عەبدولوەهاب حەمەد ئەحمەد ناسراو بە عەبدولوەهاب شوانی.
لە ساڵانی (2005 -2006) بە کالۆریۆس لە (زانکۆی سەلاحەددین) تەواو دەکات و لە ساڵانی (2010 -2012) ماستەر لە یاساو کارگێڕی گشتی لە زانکۆی (دی نیمسی) فەڕەنسی تەواودەکات، لە (25-10-2005) وەک کارمەندی حکومەت دادەمەزێت لە (وەزارەتی تەندرووستی) دوای (3) ساڵ خزمەتکردن، لە ساڵی (2007) ڕاژەکەی دەگوازێتەوە بۆ (وەزارەتی پەروەردە) لە بەشەکانی (کارگێڕی و خۆیەتی و داتا بەیس) کاردەکات لە وەزارەتی پەروەردەش دوای (3) سێ ساڵ خزمەتکردن، لە ساڵی (2010) ڕاژەکەی دەگوازێتەوە بۆ (وەزارەی ڕۆشنبیری) و لە کتێبخانەی گشتی هەولێر، بەردەوام دەبێت و بەرپرسیارەتی بەشەکانی (دۆسیە و بەشی منداڵان) لە کتێبخانە گشتی هەولێر وەردەگرێ و دواتر لەوێش دوای (4) چوار ساڵ خزمەتکردن، لە ساڵی (2013) ڕاژەکەی دەگوازێتەوە بۆ (بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری منداڵان)و وەک (بەڕێوەبەری کارگێری و چالاکییەکان) بەردەوام دەبێت و دوای یەک ساڵ خزمەتکردن لە ساڵی (2014) ڕاژەکەی دەگوازێتەوە بۆ (بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەما) و لەوێش وەک (بەڕێوەبەری کارگێڕی و خۆیەتی) بەردەوام دەبێت تا ئێستا لە کارەکەی بەردەوامە.
لە ساڵی (2000) یەکەم چیرۆکی خۆی بەناوی (پەنجە و کەیف و سەیف) لە مانگنامەی (هەوێن) بڵاو دەکاتەوە، لە ساڵی (2004) لە بڵاوکراوەی هەفتەنامەی (گزنگ) کە بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری زانکۆیی بوو گۆشەی (بلاتفۆرم)ی دەبێت، هەروەها لە ساڵی (2004)بابەت و بۆچوونە فکریەکانی خۆی لە ڕۆژنامەی (ئاڵا) بڵاودەکاتەوە، لە ساڵی (2005) لە بڵاوکراوەی (ڕۆشنایی) کە لە زانکۆی سەلاحەدین دەردەچوو، گۆشەی شیعری دەبێت، هەروەها لە ساڵی (2006) بابەتە فکریەکانی لە ڕۆژنامەی (دیدی نوێ) بڵاو دەکاتەوە لە گۆشەیەک لە لاپەڕەی بیر و هزر، لە ساڵی (2008) لە ڕۆژنامەی (میدیا)بۆچوونەکانی لە مەڕ گەنج، لە گۆشەیەک بەناوی (گەنجیزم) دەخاتە ڕوو، هەر لە ساڵی (2008)وە دەست بە چاپکردنی پەرتووکەکانی دەکات و بڵاویان دەکاتەوە.
لە ساڵی (2006) و تا ساڵی (2015) وەک بەڕێوەبەری هونەری و نووسەر و سیناریستی (گرووپی دۆق شارتەر) کاردەکات، کە گرووپێکی هونەری بوو سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری بوو، لەم ماوەیەدا (هۆنراوە) بۆ زیاتر لە (20) گۆرانی منداڵان دەنووسێت و لەهەمان کات سیناریۆش بۆ گۆرانیەکان دادەنێت و کلیپی دەکەن و لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی بڵاوی دەکەنەوە و هەروەها (سیناریۆ) بۆ یەکەم زنجیرە درامای منداڵان دەنووسێت بە ناوی زنجیرە درامای (وانە) کە پێکدێت لە (10) ئەڵقە و خۆشی وەک ئەکتەر ڕۆڵ دەبینێت لە یەکەم ئەڵقەدا، هەروەها لەم ماوەیەدا (9) شانۆگەری منداڵان دەنووسێت و لە هەموو شارەکانی کوردستان نمایش دەکرێت، هەروەها لە ساڵی (2012) بە تەنیا (کۆمەڵی مرۆڤ دۆستانی کوردستان) دادەمەزرێنێت و بەڵام بەهۆی کاری ترەوە دەرفەتی نابێت کە تەواوکار لەسەر ئەم کۆمەڵەیە بکات و ماوەیەک دەیوەستێنێت و پاشان لە ساڵی (2013) ڕێکخراوی (کۆلارە بۆ ڕۆشنبیری منداڵان) لە (فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکومییەکان) تۆماردەکات و ئەم ڕێکخراوە دادەمەزرێنێت و دەست بە چالاکیەکانی دەکات بۆ ڕۆشنبیری منداڵان، لە هەمان ساڵدا لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ و هاوکاری خۆی (فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی منداڵان) دادەمەزرێنن کە هەموو (ڕێکخراو و گرووپ و سەنتەر و خانەکان) لە خۆدەگرێت لەم فیدراسیۆنە وەک (بەڕێوەبەری کارگێڕی و خۆیەتی) دەستبەکار دەبێت و یەکەم چالاکیکیشیان بریتی دەبێت لە هەڵمەتی (نەهێشتنی شووکردنی خوار تەمەنی هەژدە ساڵی)، لە ساڵی (2014) پڕۆژەی مام نەورۆزی ڕادەگەیەنێت کە پڕۆژەیەکی (ڕۆشنبیری هونەری و پەروەردیی) منداڵانە، ئەم پڕۆژەیە یەکەم کارەکتەری منداڵان لە خۆدەگرێت ئەویش(کەسایەتی مام نەورۆز)ە، کە لەلایەن (خانم ڕۆستایی) لە (تەهران)ی پایتەختی ئێران درووست کراوە و لە (01-06-2014) لە ڕۆژی جەژنی جهانی منداڵان لە (هۆڵی میدیا) لە شاری (هەولێر) کەڕەنەڤاڵی مام نەورۆزی ئەنجامدەدا لەژێر ناوی (کەرنەڤاڵی مام نەورۆز بۆ ناساندنی یەکەم کەسایەتی منداڵان) بە ئامادەبوونی منداڵانی هەموو شارەکانی کوردستان و لە ڕێگەی شاجوانی کەسایەتی کوردستان، کەسایەتی مام نەورۆز، وەک یەکەم کەسایەتی منداڵان لە مێژووی کورد نمایشکرا.
لە ساڵی (2008) سێ کتێب بڵاو دەکاتەوە بەناوەکانی (444 شەو) کە وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەکەی لە ئەستۆ دەگرێت و لە پێشەنگەی تهران لە وڵاتی ئیران لەو ساڵەدا ئەم کتێبە دەبێتە پڕفرۆشترین کتیبی پێشەنگەی وەزارەتی ڕءشنبیری و دواتر کتێبی (عشق واتە 1+1=1) بڵاو دەکاتەوە کە ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوە دەزگای بەهرە لە خۆی دەگرێت و هەر لە هەمان ساڵ کتێبی (وەزیری تەنیایی) بڵاو دەکاتەوە کە دەبێتە یەکێک لە ناونیشانە شیعرەکانی و بە ووتەی (ڕێبوار سیوەیلی) لە دوا دیمانەی ڕۆژنامەی میدیا، وەزیری تەنیایی قوتابخانەیەکی تازەیە لە شیعری کوردی.