ناو: مومتاز
نازناو: مومتاز حەیدەری
ڕۆژی لەدایکبوون: #08-03-1938#
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
$ژیاننامە$
مومتاز حەیدەری تەمەنێکی بە بەرهەمی لە ڕۆژنامەوانی کوردیدا هەبووە و ئێستاش لە کارکردندا چالاکە، هەر کە نزیک دەبیتەوە لە ماڵەکەی، بۆنی گوڵ و مانای پەڕتووک بەرەو ڕووت دێ.
ڕۆژی 08-03-1938 لە شاری هەولێر لەدایکبووە، هەر لەو شارە دەخرێتە بەر خوێندن و تا پۆلی چوارەمی سەرەتایی دەخوێنێت، بەهۆی بەندکردنی برا گەورەکانی (عاسم، ساڵح، جەمال، موهیب) لە ساڵی 1949 لەخوێندن دادەبڕێ و دوای شەش ساڵ دابڕان، لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییەوە دەست بەخوێندن دەکاتەوە و تا پۆلی سێیەمی ناوەندی بەسەرکەوتوویی دەبڕێت، بەهۆی هەلومەرجی سیاسیی کوردستانەوە، لە ساڵی 1961 دەستگیر دەکرێ و ڕەوانەی باشووری ئێراق دەکرێ و لە ئەزموونی بەکالۆریا بێبەش دەبێ.
دواتر بە بڕیاری حزبی شیوعی ئێراق، بە نهێنی دەچێتە مۆسکۆ و پەیمانگای زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەسەرکەوتوویی تەواو دەکات.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2010/9367/0024.JPG=KTML_Photo_Alt=مومتاز حەیدەری=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2010/9367/0024.JPG=KTML_Photo_End=
مومتاز حەیدەری کادیرێکی هۆشیار و تێکۆشەری دیاری حزبی شیوعی ئێراق بووە، لە شانە نهێنییەکانی حزب و لە سەنگەری پێشمەرگایەتیدا خەباتی کردووە و لە زیندانەکانی بەعس نموونەی تێکۆشەری ئازا و جەسوور و بەهەڵوێست بووە.
لەشاخ و لەشار، لە دەزگای ڕاگەیاندنی نهێنی و ئاشکرای حزبدا بایەخی بەبواری ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری داوە، وەک پەیامنێر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس خزمەتی کردووە و شوێن پەنجەی بە میدیاکانی حزبی شیوعی ئێراقەوە دیار بووە.
حەیدەری لە ڕێکخراوە پیشەییەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد- لقی هەولێر، کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کورد- لقی هەولێر، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کاری کردووە و لەڕێی ئەو سێ ڕێکخراوەوە خزمەتی زۆری بە نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان کردووە.
حەیدەری وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ و ئازاد، لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک: (نووسەری نوێ، ڕۆشنبیری، نووسەری کورد، هاوکاری، العراق و پاشکۆکەی، کوردستانی نوێ، ڕۆژنامەوانی) و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی دیکە، کاری کردووە و بەرهەمەکانی بڵاو کردۆتەوە.
ساڵی 1985 پەڕتووکخانەیەکی ئەهلی بەناوی پەڕتووکخانەی حەیدەری لە شاری هەولێر کردەوە، پەڕتووکخانە بووە جێژوانی نووسەران و ڕووناکبیران و ناوەندێکی مەعریفی و سیاسی بوو، ڕۆڵی دیاری لەهۆشیاریی کولتووری و سیاسیی ئەو سەردەمەدا هەبووە، هەر بۆیە لەلایەن دەزگای ئەمنییەکانی بەعسەوە داخرا.
لە ساڵی 2008ەوە سەرنووسەری هەردوو گۆڤاری (کەی 21، لەیلا قاسم- لەیلا زانا) بووە کە دوو گۆڤاری گرنگ و سەنگینی کولتووری و زانستی و مێژوویی وەرزی بوون.
حەیدەری خاوەنی پەڕتووکخانە و ئەرشیفێکی دەوڵەمەندە، لە 25 ساڵی ڕابردوودا، دەیان نووسەر و توێژەر و زیاتر لە لە 400 خوێندکاری ماستەر و دکتۆرا سوودی زۆریان لێوەرگرتووە.
حەیدەری لە هیچ زروف و زەمانێکدا ملی بۆ هیچ زۆردارێک کەچ نەکردووە و وەک قەڵەمێکی ئازا و ئازادیی نیشتمانی بەسەرکەشی ماوەتەوە.
حەیدەری هەمیشە لە خزمەتی کلتوور و پەڕتووکدا بووە و پەڕتووک پەروەر و کولتوور پەروەرێکی دڵسۆزە و هەموو سەرمایەکەی بۆ پەڕتووک خەرج کردووە، سەرمایەکەشی هەر پەڕتووکە.
زیاتر لە 62 ساڵە خەریکی نووسینە بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبییەکان جگە لەوەی خاوەنی خەرمانێک پەرتووکە.
حەیدەری خاوەنی خەرمانێک پەڕتووک و بەرهەمی چاپکراوە، لەوانە: (جەنابی مەلای گەورە، مستەفا شەوقی و پەیژە، یادی چل ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول (1961-2001) ، داری ماوەران، یادی 25 ساڵەی جینۆسایدی کوردان، قامووسی ناوە نەمرەکان، عەزیز محەمەد ناو و پەڕتووکێکی گەورەی مێژوویی، #مام جەلال# لوتکەی گەورەیی، حەیدەرینامە، جەژنی پەڕتووک و چەندانی پەڕتووک و بەرهەمی دیکەی ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیری.
حەیدەری بەردەوامە لەسەر کار و بەخششە کولتوورییەکانی، ئێستا 2023 سەرقاڵی ئامادەکردنی کۆ بەرهەمەکانێتی، کە پێدەچێ 15 بەرگ دەربچێت.
لەبارەی پەرتووکی حەیدەرینامە لە چاوپێکەوتنێکدا حەیدەری دەڵێت:
حەیدەرینامە بۆیە لەدایکبوو لەم ساڵانەی دوایی بە تایبەتی پاش ڕاپەرین، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووس و حزبەکان و خەڵک بەسەر کۆمەڵێک ڕەنگ و ئایدۆلۆجیای جیاواز دابەش بوون، لە ماوەی ئەو 100 ساڵەی دوایی تێکۆشانی کوردایەتیماندا کۆمەڵێک مرۆڤی گەورە بەهەردوو ڕەگەزەوە بە خوێن و فرمێسک ئەو ڕۆژەیان درووست کرد، بەڵام بەداخەوە فەرامۆش کران. مامۆستا هەژار شتێکی زۆر جوانی وتووە (مردوو لینگی درێژ دەبێت) ، پاش مردن ڕۆ ڕۆ بۆ ئەو مرۆڤە گەورانە دەکەن و تا لە ژیاندان هیچیان بۆ ناکەن و ڕێزیان لێ ناگێریت.
بەشبەحاڵی خۆم بۆ کۆمەڵێک کەس کە تا لەژیاندا بوون شتم بۆ نووسیون وەک مامۆستا عەلائەدین سەجادی و ڕەمزی مەلا عارف و دڵزار و کەریم شارەزا و عەزیز محەمەد، هەستم کرد ئێمە وەک بنەماڵەی حەیدەرییان لە سەرەتای چلەکانەوە لە هەولێر و ئاستی کوردستان بەگشتی کۆمەڵێ گەنجی خوێنگەرم، لەوانە براکانم (عاسم و ساڵح و جەمال و موهیب) ، لە بنەماڵەی دزەییان (ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی و موحسین دزەیی و ئەنوەر دزەیی و جەوهەری حسێنی مەلا و یەحیا سەلیم) و کۆمەڵێک پێشتر لە حزبی هیوا مستەفا عوزێری، ئەوانە هەموویان فەرامۆش کرابوون.
خۆم وەک گەنجێکی کورد لە پەنجاکانەوە لەگەڵ کولتوور و ڕۆژنامەوانی و کوردایەتی دەژیم لە چوارچێوە گشتییەکەیدا، ئەوانیش فەرامۆش کرابوون، لەبەرئەوە پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکەم و ماڵاوایی لە ماڵ و پەڕتووکخانەکەم و نیشتمان بکەم، بیرم کردەوە ئەوەی پێم دەکرێت ئێستە بیکەم، بۆیە ئەو پەڕتووکە بەو شێوەیە لە چەند تەوەر و فایلێک لەدایک بوو.
هەر دەربارەی پەرتووکی حەیدەرینامە پرسیاری ئەوەی لێدەکرێت ئایا دەکرێت بەم بەرهەمە بوترێت ئینسکلۆپیدیای بواری ڕۆشنبیری کوردی؟
لە وەڵامدا دەڵێت:
بەڵێ لە جەوهەردا ئینسکلۆپیدیایە، ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی لەو پەڕتووکەدا ناویان هاتووە و چەندان بابەت و پرسی گرنگ لە حەیدەرینامەدا تیشکی خراوەتە سەر، ئەو فایلەی مەدالیای نەمری کە بە 69 کەسایەتی بەهەردوو ڕەگەزەوە بەخشراوە لە کۆن و ناوەڕاست و ئێستا، تا دەگاتە #کۆبانی# و #عەفرین#، ئەو کەسە گەورانەی لە پەڕتووکەکەدا ناویان هاتووە و مەدالیای نەمرییان پێ بەخشراوە، هەموویم بەوردی خستووەتە ڕوو، بۆیە پێویستە لە زانکۆکان بەتایبەتی بەشی ئەدەبیات و مێژوو و کۆمەڵناسیش، بخوێنرێن. چونکە بە سەدان ناو زیندوو کراونەتەوە، تەنانەت ناو و وێنەی ئەوانەی لە پەڕتووکی قامووسی ناوە نەمرەکان هاتووە دووبارەم کردوونەتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر بخرێتە بەرچاوی نەوەی نەوێ. [1][2][3]