شارۆچکەی (نۆدشە -نۆتشە) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەر بە پارێزگای کرماشان و سەر بە قەزای (پاوە)یە، نۆدشە ناوەندی ناحیەیە و یەکێکە لە شارە گەورەکانی هەورامان، سەردەمێک مەڵبەندی دەسەڵاتدارێتی سانەکانی (لهۆن) بووە.
ناوی نۆدشە
دەربارەی ناوەکەی بۆچوونێک هەیە بەم شێوەیە
دەوترێت ناوی (نۆدشە) لە نۆدژەوە هاتووە وشتێکی ئاشکراشە (نۆ) لە زمانی کوردیدا هەم ناوی ژمارە (9)یە و هەم بەمانای (تازە)شەوە دێت (دژ)یش کاتی خۆی بە (قەڵا) وتراوە و تا ئێستاش لە هندێک شوێندا بە قەڵا دەوترێت (دژ) کەواتە ناوی (نۆدشە) بەمانای (نۆ قەڵا) وە یا خود (قەڵای نوێ)وە دێت.با واتەیەکی تر نۆدژە یان نۆدشە(نۆ قەڵا)
پێشینە و مێژوو
(نۆدشە) پێشینەیەکی مێژوویی دێرینی هەیە و یەکێکە لەو شوێنانەی سکەی ئەشکانییەکانیان تێدا دۆزراوەتەوە، هەروەک زۆربەی شار و دیها تەکانی تری کوردستان لە شوێنێکی شاخاویدا درووستکراوە، ئەوەش یاریدەرێکی باشبووە بۆ نۆدشییەکان بۆ ئەوەی لە سەردەمە جیا جیاکاندا باشتر بتوانن بەرگری لە شارەکەیان بکەن بەرامبەر هەر دەستدرێژیەک کە کرابێتە سەریان و هەمیشە بە سەربەرزی ماونەتەوە،زۆربەی خانووەکانی دوونهۆم و سێ نهۆمن و پاڵیانداوە بە یەکترەوە، بەشێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک لە لایەن وەستا کارامە و سەلیقەدارەکانی هەورامانەوە درووستکراون.شاری نۆدشە چەند گەڕەکێکی تێدایە بەم ناوانە(قەڵا،بازی،لامەڕا،باغچە،دەره و مەسوورا،بن دەگا،کاوندان،ملەگا،رۆقن..)
خەڵکی نۆدشە بەشێوەیەکی گشتگیر لە چەند تیرەیەک پێکدێن بەم ناوانە (تیرەی مەلاکان،تیرەی بەگەکان، تیرەی خواجە حەمەکەریم،تیرەی سیانزە، تیرەی شوانە، تیرەی مورادی، تیرەی حەمەڕەش) ژمارەیەکی زۆریشیان (سوورو سپی و چاوشین)ن، هەمووشیان پاک و تەمیز و تەڕپۆشن، زۆر خزمەتی خۆیان و منداڵەکانیان دەکەن و ناوماڵەکانیشیان هەمیشە پاک و ڕێکوپێکن.
ژمارەی دانێشتوان
شاری نۆدشە ئێستا ژمارەی دانێشتوانی زیاتر لە (5000) هەزار کەسن، و بە پێ ئامارەکان بە دڵنیایەوە ئەتوانین بلێن زیاتر له (3000 تا 4000)هەزار کەسیش لە دەرەوەی ئەم شارە دەژین و زۆربەیان لە شارەکانی دەروو بەری نۆدشە وەک:(مەریوان،کرماشان،سنە، ڕوانسەر،تاران،هەمەدان.....)دەژین کە هەرەزۆریان ئەو کەسانەن کە خوێندنیان لە ئاستێکی سەرەوە تەواو کردووە و لە بەر ئەوەی کار و پیشەی پێویست لەو شارەدا نەبووە ڕوویان لە دەرەوەی نۆتشە کردووە و ئێستا لە بوارە پزێشکی،پەروەردە،پیشەسازی و مۆهەندێسی و کاروباری ئێداری دامەزراون و جێی و شوێنی تایبەتییان لەو بوارانە و بوارە فەرهەنگی،کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ناوچە کوردنشینەکان و لە ئاستی ئێران هەیە.
زمان
خەڵکی شاری نۆدشە بەشێوەیەکی سەرەکی و هەموویان بە زمانی کوردی شێوه زاری(هەورامی) قسە دەکەن و لەهجەی نۆتشە بۆ خۆی دیالکتێکی تایبەتە لە زمانی هەورامی لهۆنی و تەنیا کەمێک خەڵکی شاری نەوسوود وەک نۆتشە قسە ئەکەن و زمانێکی پاڕاو و مۆدێرنە و هەموو تێئۆرییەکانی زمانێکی ستانداردی تیا ئەدۆزیتەوە.
جلوو بەرگ،پۆشاک
لە ڕووی پۆشاکەوە پیاوەکانیان (رانکو چۆغە،فەقیانه، کڵاو و مشکی، فەرنجی......) بە کاردەهێنن و کڵاشی هەورامی لە پێدەکەن، ژنەکانیشیان(کراسی کوردی،کەوا. سەڵتە.فێس. کڵاوزەڕ.....) بەکاردەهینن
دیین،مەزەب
لەرووی بیروباوەڕی دیینییەوە هەموویان موسڵمانی سونین و مەزەبیان شافیعییە. وە زۆریش لە خەڵکەکە ئەوینداری ڕێوڕەچەکانی (نەقشبەندی، قادری)ن و زۆرێک لە لاوەکان بیروباوەری سێکۆلاریان هەیە و لە ناوچە بە پێشڕەوانی زۆربەی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەناسرێن.بەشێکی زۆری لاوەکانی لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی57 بەشدار بوون لە ڕێکخستنی ڕێکخراوە کوردییەکان دەستی باڵایان هەبووە.بۆ وێنە لە دروست کردنی یەکیەتی جووتیارانی مەریوان کە پاشان بوو بە کۆمەڵە ڕەوشەن توودەکان و حەکیمی ڕۆڵی سەرەتاییان بووە.لایەنی دێمۆکراتیش لە ناوچەی هەورامان "سەعید کاڵ کاڵ،تۆفێقە ڕەش،نەسرەدین مەکی،حەمەشەریف حەلیمی و...دەستی دیایکراویان بووە.
لە بزووتنەوەکانی کوردستانی باشووریش لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلول و نوێ بە چەندەها کەس بەشداری خەباتی چەکدارییان کردووە و پلە پایەیچەکداری باشیان بووە بۆ وێنە ناوی "ئێسمەیل حەمەبۆر،تۆفێقە ڕەش،براخاس،فەتحۆڵلای حەمەرەزا و..."ناسراوە.
باخداری و پیشەسازییە دەستیەکان
نۆدشە شارکی ئاودارە و چەندین کانیاوی سازگاری تێدایە وەک:(هانەکۆڵ،هانەو بەرەنۆی.هانەو دەشتێ، هانەو دەربەنی....) چەندین پارچە باخی ڕازاوەشی تێدایە(گوێز،توو،هەنار،هەنجیر،ترێ،هەلووژە،.....) و یەکێکن لە سەرچاوەکانی داهات بۆ نۆدشییەکان بێجگە لە باخداری پیشەسازییە دەستیەکان وەک:(کڵاش،) و ئاژەڵداری، ئاڵووێردکردنی سەر سنوورەکانیش سێ سەرچاوەی تری داهاتن لایان، بەنیسبەت پیشەسازییەکانەوە بایەخێکی ئێجگار زۆریان هەیە لە ناویاندا و، نۆدشییەکان سەلیقەیەکی وردیان لە بەرهەمهێنانی کاڵا دەستییەکاندا هەیە، وەستاکانیان نەک هەر لە ناوه نۆدشەدا کاریانکردووە لە بەرهێنانیاندا، بەڵکو زۆربەی کات بۆ هەندێک شوێنی دەرەوەی ناوچەکەی خۆیان ڕۆیشتوون و لەو شوێنانەدا ماوەیەکی زۆر ماونەتەوە لە ماوەی مانەوەیاندا خۆیان بە (جۆڵایی،کڵاشکردن)ەوە خەریک کردووە.
خواردن
شاری نۆدشە لەرووی خواردنی خۆماڵی بەناوبانگە و تا ئێستاش ئەو خواردنانە لە سەر سفرە و خوانی خێزان ئامادبوونیان هەیە لەوانە (گێتە مەژگەکولێرە بە کاکڵەوە،کێلانە، یاپراخ،شەلەمینەترخێنە،دۆخەوا،دۆینە.....)
هونەرمەندان.شاعیر و ڕۆشەنبیران
ژمارەیەک هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە (نۆدشە) دا هەڵکەوتوون لەوانە: (مامۆ هەیدەر، مامۆ حەمەجافر،تۆفێق نۆدشی)، ئەم گۆرانیبێژانە خزمەتێکی زۆریان بە گۆرانی کوردی (هەورامی) کردووە و گۆڵزاری ئەم گۆرانییانەیان بە دەنگی بە سۆزیان ڕازاوەتر کردووە.
نۆدشە جێژوانی ژمارەیەک لە مەلا ناودارەکانی کوردستانە
ئەم شارە بە مەلای زانا و بەناوبانگ ناویدەر کردووە کە لە سەردەمی خۆیاندا ڕۆڵێکی دیاریانبووە و خاوەنی پایەی دیینی و کۆمەڵایەتی بەرز بوون لە وانە:
1. مەلا عەبدولڕەحمانی نۆدشی : زیاتر لە بیست پشتی ئەم زاتە مەلای گەورە بوون و هەموویان لە نۆدشەدا ژیاون، مەلا عەبدوڕەحمان ماوەیەک چۆتە شاری سنە و لای میرەکانی ئەردەڵان بووە بە مودەڕیس، پاشان چۆتە بۆ شاری سلێمانی و لە (مزگەوتی مەڵکەندی) بووە بە مامۆستا و پێشنوێژ، لەبەر پایەی زانستی و ئاییناسی لە لایەن حوکمڕنانی بابانەوە دانراوە بە (موفتی سلێمانی)
2.مامۆستا مەلا ئەحمەدی نۆدشی: ناوی ئەحمەد کوڕی مەلا عەبدولڕحمانە و ساڵی (1228ک1813ز) لە نۆدشە لە دایکبووە، لە دەریای زانستدا مەلەوانێکی بێهاوتا بووە، چندین کتێبی داناوە یەکێک لە وانە بە ناوی (زرفی حاجی مامۆستا)وەیە کە تا ئێستاش لە خوێندنگە دیینیەکاندا دەخوێنرێت.
هەر لە بەر پایەی زانستی پاش کۆچی دوایی باوکی لە جیاتی ئەو دانراوە بە (موفتی سلێمانی) ئەویندارێکی تواوەی ناو ڕێوڕەچەی نەقشبەندی بووە و یەکێکە بووە لر خەڵیفەکانی (شێخ عوسمانی سیراجودیین) دەستی باڵای هەبووە لە شێعر هۆنینەوەدا و نازناوی شێعری (فانی) یە ساڵی (1302ک1884ز) کۆچی دواییکردوە.
بێجەگە لەم دوو زاتەی ناو مانهێنان لە نۆدشە چەندین کەسیکی تری شاعیر و ڕۆشەنبیر و نووسەر هەڵکەوتوون ئێستاش بەردەامن لە کاری فەرهەنگی و ڕووناکبیری و ڕۆژنامەگەری،لەوانە: (مەلا محەممدی نۆدشی، عارفی نۆدشی، جەلال شەفیعی،عەلی دلێری،مۆحەمەد مۆستەفازادە، ئێسماعیل مەحموودی،مەحمود مۆبارەکشاهی،بەهائوددینی ڕەبانی، مۆدرێک کەریمی،مۆمنی شاعیر و.....