شارستانی نەغەدە، یەکێک لە شارەکانی پارێزگای #ورمێ#ە. ناوەندی ئەم شارستانە شاری نەغەدەیە. بە پێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2006 ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارستانە 117٬831 کەس بووە کە 59٬250 کەس لەم ژمارەیە نێر و 58٬581 کەسیان مێ بووە. ئەم شارستانە لە باکورەوە هاوسنورە لەگەڵ شارستانی ورمێ و دەریاچەی ورمێ و لە باشوورەوە لەگەڵ شارستانی #مەهاباد# و شارستانی #پیرانشار# و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ شارستانی مەهاباد و شارستانی #میاندواو# و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ شارستانی #شنۆ#.
=KTML_Bold=مێژوو=KTML_End=
دەشتی سەندوس بەپێی ئەو کنەو پشکنینانەی لەناوچەکەدا کراوە لەسەر پاشماوەی ئێسک و پرسک و گیای ناوچەکە بەتایبەت لە کێوی لاواشلو دەگەرێتەوە بۆسەدەی سێیەمی جیۆلۆجی و تەمەنی ناوچەکە (500)ملیۆن ساڵ دەبێت.
لەلایەکی کەوە گردی حاجی فەیروز هەیە کە دەکەوێتە (8کم)ی باکوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی نەغەدەوە و پاش پشکنین و هەڵکەندن کە ئێسکی مرۆڤی تیا دۆزرایەوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکەمی چاخی بەردین و یەکێکە لە گردە هەرە دێرینەکانی ئێران و جیهان.
هەروەها شوێنی دێرینی حەسەنلو کە لە (55) گردی گەورەو بچوک پێکهاتووە و کەوتووەتە دەشتی نەغەدەوە.
هەروەها بەپێی بەڵگە و سەرچاوەکانی مێژوو ئەم دەشتی سەندوسە بەکار هێنراوە لە لایەن مادەکان و مانناکان و ئاشورییەکان و ئۆراتووەکان و لۆلۆییەکان و حۆریەکان و پاشان لەلایەن پارسەکان و ساسانیەکان و عەرەب و سەلجوقی و غەزنەویەکان و خوارزمییەکان.... مەغۆلەکان و ئاق قۆینلۆ و ئەفشارەکان.
لەسەردەمی مەغۆلەکان دا هۆلاکۆ خان وڵاتی ئێرانی داگیرکردوو ئەم هەرێمەی دا بە هۆزی سەلدوز هۆزی سەلدوز یەکێک بوون لە هۆزە دڵڕەق و ئازاکانی مەغۆل، ئەم هۆزە لەم تیرانە پێکهاتوون(سورغان شیرە و جیلاوغان و سودنویان و تودان و مەلیک بەهادر و چوپان) لەناو ئەم تیرانەدا جەنگیزخان تیرەی (سورغان شیرە)ی لەهەموویان خۆشتر دەویست لەبەرئەوەی کاتی خۆی ببوونە هۆی ڕزگار بوونی جەنگیزخان، هۆلاکۆ ژنی لەم تیرەیە هێنا بۆ ئەوەی بەهێزبێت لەناو مەغۆلدا، ئەم هەرێمە تائێستاش هەرناوی ئەم هۆزەی هەڵگرتووە، پاش نەمانی دەسەڵاتی مەغۆل ئەم هۆزە گەڕانەوە مەنگۆلیا، بەڵم پاش ئەوان هەندێ هۆزی سەر بە پەیڕەوی ئاق قۆینلو و قەرەقۆینلو جێی ئەوانی گرتووەتەوە و هەرلە سەردەمی ئاق قۆینلودا سەردارێکی سەر بە بنەماڵەی بابان بەناوی (ئەمیر بوداق کوڕی ئەمیر ئەبداڵ) کەناوچەکانی بابان و موکریان و ئەردەڵانی بەدەستەوە بوو هۆزەتورکەکانی لەو ناوەدا ڕاماڵی و لێی نەهێشتن و ناوی سەلدوز هەرمایەوە، پاشان لەلایەن هۆزە تورکمانەکانی قزڵباشەوە داگیرکرا بەڵام (ئەمیرسەیفەدینی موکری) لێیان ڕاپەڕی و لە ناوچەکەدا دەریکردن و دووری خستنەوە، شائیسماعیلی سەفەوی کاتێک بووە شای ئێران وویستی ئەم ناوچەیە بخاتە ژێرفەرمان ڕەوای خۆی بەڵام ئەمیر سەیفەدین خۆی خستە پاڵ سوڵتان سەلیمی پاشای عوسمانی و دواتر شەڕی چاڵدێران ڕویدا.... پاشان ئەمیری بۆ ئەمیر سارمی کوڕی مایەوە و ئەمیرسارم زۆر نەژیاو بێ وەجاخ مایەوە و ئەنجا دەسەڵاتی ناوجەکە چووە ژێردەسڵاتی شێخ حەیدەری موکری کە ئامۆزایان بوو، پاش هەرای موکریان و شەڕی قەڵای دمدم سەفەوییەکان ئەم ناوچانەیان دەدا بە سەرۆک هۆزەکان، لەسەردەمی قاجاریشدا عەباسی میرزا نائیب سەڵتەنە (800) ماڵی قەرەپاپاقی هێنایە ئەم ناوچەیە.
لە ساڵی (1886)دا و لەسەردەمی فەتح عەلی شای قاجاڕدا خێڵی قەرەپاپاق کە لە بنەچەدا لە ناوجەی قەفقاز بوون هێنرانە دەشتی نەغەدە کە زیاتر بۆ دژایەتی کردنی جوڵانەوەی کورد بەکاردەهێنران و نفوزی کوردیان پێ لاواز دەکرد، ئیتر لەم دەشتەدا بەکاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریک بوون.
شارستانی نەغەدە تاساڵی (1958) بەناوی ناوچەی سوڵدوز بوو لە شارستانی ورمێ، ناوەندەکەی گوندی ڕاهدانە بوو، پاش ئەوە لە ساڵی (1963)دا ناوەندی ناوچە گوازرایەوە بۆ شارۆچکەی نەغەدە، وە لەساڵی (1968) ناوی ناوچە گۆڕدرا بە شارستانی نەغەدە و پاش (28) ساڵ لەساڵی (1996) ناوچەی شنۆی لێجیاکرایەوە و بووە شارستان و ئەنجا ناوچەی محەمەدیاری بۆ دروستکرا.
=KTML_Bold=پێکهاتەی دانیشتوان=KTML_End=
ئەم شارستانە لەبەرئەوەی لەچەند پێکهاتەیەکی جیاواز پێک هاتووە لەرووی دانیشتوانەوە ئاڵۆزیەکی هەیە، لە کورد و ئازەری و پێکهاتووە، ئازەریەکان کەوتونەتە باکوری شارستانەکە و وە تێکەڵیان هەیە لە شارۆچکەی نەغەدە و گوندەکانی شیروان شەلی و میراوێ و بارانی عەجەم و یادگاریان و سەرالی سەروو و سەرالی خواروو و بەگم قەڵا و تازەقەڵا و ئۆخسار لەگەڵ کوردەکان، کوردەکان زیاتر دەکەونە باشوری ڕۆژهەڵات و باشور و ڕۆژاوای شارستانەکە.
دانیشتوانی شارستانی نەغەدە (112491) کەسە، دانیشتوانی ئەم شارستانە لەڕوی نەتەوەوە یەکسانن.وەک لەخوارەوەدا ڕوونکراوەتەوە:
رێژەی کورد لە شارستانی نەغەدە(49٪)ەیە، کەدەکاتە (54675) کەس.
رێژەی ئازەری لە شارستانی ساینقەڵا (51٪)ەیە، کەدەکاتە (57816) کەس.
ژمارەی دانیشتوانی شارۆچکەی نەغەدە دەکاتە (76990)کەس:
پێکهاتەی کورد لە شارۆچکەی نەغەدە دەکاتە (34646)کەس واتە ڕێژەی (45٪) دانیشتوانی شارۆچکەکە.
پێکهاتەی ئازەری لە شارۆچکەی نەغەدە دەکاتە (42344)کەس واتە ڕێژەی (55٪) دانیشتوانی شارۆچکەکە.
ژمارەی گوندەکانی ئەم شارستانە (93) گوندە بەم پێیە دابەش دەبێت:
گوندە کوردەکان (49) گوندە ژمارەی دانیشتوانیان دەکاتە (17846) کەس. دەکاتە (56٪)ی دانیشتوانی گوند.
گوندە ئازەریەکان (35) گوندە ژمارەی دانیشتوانیان دەکاتە (14536) کەس. دەکاتە (44٪)ی دانیشتوانی گوند.
گوندە تێکەڵەکان کە ژمارەیان (9) گوندە و ژمارەی دانیشتوانیان دەکاتە (3119) کەس، (2183)کەسی کوردە و (936)کەسی ئازەریە.
کەواتە ژمارەی دانیشتوانی کورد لەگوندەکاندا دەکاتە (20029)کەس بەڕێژەی (56٪)ی شارستانەکە.
کەواتە ژمارەی دانیشتوانی ئازەری لەگوندەکاندا دەکاتە (15472)کەس بەڕێژەی (44٪)ی شارستانەکە.