سەرەتا پێویستە ئەم شارە، لە چەند دێڕێکیشدا بێت، بناسێنین، تەنانەت ئەگەر گرفتی گەورە لە هەر پێناسەیەکدا هەبێت کە بۆی بکرێت. ئاشکرایە پرسی پێناسەکردنی هەر شوێن و دیاردەیەک پشت بە دوو ڕەگەز دەبەستێت، یەکەمیان: ئەوەی کە لەفەرهەنگە فەرمییەکاندا دیاریکراوە و لەبارەیەوە هەیە، دووەمیان: ئەوەی کە لەواقعی حاڵدا بەردەستە و بەشێوەیەکی ماددی دەبینرێت. واتە چ بەپێی فەرهەنگەکان و چ بە پێی واقعیش بێت، پێناسەکردنی #جەلەولا# لە ئێستادا گرفتی خۆی هەیە، چونکە ئێمە لەبنەڕەتدا کێشەی سیاسیی گەورەمان لەگەڵ ئەو واقعەدا هەیە کە بەدرێژایی مێژوو بەسەر ئەم ناوچەیەدا سەپێنراوە، هەڵەکە ئەوەیە تەنانەت هەندێک لەنووسەران و لێکۆڵەرانی خۆشمان، لەپێناسەکردنی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکاندا دەکەونە داوی هەڵەی پێناسە ئامادەکراوەکانەوە بەبێ بیرخستنەوەی ئەم گرفتە، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت لێرەدا ئەو لایەنانەی پێناسەی جەلەولا بخەینەڕوو کە لە دەرەوەی گرفتی مێژوویی ناسینێتی.
جەلەولا، شارەدێیەکی گەورەی سەربە شارۆچکەی #خانەقین#ە کە ناوچەیەکی کوردستانییە و لە دۆخی ئێستای ئێراقداو لە ڕووی کارگێڕییەوە کراوەتە بەشێک لە پارێزگای دیالە. شارەکە، وەک خۆی، لە ساڵی (1958ز) دا کراوەتە شارەدێو کۆمەڵێک گوندی شارەدێی قەرەتەپەو شارۆچکەی خانەقین-ی خراوەتەسەر. ڕووبەری جەلەولا (467کم2) ە، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانییش کە لە ساڵی (2003ز) دا کراوە، ژمارەی دانیشتووانەکەی (54733) کەسە لە کاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەی خانەقین لە هەمان مێژوودا (53965) کەس بووە. لە ساڵی (2007ز) یشدا ژمارەی دانیشتووانی جەلەولا زیادبووە و تامانگی شوباتی ئەو ساڵە گەیشتۆتە (63602) کەس. لە ڕووی نەخشەی جوگرافیشەوە، ئەم شارە دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای شاری خانەقین و کەناری ڕووباری سیروانەوە، شارەدێی کوڵەجۆ دەکەوێتە باکوورییەوەو شارەدێی قەرەتەپە-ش ڕۆژاوای، بە کەمتر لە45 کم-یش لە شارۆچکەی #کەلار#ەوە دوورە کە دەکەوێتە باکووری نەخشەی شارەکەوە، لە بەشی خۆرهەڵاتیشەوە تەنیا 40 کم لە سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دوورە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2010/4858/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=جەلەولا=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2010/4858/0002.JPG=KTML_Photo_End=
$جەلەولا، یان گوڵاڵە؟$ بەسەرهاتی ناونانی جەلەولا بەم ناوەوە، جۆراوجۆرو جیاوازە. لە هەندێک لەو سەرچاوانەی کە لەسەر بنەڕەتی ناوی ئەم شارە وەستاون، زانیاریی ئەوەمان دەخەنە بەردەست کە ئەم شارە پێش ئەوەی بەو ناوەی ئێستایەوە ناوزەد بکرێت، ناوێکی کوردیی پەتی و شیرینی هەبووە و ناوی (گوڵاڵە) بووە. لێرەدا دوو ئاماژەی بابەتی هەن بۆ ئەوەی باوەڕمان بەوە هەبێت کە ناوی جەلەولا پێشتر گوڵاڵە بێت، ئاماژەی یەکەم پەیوەندیی بەسرووشتی کەشوهەوای ناوچەکەوە هەیە کە لە وەرزی بەهاراندا گوڵاڵەی سوورەی زۆری لێ دەڕوێت، تەنانەت گوڵاڵە سوورە لە#گەرمیان#یشداو لەو وەرزەدا بەسرووشتی شاخ و دەشت و لاپاڵەکانی ناوچەکەدا پەخش و بڵاودەبێتەوە. ئاماژەی دووەم ئەو گۆڕانکارییە فۆنەتیکی و زمانەوانییانەیە کە لە نووسینی ناوی گوڵاڵەدا ڕوودەدات بە زمانی عەرەبی.
لە زمانی عەرەبیدا پیتی (گ) دەکرێتە (ج/ جیم) ، پیتی (ڵ) یش دەکرێتە (ل/ لام) و حەوتەکەی سەری ناخوێنرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی بە سرووشتی زمانەکە زۆر جار لە زمانی عەرەبیدا وشەی بیانی دەشکێنرێت و گۆڕانێکی زارەکی (لفڤی) بەسەردا دێت، لێرەوە لەبری ئەوەی لەعەرەبیدا بنووسرێ (گوڵاڵە) دەنووسرێ (جولالە) ، ئەم جولالە-یەش لەئاخاوتندا گۆڕانی بەسەرا هاتووە و وا گریمانە دەکرێت کە بەدرێژایی کات بووبێتە ئەم جەلەولا-یەی ئێستا، بۆیە گریمانەیەکی دوور نییە لەراستییەوە.
$ڕووداوێکی مێژوویی، ئاوێنەیەک بۆ ئەمڕۆ$ لەلایەکی ترەوە، هەندێک سەرچاوەی تری کوردی دەڵێن کە پێشتر ناوی جەلەولا هەر گوڵاڵە بووە، بەڵام گۆڕانی ناوەکەی بۆ جەلەولا پەیوەستە بە ڕووداوێکی مێژوویی نێو زنجیرە فتوحاتی ئیسلامییەوە کە بریتییە لەفەتحکردنی سوپای ئیسلام بۆ ئەم شارە لە ساڵی 16ی کۆچی / 637ی زاینی، ئەمەش دوای ئەوەی کە سوپای ئیسلام سوپای ئیمبراتۆرییەتی ساسانیی دەشکێنێت و کوژراوێکی زۆر لەریزی سوپای ساسانیدا ڕوودەدات، بە جۆرێک کە، وەک لەریوایەتە مێژوییەکاندا هەیە، تەرمی کوژراوەکان، لە زۆریدا، گۆڕەپانی شەڕەکە دابپۆشن و بەسەریەکا کەڵەکەو سەفتە ببن، بە گوزارشتە عەرەبییەکەش ڕیوایەتەکە بەم جۆرەیە:
(جللوا الارچ بالجپپ، ای غگت جپپهم الارچ کالجل) ، هەر لێرەوەشەوە ئیتر ناوی جەلەولا لە شوێنی ڕووداوەکە نراوە کە جەلەولا-ی ئەمڕۆیە.
ئەگەر سەرنج بدەین، ئەم ڕووداوە دوو ئاماژەی مێژوویی تیایە کە دەستپێکە بۆ لەباربردنی هەر سەقامگیرییەک لە ژیان و گوزەرانی خێڵە کوردییەکانی ناوچەی جەلەولادا. ئاماژەی یەکەم ئەوەیە کە، بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی، بەشی زۆری ئەو لەشکرەی کە سوپای ساسانییان لەو شەڕەدا پێکهێناوە لەخێڵە کوردییەکانی ناوچەکە بوونە. ئاماژەی دووەمیش بریتییە لەبەعەرەبکردنی ناوچەکە و پێش هەرشتێکیش ناوەکەی، چونکە وەک دەوترێت لەو شەڕەدا نزیکەی (100.000) سەد هەزار کەس لەریزی سوپای ئیمبراتۆرییەتی ساسانی کوژراون کە ئەمانە زۆربەیان لەکوردەکان بوونە، ئەمە جگە لەناوەکەیش کە دەستبەجێ بە گوڵاڵە-ی کوردی نەهێڵراوەتەوەو بەعەرەبکردن کراوە و کراوەتە جەلەولا.[1]