ناوی نووسەر/ خەڵەف غەفور
بابەت/ سیاسی
چاپ/ چاپخانەی یاد لە سلێمانی ساڵی 2010
ئەم کتێبە لەکۆمەڵێک وتار پێکهاتووە کە هەر وتارێک باس لە تەوەر و بابەتێکی تایبەت سەبارەت بە کورد و تورک و شەڕی ناسنامە و چارەنووس لە تورکیا دەکات.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەیدا ئاماژە بە دۆزی کورد لە تورکیا دەکات کە ساڵانێکە لە خەفەبووندا بووە و کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی لەپشتە و دەنووسێت: "تورکیا و دەوڵەتی ئەنقەرە بە وێنەی کورد دەیەوێت شەڕی تورکیا و ئایندەی وڵاتەکەیان بکات".
نووسەر لە یەکەم وتاری کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات کە تورکیا بڕوای تەواوی بە ڕێزگرتن لە خاکی درواسێکانی نییە و تا هەنووکەش سوڕانەوەی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە ئاسمانی هەرێمی کوردستان و تۆپبارانکردنی سنوور و شاخ و لادێکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
نووسەر هەروەها دەنووسێـت: ئیحتیرامی ئەمنی و ئەرازی بۆ هەر وڵاتێک بەرانبەر ئەوی تر واجب و ئەرکی سەرشانە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.
نووسەر سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەردۆگان سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لەوڵاتە دەنووسێت:" هەر چەند ڕێگە دراوە کەنالی کوردی لەو وڵاتە بکرێتەوە بەڵام سیاسەتەکانی ئەردۆگان جێگیر نییە و خۆی لەچارەسەرە بنەڕەتییەکانی دۆزی کورد دەدزێتەوە ودەیەوێت مەسەلەی کورد لەو وڵاتەکەی دا بچووک بکاتەوە. نووسەر سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەردۆگان دەنووسێت: سیاسەتی ئەردۆگان سەبارەت بە دۆزی کورد لەچاو سیاسەتی حکومەتەکانی پێشوو لە تورکیادا ئیجابییە".
کەرکووک و تورکیا
نووسەر سەبارەت بە چۆنێتی ڕوانینی تورکیا بۆ کێشە و مەسەلەی کەرکووک دەنووسێت: ئەردۆگان کێشەی کەرکووکی پێ چارەسەر نابێت چونکە ئەنقەرە غەریبە بە دەنگ و ڕەنگی کورد و کەرکووک هی کەرکووکییەکانە و دەبێت بە دەستی کەرکووکییەکان چارەسەربکرێت.
تورکیا و مەرجەکانی گفتوگۆ کردن
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چەندین دۆزی تایبەتەوە لەهەڵکشان و داکشان دا بووە، نووسەر لەوبارەیەوە دەنووسێت: ئەگەر تورکیا بێەوێت گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە مەرجدار بکات، ئەوە لە ڕاستیدا ناتوانێت خزمەت بە هیچ لایەک و دۆزێک بکات، چونکە گفتوگۆی مەرجدار هەرلەسەرەتاوە پێشبینی باشی لێناکرێت.
نووسەر هەروەها لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە تورکیا دەنووسێت: دەرنگ یان زوو دەبێت دۆزی کورد چارەسەربکرێت و لایەنی کوردیش دەبیت لەوبارەیەوە دوو شت بکات، پێداگیری لە بە ئاشتیانە چارەسەرکردنی دۆزی کورد و خاوەنی ئیرادە و ئومێد بێت ئەو کات ڕێگای سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە.