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بۆ سەر کوردستان، دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەالدین کە لەلایەن جەنابی مامۆستا سەید جەلال الدینەوە ئیدارە دەکرا، بەباشی بەرەنگاری ئەو هێزانە بووەوە. لە ڕۆژی 10ی خەزەڵوەری 1358 دا (جێژنی قوربان) پێشمەرگەکانی دەفتەر ڕووبەڕووی هێزەکانی گاردی جاویدان (سپای قودس) بوونەوە (کە ڕژیمی خومەیینی ناردبووی بۆ سەرکوتی شۆڕشی گەلی کورد) هێزی پێشمەرگە ئەو هێزە زەبەلاحەی ڕژیمیان لە بەر یەک هەڵوەشاند و تەفر و توونایان کرد.
لە دوای ئەوەی مامۆستا شێخ عێزەالدین ئامادە نەبوو ڕێبەرایەتی هیچ تەشکیلاتێک بکا و ڕایگەیاند کە هێزی چەکداری نییە، لە 5ی خەرمانانی 1359دا جەنابی مامۆستا سەید جەلاالدین و ژمارەیێکی دیکە لە مامۆستایان و کەسایەتییە شۆڕشگێرِەکانی کوردستان، سازمانی خەبات ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دامەزراند، کە ئەو دەم لەسەر دوو چەمکی نەتەوەیی و ئایینی دامەزرا، هۆی دامەزرانی سازمان لەسەر ئەو دوو چەمکە ئەوە بوو کە تێکرِای هێزە سیاسییەکانی کوردستان لایەنی چەپیان گرتبوو و پێویستی دەکرد هێزێک لەم ڕاستایەدا بێتە مەیدان و ئەو بەشە لە خەڵک کە تەمایولیان نییە بە لای چەپیگەریدا، لە دەوری ئاڵێن. لە سەرەتادا لەگەڵ بوونی کۆسب و تەگەرەی زۆر لەلایەن هێز و لایەنەکانی دیکە کە بانگەشەی دیموکراتی و مافی یەکسان... و هتد یان بۆ خەڵکی کوردستان دەکرد، بەڵام بەپراکتیک چاویان بە بوونی لایەنی دی هەڵنەدەهات و بەتەواوی توانایان دژایەتیان دەکرد، لەناو خەڵکدا قسە و قسەڵۆکیان بۆ هەڵدەبەست و کاری چاکیشیان بە خراپ بۆ حیساب دەکردن، لەگەڵ ئەوانەش دا سازمانی خەبات بە باشی بەرەو پێش چوو و لە زۆربەی هەرە زۆری ناوچەکانی کوردستان کار و چالاکیان دەکرد و لە ماوەیەکی کوورتدا ناو وناوباگێکی باشی داخست.
پێشمەرگەی سازمانی خەبات دەس و داوێن پاک و ڕِەوشت بەرز بوون کە ناوبانگیان، لەسەر هەموو دەم و زارانە، لە چالاکیشدا وەک بەوری بەیان و پلینگ چیا و هەڵۆی سەرشاخانن، لەگەڵ نەبوونی ئەزموونی ئەوتۆ لە باری پارتیزانی، بەڵام ورە و چاونەترسیان ببوە داستانی نێو کۆرِ و کۆبووەنەوەی خەڵکی دێ و شاری کوردستان.
ئەوەی کە هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەباتی وا چوست و چالاک و لە بەر دلان شیرین دەکرد، بوونی ڕێبەری جەنابی مامۆستا بوو کە زۆر بە لێبرِاوی لە مەیداندا بوو و بە بوونی کورِەکانی لە پێشەوەی ڕیزی پێشمەرگەدا و فیداکاریان وای دەکرد کە پێشمەرگەش بەبێ هیچ شک و گومانێک و بێز و بۆیێک قۆلی لێ هەڵماڵن و ئەرک و ڕاسپاردەکانی سازمانەکەیان بەڕێوەبەرن. زۆر جار لە بەڕێزیانم بیستووە: ئەو جەوڵەم بەلاوە خۆشە کە کورِەکانم لە پێشەوە بن. ڕاستە کورِەکانی لە ئەساسدا شۆڕشگێرِ و کارامە و دەستگەرمن، بەڵام ئەوەی کە جەنابی مامۆستاش نەیگێرِاونەوە و دەستی وەبەر نەناون و هانی داون، دەوری کاریگەریی هەبووە کە ئەزموون وەرگرن و لە کاروباری شۆڕش دا قاڵ بن.
هەر چەند کاک سەید عەبدولکەریم فەرماندەی لێهاتوو، یەکێک لە جگەر گۆشەکانی مامۆستا هەر زوو مەرگ بەرگ و پەلکی گوڵی ژیانی پەرِپەرِ کرد و هەڵیوەراند، کۆچی بێوادەی ئەو ئازا و ئازادە لە دڵ و جەرگی هەموو ئەندامانی خانەوادە و سازمانی خەبات و بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستانی وەژان هێنا، بەڵام نە لە دەست چوونی ڕۆڵە و نە هیچ کارەساتێکی جەرگ برِی دیکە بەڕێزیانی بۆ ساتێکیش لە مەیدان وەدەر نەنا، بگرە سوورتر و بەگوورِتر لە جاران بانگەشەی شۆڕش و بەرخۆدان و کوردایەتی دەکرد.
لە کۆنگرەی دووەمی سازمان کە لە ناوچەی ڕانیە گیرا جەنابی مامۆستا بە زۆرینەی دەنگ بۆ سکرتێری سازمان هەڵبژێرایەوە و بەردەوام بوو لە ڕێبەری کردن و بەرەو پێش بردنی کار و ئەرکەکانی. لە کۆنگرەی سێیەمدا لەشاروچکەی تۆبزاوا لەنزیک #هەولێر# لە ساڵی 1385 بەسترا، لەم کۆنگرەدا زۆرینەی دەنگی نەهێنایەوە بۆ سکرتێری بەڵام وەک ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا و ئەرکی سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی چاپەمەنی سازمانی لە ئەستۆ گرت و بە بێ دوو دڵی و بە باشی تا کۆنگرەی چوارەم ئەرکەکەی بەڕێوە برد. لە کۆنگرەی چوارەم دا بۆ هیچ پلەیێک خۆی کاندید نەکرد و ئێستا هیچ بەرپرسایەتیێکی ڕەسمی لە ئەستۆ نییە و خەریکە بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانییەوە. هیوادارم پەلەی لێ بکا و بەزوویی تەواوی کا کە چیتر ئۆگرانی چاوانوارِی نەبن و کەڵکی لێوەرگرن.
وەک پێشتر گووترا جەنابی مامۆستا سەید جەلال الدینی حسێنی لە باری زمانەوانی و شیعر و شاعریشەوە دەستی بالای هەیە و لەگەڵ ئاوارەیی چیا و چۆڵ و شیو و دۆڵ و بن بەرد، لەگەڵ ژان و ئێش و دەرد و ئازاران لە هۆونراوەکاندا زۆری هونەر نواندوە، لەم بارە نازناوی (پەژار) ی هەڵبژاردوە. وابزانم هۆی ئەم هەڵبژاردنەش ئەوە بووبێ کە هەمیشە پەژارەی گەلە زۆرلێکراوەکەیەتی. چونکوو ئەگەر چاوێک بە هۆنراوەکانی دا بگێرین پێمان دەسەلمێنێ تا چەند هەستی بە ئازار و دەردەداری گەلی کورد دەکا و شەو و ڕۆژ بەو داخ و کەسەرە. زۆربەی هەرە زۆری شیعرەکانی بە سەر ماڵوێرانی و زۆرلێکراوی کورد و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانییەتی.