لە #05-05-1968# لە باوەشی بنەماڵەیەکی کوردپەروەر، لە شاری #نەغەدە# چاوی بە دنیا پشکووت. کیژێکی خوێن شیرین، ئێسک سووک و لەبەر دڵان بوو. بە نازەوە لە باوەشی پڕ لە ئەوینی دایک و باوکیدا گەورە بوو. لە تەمەنی6 ساڵیدا ڕووی لە خوێندن کرد. قوتابییەکی زیرەک و بە دیسیپلین و جێگای خۆشەویستی ماموستا و قوتابیانی هاوتەمەنی بوو.
داڕمانی حکوومەتی دیکتاتۆری پاشایەتی لە ئێران و بەشداری چالاکانەی باوک و مامەکانی مینا لە شۆڕشی سەراسەریدا، هیوای داهاتوویەکی گەش و بێبەری لە چەوسانەوە، لە میشکی مینای منداڵدا نەخشیبەست. ئەو گەرەکی بوو بە زمانی زگماکی خۆی بخوێنێ و باشتر لە ماموستاکان تێبگا و وانەکان چاکتر حاڵی بێ. ئاواتی بوو بە جل و بەرگی جوان و ڕەنگاوڕەنگی کوردی بچێتە قوتابخانە.
مینا لە خەیاڵی مناڵانەی خۆیدا کۆشکی ژیانی پڕ لە خۆشەویستی و تەبایی لەگەڵ هاوپۆلەکانی کورد و ئازەری بینا کردبوو، بەڵام هەیهات جیاوازییەکی گەورە لەنێوان خەیاڵە بێ غەوشەکانی ئەو و پیلانە سامناکەکانی ڕێژیمی تازە دامەزراودا هەبوو.
بەهاری 1979، خەونەکانی مینای نازەنین بە دەست پێکردنی شەڕی نەغەدە و کوشتاری خەڵکی بێ تاوانی کوردی ئەو شارە، بوون بە تراویلکە و نەهامەتی بۆ بنەماڵە و گەلی کورد.
شاری نەغەدە بوو بە وێرانە و هێلانەی میناش شێوا و قوتابخانەکەی کاول بوو. بۆکروزی گۆشت و ئێسقانی مرۆڤەکان جێگای بەرامەی گوڵخونچە و هەڵاڵە و بەیبوونی چیاکانی دەوروبەری شاریان گرتەوە. مینا ئیتر لە شاری خۆی بوو بە نامۆ و لە ترسی شاڵاوی کوشتاری ڕێژیم ئاوارەی گوند و شارەکانی دیکەی کوردستان بوو. کۆڕی هەواڵانی کۆڵانەکەی خۆیانی بەجێ هێشت و ناچار بوو دۆست و ئاشنای نوێ و قوتابخانەی دیکە پەیدا بکا و جارێکیتر هەوڵ بدا خەونەکانی بێنێتە دی.
بەهاری1980، هەواڵی شەهیدبوونی مامی گەورەی پێ گەیشت. دڵە ناسک و پڕ لە ئاواتەکەی بە تەواوی تاسا و تازیەباری کرد. سەرەڕای هەڵگرتنی ئەو غەمە قورسە، مینا بڕیاریدا دەست لە خوێندن و خۆپێگەیاندن هەڵنەگرێ. بۆیە ئەو جارەیان لە مهاباد درێژەی بە خوێندنەکەی دا وساڵی یەکەمی ناوەندی دەست پێکرد.
پاش ماوەیەک خوێندن لە مهاباد، مینا بە هۆی ئەو مەترسیانەی هەڕەشەیان لێدەکرد ناچار بوو بۆ درێژەدانی خوێندن بچێتە شاری #پیرانشار#. لەو سەردەمەدا کە مینا خەریکی خوێندن لەو شارە بوو، یەکیەتی لاوانی حیزبی دێموکراتی کوردستان چالاکی نهێنی هەبوو. لاوەکان پێوەندیان بە میناوە گرت و ئەویش وێڕای ئەوان دەستی بە تێکۆشانکرد. لەو نێوەدا خەمێکی جەرگبڕ، هەواڵێکی تاسەبار دڵی مینای داگرت. دوایین ڕۆژی بەهاری 1362، دیسان مامێکیتر، سەڵاح شەهید بوو و دیسان فرمێسکەکان بە گۆناکانیدا هاتنەخوار. ئەوەیان بچووکترین مامی بوو و لە دەشتی سندووس، خوێنی تێکەڵ بە مەمۆڵەکانی بەهاری بوو. دوای ئەو کارەساتە، مینا و لاوانی تێکۆشەر. شیلگیرتر لە پێشوو تێکۆشانی سیاسیان خورتتر کرد. زۆری پێنەچوو، مینا و ژمارەیەک لە کیژانی شار ئاشکرا بوون. ماوەیەک ژیانی نهێنی بەڕێوەچوو. مینا خۆی حەشاردا و دواتر بە یارمەتی خزم و دۆستان، لە شاری پیرانشار وەدەرکەوت و هاتە لای بنەماڵەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە.
پاش بە جێ هێشتنی پیرانشار هەوڵیدا بەڵکوو جارێکی دیکە لە مهاباد درێژە بە خوێندن بدا، بەڵام بە هۆی ئەو مەترسیانە کە هەڕەشەیان لە خۆی و بنەماڵەکەی دەکرد، ئیتر فرسەتی خوێندنی بۆنەما و ناچار ژیانی پێشمەرگایەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ خزمەتی شۆڕش و وڵاتەکەی گرتەبەر.
بەهاری 1984 بنەماڵەی مینا بە هۆی قورسی و دانی چەند شەهید و داگیرکرانەوەی ناوچە ئازاد کراوەکان، ناچار ئاوارەی سەر سنووری دەستکرد بوون و دواتر لەویشەوە پەرەوازەی شاری #قەڵادزێ# لە کوردستانی گەرمێن بوون.
بنەماڵەی مینا لەو شارەش جێگای هومێد و مەکۆی حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و ماڵەکەیان بەدائیم پڕ لە میوان بوو. ئەو وەزعە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هاندا کە بیر لە لێدانی زەبرێکیتر لە جەستەی بنەماڵەی مینا بدەن. ڕێژیم دەیەویست بەو کارە هەم کۆستێکی دیکەیان بۆ بخوڵقێنێ و هەم هێلانەیان لێ بشێوێنێ و هەمیش هەڕەشەیەکی کردبێ کە چیتر ئەو بنەماڵەیە داڵدەی خەباتگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەدا.
کۆماری ئیسلامی بە هۆی جاشە بەکرێگیراوەکانی لە گەرمێن، دوو جار دەستڕێژی لەو بنەماڵەیە کرد. بەداخەوە لە تەقەی شەوی 1984.10.19دا، مینای بێ گەرد بە گوللەی دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتی پێکرا و گیانی لەدەستدا. خوێنی ئەو نازەنینە تێکەڵ بە خوێنی مامەکانی شەهید و سەرجەم خۆبەختکەرانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی کوردستان بوو. مینای دڵ پڕ لە ئەوین بوو بە سێهەمین گوڵاڵە سوورەی کاروانی پێنج شەهیدەکەی بنەماڵەی خۆی.
شەهید بوونی مینای بێ تاوان داخێکی گەورەی لەسەر دڵی ئەندامانی بنەماڵە و دۆست و ناسیاوانی دانا.