شارەدێیەکە، دەکەوێتە شارۆچکەی #چەمچەماڵ# لە پارێزگای #سلێمانی#، باشووری کوردستان[1]
شارەدێی سەنگاو سەرجەمی دانیشتووانەکەی کوردە، وەیەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی ئێراق، لە سەرەتادا لەگەڵ شارۆچکەی چەمچەماڵدا سەربە سنجاقی سلێمانی بوو، بەڵام لەگەڵ داگیرکاری ئینگلیز و درووستکردنی دەوڵەتی ئێراق بۆ کەم کردنەوەی لایەنگری شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید، شارۆچکەی چەمچەماڵ خرایە سەر پارێزگای #کەرکووک#، بەڵام بەھۆکاری سیاسی و پاکتاوکردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە پارێزگای کەرکووک دابڕێنراو لە ساڵی 1976دا شارۆچکەی چەمچەماڵ خرایەوە سەر پارێزگای سلێمانی، لە ئێستادا چارەنووسی ئەم شارەدێیە چاوەڕێی جێبەجێکردنی (ماددەی 140ی دەستووری ئێراق) دەکات.
لە شاڵاوی ئەنفالدا ئەم شارەدێیە لەسەر ئاستی شارەدێکانی باشووری کوردستان زۆرترین قوربانی داوە لە دوای شارەدێی قادرکەرەم.
$ناو$
وشەی سەنگاو لێکدراوی دوو وشەی (سەنگ+ئاو)، سەنگ بە واتای بەرد، ئەو جێگایەی شارەدێی سەنگاوی لێ درووستکراوە بەسرووشتی خۆی بەردی زۆری لێیە تەنانەت تەواوی شارەدێکەش ھۆکاری زیاتری ئەوەیە کەوتووتە دامێنی چیاوە، ھەروەھا سەرچاوەی ئاوی زۆری ھەیە، ئەم دوو وشەیە لێکدراوە و بووەتە سەنگاو.
وشەی سەنگاو بە واتای (گۆلاو) دێت، شوێنێک کە ئاوی بارانی لێ کۆ دەبێتەوە.
$جوگرافیا$
شارەدێی سەنگاو ھاوسنوورە لەگەڵ؛
لە باکوورەوە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی چەمچەماڵ، شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی قەرەداغ و شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی بازیان.
لە باشوورەوە لەگەڵ شارەدێی ئاوەسپی و شارەدێی شێخ تەویل
لە ڕۆژھەڵاتەوە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی قەرەداغ.
لە ڕۆژاواوە شارەدێی قادرکەرەم و شارەدێی ئاوەسپی.
ڕووبەری ئەم شارەدێیە (895کم2)ە لە (25٫79٪) شارۆچکەی چەمچەماڵ پێکدەھێنێت، و لە (4٫43٪) پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێت.
لە ڕووی ڕووبەرەوە لە ئاستی (یەکەمە) لە حەوت شارەدێی شارۆچکەی چەمچەماڵدا.
لە ڕووی دانیشتووانەوە لەسەر ئاستی (پێنجەمە) لە حەوت شارەدێی شارۆچکەی چەمچەماڵ.
ژمارەی دانیشتووانی ناحیەی سەنگاو لە ساڵی 2020دا (7٬395)کەسە.
$مێژوو
سەردەمی عوسمانی$
لەنێوان ساڵانی (1851-1869)
لەم ماوەیەدا شارەدێی سەنگاو شارۆچکە بووە و سەربە سنجاقی سلێمانی بووە و ناوی (مەحاڵ دەھلۆ (دەلۆ)) کە بەناوی ھۆزی دەلۆوە ناونراوە لە ناوچەکەدا ھۆزی دەلۆ باڵادەست بوون پێش ئەوەی ئەم ھۆزە ڕابگوێزرێن بۆ شارۆچکەی #کفری# لەلایەن عوسمانییەکانەوە، ناوەندەکەشی شارەدێی سەنگاو بووە.
لەنێوان ساڵانی (1869-1872)دا
قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجامدرا لەوانە:
ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی شارۆچکەکان: بەشێکی زۆری شارۆچکەکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بەناوی ھۆزەکانەوە بوو.
گۆڕینی ناوی (شارۆچکەی دەلۆ) بۆ شارۆچکەی سەنگاو ھۆکارەکەشی لەوانەیە بۆ گواستنەوەی زۆرەملێی (ھۆزی دەلۆ) بۆ ناوچەی کفری بێت.
لەم ماوەیەدا لیوای سلێمانی لە 16 شارۆچکە پێکھاتبوو کە یەکێکیان شارۆچکەی سەنگاو بوو.
لەنێوان ساڵانی (1873-1918)دا
(شارۆچکەی سەنگاو) و (شارۆچکەی زەنگەنە) بچووک کرانەوە و بوونە شارەدێ و خرانە سەر شارۆچکەی قەرەداغ.
لە ساڵی 1890دا شارەدێی سەنگاو خرایە سەر شارۆچکەی بازیان.
$لە سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا (1918 -1958)$
لەنێوان ساڵانی (1918 -1936)دا
ڕێکخستنەوەی سنووری نێوان ھەردوو لیوای کەرکووک و سلێمانی بە شێوەیەک زنجیرە چیای قەرەداغ و بازیان بوو بە سنووری نێوانیان، بەمەش شارۆچکەی بازیان کە ناوەندەکەی چەمچەماڵ بوو، کرا بە دوو بەشەوە بەشی یەکەم شارۆچکەی چەمچەماڵ بە ھەردوو (شارەدێی قەڵاسێوکە و شارەدێی سەنگاو) و بەشی دووەم شارەدێی بازیان، یەکەم بەشیان لە لیوای سلێمانی دابڕێنرا و خرایە سەر لیوای کەرکووک، دووەمیان لەسەر لیوای سلێمانی مایەوە، ھەروەھا بەشی خواری شارەدێی وارماواش کە دواتر بوو بە شارەدێی پێباز خرایە سەر شارۆچکەی کفری.
لەنێوان ساڵانی (1936 -1958)دا
لەم ماوەیەدا شارۆچکەی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە سێ شارەدێ پێکھاتبوو شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی چەمچەماڵ، شارەدێی سەنگاو و شارەدێی ئاغجەلەر، وەھیچ گۆڕانکارییەک لە کەرتەکان و یەکە کارگێڕییەکانیدا نەکرا.
$لە سەردەمی کۆماریدا (1958 -1990)دا$
لەنێوان ساڵانی (1987 -1990)دا
لەگەڵ پڕۆسەی خاپوورکردنی گوندەکانی باشووری کوردستان، ڕژێمی بەعس ھەستا بە درووستکردنی ئۆردوگایەکی زۆرەملێ بە ناوی (موجەمەعی شۆڕش) لە نزیک شارۆچکەی چەمچەماڵ، بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتووانی گوندە خاپوورکراوەکانی ئەم قەزایە. لەو ماوەیەدا بە فەرمانی کۆماری لە 12-05-1987دا ھەردوو شارەدێی ئاغجەلەر و شارەدێی سەنگاو ھەڵوەشێنرایەوە و ھەموو کەرتەکانیان لکێندران بە ناوەندی قەزاکەوە.
$سەردەمی حکوومەتی ھەرێم$
لە ماوەی ساڵانی (1992 -2003)دا:
شارۆچکەی چەمچەماڵ درووستبووەوە و پێکھاتبوو لە (3) شارەدێ، شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی چەمچەماڵ، شارەدێی سەنگاو و شارەدێی ئاغجەلەر.