ئەسپ نێر و ماین مێ، هەمیشە نرخێکی تایبەتیی و ڕیزێکی تایبەتیی هەبووە.و هەبوونی نیشانەی پایەی کۆمەڵایەتی خاوەنەکەی بووە. بە زۆری بۆ سواربوون بەکار هێنراوە.
کە کراوە بە هیی باربردن ئیتر پێیان وتوە: (بارگیر)، یان (بارگین) و، کە خەساندویانە پێیان وتوە: (یەختە) یا (یەرغە).
ئەسپی ڕەسەن، کە دایک و باوکی ناسراو بێ، لە ئەسپی تر کە دایک و باوکی نە ناسراو بێ پەسەندترە. ڕەگەزی عەرەبی لە هەموویان پەسەندترە. بە گوێرەی ڕەنگەکانی بە شێ، کوێت، کەحیلە، موحەننەک ناو ئەبرێن.
ماین (جوانو)ی دەبێت و، کە بوو بە دوساڵ پێی دەڵێن (نۆما). تا 3 ساڵ هەر بەخێو دەکرێت، لەبەر ئەوەی ئیسقانی بربرەی پشتی بەرگەی هەڵگرتنی قورسایی ناگرێ، نە باری لێ ئەنێن و نە سواری ئەبن. لە ساڵی چوارەم دا دەڵێن (پشتی گرتووە)، ئیتر خەریکی ڕاهینانی دەبن بۆ سواری، ڕاهینانی زانین و شارەزایی و حەوسەڵەی دریژی ئەوێ.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2011/23100/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=ئەسپ=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2011/23100/0002.JPG=KTML_Photo_End=
ئەسپ (ڕەوت) و (نەرمەغار) و (غار) و (لۆقە) ئەکا.
ئەسپ وڵاخێکی (یەک سم)ه، دەبێت سمی (ناڵ) بکرێت، ئەگینا ژێر سمی بریندار ئەبێ.
ئەسپ (زین) ی لێ دەکرێت، زین لە چەرم و تەختە و لباد درووست دەکرێت، کاتی خۆی بە خشڵی زێر و زیو ڕازاندویانەتەوە. بۆ زەوتکردنی لە کاتی سوار بوون دا (لغاو) دەکرێتە دەمی.
ئەسپ لە (تەویلە) دا دەبەسترێتەوە و، لە (ئاخوڕ) دا (ئالیک) ئەدرێ. پێشینان وتویانە (لە ئەسپی نەبو، ئاخوڕ هەڵدەبەستێ)، لە بەهاران دا کە بە کۆمەڵ لە لەوەڕگادا بەرەڵا دەکرێن، پێی دەڵێن (ڕەوە) و، ئەوی خزمەتیان دەکات (مەیتەر).
لە ئەفسانەی کوردی دا، ئەسپەکەی ڕۆستەم ناوی (ڕەخش) و، هیی خەسرەوی پەروێز (شەودێر) و، هیی ئیمامی عەلی (دوڵدوڵ) بووە. لە چاو ئەسپی ئاسایی دا هەر یەکەیان هونەرێکی هەبووە.
پێشینان وتویانە (سواری ئەسپی خەڵک بی هەر پیادەی).
سالم لە باسی خۆی و ئەسپەکەی دا دەڵێت:
خانە خوێم میوان نەوازە، وەرنە سەیری پیاوەتی
دۆشەکی خۆم خاک و خۆڵ و، سەر ڕاخەری ئەسپم سەما
شیشی سور بێنن وەرن خاڵیگەمان داخ کەن بە جوت
چونکە ژانمانکرد: من و ئەسپم، لە بەر سەردی هەوا
ئەمن و بارگیری کوێت هەردو بنوین بەشکم بە خەو
من ببینم ڕوی خۆراک و، ئەو ببینێ ڕوی کا
نەوشیروان مستەفا
کتبیبی پەنجەکان یەکتر ئەشکێنن ل 148 [1]