شارەدێیەکە، دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی #پشدەر# لە پارێزگای #سلێمانی#، باشووری کوردستان.[1]
$ناو$
ناوەکەی بۆ زمانەکانی بەر لەزایین دەگەڕێتەوە و ناوی (شیوێدێ) بووە.
ھەڵکەوتەی جوگرافیای ھەڵشۆ وەھایە کە لەناو چیا و گرد و شیودایە، شیوەکانی لە وەرزی بەھاردا بەھۆی دابارینی زۆرەوە ئاوی شیوەکانی ھەڵدەستێ و دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی ھەیە بەم دیمەنەیان وتووە ھەڵچوونی شیوەکان واتا وشەی ھەڵشۆ لە دوو وشەی (ھەڵچوو+شیو) ھاتووە و بەپێی کات گۆڕداراوە و بووەتە ھەڵشۆ.
$جوگرافیا$
شارەدێی ھەڵشۆ ھاوسنوورە لەگەڵ؛ لە باکوورەوە شارەدێی #ژاراوە#؛ لە باشوورەوە شارەدێی #ھێرۆ#؛ لە ڕۆژھەڵاتەوە شارستانی #سەردەشت# لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان؛ لە ڕۆژاواوە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی پشدەر.
$ڕووبەر$
ڕووبەری ئەم شارەدێیە (166کم2)یە لە (0٫82٪) پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێت و (11٫87٪) شارۆچکەی پشدەر پێکدەھێنێت.
لە ڕووی ڕووبەرەوە لە ئاستی (سێیەم)ە لە شەش شارەدێی شارۆچکەی پشدەردا.
$دانیشتووان$
تەواوی دانیشتووانی ئەم شارەدێیە کوردن، بە پێی پێشبینی دەستەی ئاماری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020 دانیشتووانی ئەم شارەدێیە (10،115)کەسە.
لە ڕووی دانیشتووانەوە لەسەر ئاستی (چوارەم)ە لە شەش شارەدێی شارۆچکەی پشدەر.
$مێژوو$
شارەدێی ھەڵشۆ مێژوویەکی کۆنی نییە لە ساڵی 2000دا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درووستکرا، بە دابڕانی 56 گوند و کەرت لە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی پشدەر. ناوەندەکەشی شارەدێی ھەڵشۆیە.