لەساڵی 1970 لەشارە جوانەکەی #مەریوان# لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، دەرچووی ئامادەیی پیشەسازی بەشی کارەبایە، لەگەڵا ڕووخانی شای ئێرانو هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک خێزانێکی شۆڕشگێڕ لەساڵی 1979دا دێنە باشووری کوردستانو لەشاری #سلێمانی# جێگیردەبن.
دوای شەهیدبوونی ئامۆزایەکی لەساڵی 1986 لەڕیزی کۆمەڵە، وەک هەستێکی شۆڕشگێڕانە دەبێتە پێشمەرگەو بەهۆی بچوکی تەمەنییەوە، لەناو شاری سلێمانی لەبارەگای کۆمەڵە دەمێنێتەوەو درێژەش بەخوێندن دەدات.
لەساڵی 1989 بەدنیای هونەرو نووسین ئاشنا دەبێت و لەچەندین شانۆگەریدا وەک نوواندن بەشداردەبێت و چەند نووسینێکی شانۆیی دەنووسێت و لەچەند بۆنەیەکدا نمایشدەکرێت.
لەکۆتاییەکانی ساڵی 1990دا پەیوەندی بەشانە چەکدارەکانی (ی.ن.ک)ەوە دەکات و لەڕاپەڕینەکەی ئاداری باشووری کوردستان بەشداردەبێت و لەگرتنی ئەمنە سوورەکەشدا لەگەڵا هەڤاڵەکانیدا بەشداریدەکات.
لەساڵی 1992دا وەک خولیاو حەزێک تێکەڵا بەکاری میدیا بووەو هەر لەو ساڵەدا لەگەڵا چەند هاوکارێکیدا ڕادیۆی کوردایەتییان دامەزراندووە، لەساڵی 1995 چووەتە ڕادیۆی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسلێمانیو لەگەڵا دامەزراندنی تەلەفزیۆنی هەمان حزبی ئیسلامیدا لەساڵی 1996، وەک پەیامنێرو ئامادەکارو پێشکەشکاری چەندین بەرنامەی ڕاستەوخۆ کاریکردووە. بەدەر لەکاری ڕاگەیاندن لەو کەناڵە ئیسلامییە، فەرهاد قادر دەبێتە لێپرسراوی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستان.
لەساڵی 2000 واز لەکاری ڕاگەیاندن دێنێت و ڕێکخراوێکی مرۆیی تایبەت دروستدەکات بەناوی (کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان) کە ئەندامەکانی بەبێ هیچ بەرامبەرێک خۆبەخشانە خوێن دەبەخشن، لەگەڵا ئەوەشدا تێکەڵا بەدنیای ڕۆژنامەگەری دەبێت، لەساڵی 2003دا دەچێتە کۆمپانیایەکی بەریتانی بەناوی (بی پلان) کە تایبەت بووە بەبواری (نێتۆرکین)و کاری (ڤیدیۆ کۆنفرانسین)، دوای کەمتر لەساڵێک دەبێتە بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی ئەو کۆمپانیایەو لەساڵی 2004دا دەبێتە بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمپانیاکە، لەساڵی 2008 دەبێتە لێپرسراوی ڕاگەیاندنی کۆمپانیای ئاڵتون و لەهەمان ساڵیشدا لەئاژانسی هەواڵی ناوخۆ دادەمەزرێت، وەک هەواڵسازو تائێستاش لەو ئاژانسە بەردەوامە لەسەر کارکردنو لەئێستاشدا لێپرسراوی بەشی هەواڵە، لەگەڵا ئەم کارەشیدا وتەبێژی فەرمی کۆمەڵەی تالاسیمیای سلێمانییەو جێگیری سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستانە.
فەرهاد قادر ئێستا لەرۆژنامەکانی (ئاسۆ، دەستوور)و چەند ڕۆژنامەیەکی تردا بابەتەکانی بڵاودەکاتەوەو سەرنووسەری بڵاوکراوەی (تالاسیمیا)یە.
فەرهاد قادر، خۆشەویستی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی هەیەو وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆو ئازاد کاردەکات و ڕێز لەهەموو فکرو ئایدۆلۆژیایەکیش دەگرێت.