- هەڵگیرسانی شۆڕشی کوردەکانی زازا لە باکوور.
- چوونی میستەر ڕیچ بۆ شاری سنەی خۆرهەڵات، کە تێبینیی ئەوەی کردووە کە خەڵکەکە هەموویان لە تاو فەرمانڕەوایی قاجاری خەمبار بوون.
- دانیشتوانی شاری سلێمانی گەیشتۆتە دەهەزار کەس، بە پێی ئامارێکی شارەزای کورد کە نێوی نازانرێ و میستەر ڕیچ باسی کردووە، هەروەها باسی ئەوەشی کردووە کە سلێمانی دوو مزگەوتی ڕێک و جوان و گەرماوێکی پۆشتەشی تێدایە.
- لە دەوروبەری ئەم ساڵەدا، ژمارەی گۆرانەکان لە ناوچەی شارەزووردا، چوار تا پێنج هێندەی خێڵەکییەکان بوون.
- میستەر ڕیچ، تێبینیی ئەوەی کردووە کە لە نێوچەکانی سلێمانیدا نەخۆشیی ئاوڵە زۆر بەربڵاو بووە و خەڵکێکی زۆری کووشتووە.
- لەم ساڵەدا، شاری سلێمانی دوو هەزار خانووی کوردی موسڵمان و سەدوسی خانووی جوولەکە و نۆ خانووی کوردی دیان و کلدانیی تێدا بووە، کە کەنیسەیەکی داڕووخاویشی تێدا بووە و پێنج خانووی ئەرمەنیشی لێ هەبوون، هەروەها پێنج کاروانسەرا و پێنج گەرماویشی تێدابووە کە یەکێکیان زۆر باش بووە.
- لەیلێ گیان، ئەز دەنا"م، مەمکوژە بەناز، مەلەکێ جان و ئازیزێ، نێوی ئەو گۆرانییە بەنێوبانگانە بوون، کە لەم ساڵەدا میستەر ڕیچ لە سلێمانی بیستوونی.
- لەم ساڵەدا: مەولانا خالیدی نەخشبەندی، دوازدە هەزار موریدی لە کوردستان و تورکیا و وڵاتە عارەبییەکاندا هەبووە و خەڵکی بە وەلی و هەندێکی تر بە پێغەمبەریان زانیوە.
- ژمارەی ماڵی کورد لە شاری ئامێدی 1000 ماڵ بووە و 200 ماڵی جوولەکە و 50 ماڵی دیانیشی تێدا بووە.
- ئامریکا، بەهۆی مسیۆنێرە ئایینییەکانەوە، بنکەی خۆی لە کوردستان دانا.
- لەم ساڵەدا میستەر هارت چووەتە سلێمانی و ژمارەی دانیشتوانی بە 10000 کەس داناوە و ژمارەی ماڵەکانیشی بە 4412، کە 130 ماڵیان جوولەکە و 9 ماڵی کلدانی و 5یان ئەرمەنی بوون و 5 مزگەوتیشی تێدا بووە.