کەروێشک یەکێکە لە ئاژەڵە بچووکە شیردەرەکان، لەخێزانی کەروێشکییەکانە (Leporidae Family) ، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاوە، لە بنەڕەتدا ئاژەڵێکی کێوی بووە، مرۆڤ ماڵی کردووە بۆ کەڵک وەرگرتن لەگۆشت و فەروەکەی، هەروەها وەک ئاژەڵێکی جوانیش ڕاگیر دەکرێ، بەهۆی توانای فرە زاوزێ یەوە جیا دەکرێتەوە لەئاژەڵە شیردەرەکانی تر.
بەخێو کردن و ڕاگرتنی کەروێشک پێویستی بە گرنگیدان و چاودێری زۆر ورد هەیە چونکە زۆر هەستیارە بۆ نەخۆشی و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، کەروێشک زۆر وریا و هەستیار و خێرایە لە جوڵە و ڕاکردن دا، بەرەبەیان و ئێواران زۆر چالاکە، کەروێشکی کێوی لەلایەن هەڵۆ و باڵندە گۆشت خۆرەکانەوە هەمیشە دەکرێتە ئامانج، هەروەها لەلایەن ڕاوچییەکانیشەوە بە تفەنگ و تانجی ڕاو دەکرێت.
شووێنی ژیان و نیشتە جێ بوونی کەروێشک:
بە شێوەیەکی گشتی کەروێشکی کێوی لە کون و ژێر زەوی دا ئەژی ئەو کونانە خۆیان درووستی دەکەن، بەزۆری بڵاون لە دەشتودەر و شاخەکان دا، دارستانەکان، بیابانەکان، هێلانە و کونەکانیان هەر لەوێ درووست دەکەن، کونەکان بۆ چەندین کەناڵ و کەلەبەر دابەش دەبن و چەندین دەرچەیان هەیە تاکوو لەکاتی ترس و هەڕەشە بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لەهێرشی مار و هەڵۆکان. بەڵام کەروێشکی ماڵی بەئاسایی لەناو کولانە و جێگای تایبەتیی خۆیان دەژین. کەروێشک بەشێوەی کۆمەڵ دەژین (گەلە کەروێشک) ، دەڵێن ئەسڵی کەروێشک لە باکووری کەرتی ئاسیا بووە ئینجا بڵاو بووەتەوە بۆ تەواوی کەرتی ئاسیاو ئەفریقا، دواتر براوە بۆ ئەوروپا، پاشان ئینگلیزەکان بردویانە بۆ ئوسترالیا، بەهۆی زۆربوونی خێراوە لە ئوسترالیا زیانی زۆریان بەکێڵگە کشتوکاڵییەکان گەیاند، لەم دواییەدا لە ئەوروپا و ئاسایاوە گەیشتە کەرتی ئەمریکای باکوور، لەئێستادا ژمارەیەکی زۆرو زەبەند کەروێشکی لێیە، بەڵام بەشی خوارەوەی کەرتی ئەمریکای باشوورکەروێشکی تیا نییە، هەندێ سەرچاوەش دەڵێن ئەسڵی کەروێشکی ماڵی لە ئیسپانیا و پورتوگالەوە بڵاو بووەتەوە بە جیهان دا، دەگوترێ لە سەدەی شانزەهەمەوە بەخێو کردن و ماڵی کردنی کەروێشک دەستی پێ کردووە.
زانیاری لەسەر ژیانی کەروێشک:
نێرەی کەروێشک پێ دەوترێ (Buck) هەروەها بە مێیەکەی دەوترێ (Doe) و کەروێشکی گەنجیش پێی دەوترێ (Kit، Kitten) ، (کەروێشک، أرنب، خرگوش، هەوریشە، (Bunny (Rabbit)
کەروێشک چەندین ڕەنگی هەیە (سپی، خاکی، خۆڵە مێشی، ڕەش، ڕەش و سپی، بەڵەک، خورمایی)
کەروێشک چوار پەلی هەیە، هەردوو پەلی دواوە (قاچ) گەورە و بەهێزترن لە هەردوو پەلی پێشەوە (دەست) ، وەک ئاژەڵەکانی تر لەسەر چوار پەل ڕێناکات، بەڵکوو هێزی ڕۆشتنی دەخاتە سەر دوو پەلی دواوە، هەردوو پەلی پێشەوەی یارمەتیی دەردەبن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لەکاتی ڕۆیشتن و ڕاکردن دا، بۆیە لەکاتی ڕاکردن دا دەتوانێت بازی زۆر گەورە بدات و بەخێرایی (30) کم لەکاتژمێرێک دا بڕوات و خۆی لە دوژمنەکانی قوتار بکات.
دووگوێی درێژی هەیە، کە نیشانەی بەهێزی هەستەوەری بیستنە، واتە تا گوێچکەی گەورەتربێ هەستی بیستنی زیاترە، ددانەکانی پێشەوەی گەورە و بەهێز و زۆر تیژن بۆ قرتاندنی گیا و سەوزی و میوە و ئەو خۆراکانەی کە دەیان خوات، هەندێک جار بە ئاژەڵی قرتێنەر ئەژمار دەکرێ، بەڵام کەروێشک چوار ددانی بڕەری هەیە لەکاکیلەی سەرەوە کە دووانی پێشەوە زۆر گەورەن و دوانی دواوە بچوکترن لێوی سەرەوەی هەڵقڵێشا و دەردەکەوێت، لەکاتێکدا ئاژەڵە قرتێنەرەکان تەنیا دوو ددانی قرتێنەریان هەیە (مشک، جرج، ....هتد) ، هەروەها هەستی بۆنکردنیشی زۆر بەهێزە، بەڵام هەستی بینینی لاوازە، بەشێوەیەکی گشتی کەروێشک گیا و سەوزی و میوە، گەنم، جۆ، نانە ڕەق، شەوەر و یۆنجە، گێزەر هەندێ جۆری تری گیا دەخوات.
کەروێشکی کێوی پێ گەیشتوو نزیکەی (20-50) سم درێژە، کێشی زیاترە لە (1-2.5) کگم، کەروێشکی مێنگە کێشی قوورسترە تا نێرەکەی، هەندێک جۆری کەروێشک هەیە کێشی دەگاتە (7-12) کگم، کەروێشک نزیکەی (9) ساڵ یان زیاتر دەژی، ئەگەر لەلایەن دوژمنەکانییەوە ڕاو نەکرێ، کەروێشک زۆر جار دەبێتە هۆی زیان بە کێڵگەکانی کشتوکاڵ بەهۆی خواردنی سەوزە و میوەی کێڵگەکە (کاڵەک، ترۆزی، خەیار...هتد) .
کەروێشک لە هەڵبەزین و دابەزین بە شاخدا سستە، بەڵام لە دەشتایدا زۆر خێراو چالاکە، کاتێ دەخەوێ چاوی کراوەیە، پلەی گەرمی لەشی (37-39.4) ە، تێکڕا (38.3) پلەی سەدییە.
کەروێشک دووجۆر (پاشەڕۆ) دەکات، یەکەم پشقل و دووەمیش پیسییەکی شلە و لەلایەن خۆیەوە دەخورێتەوە، ئەم پاشەڕۆیە بەیانیان زوو یان ئێواران دەیکات و بە زمان دەی لێسێتەوە کاتێک لە کۆمی دێتە دەرەوە واتە نا کەوێتە سەر ئەرز، بەسەر چاوەیەکی گرنگی ڤیتامین دائەنرێت بۆ خودی خۆی، کەروێشک لەکاتی ئەزیەت دان بۆ خۆپاراستن چڕنوک و قەپ دەگرێ و دەزریکێنێ.
زاوزێ:
کەروێشک یەکێکە لەو گیانەوەرانەی کە فرەزێ یە، واتە بەیەک سک چەندین بەچکەی دەبێت و لەساڵێکدا چەندین جار زاوزێ دەکات، کەروێشکی واهەیە (8) جار دەزێ لە ساڵێک دا، دەتوانێ شیر بدات و ئاوسیش بێ لە هەمان کات دا، (توانای زاوزێ کردن لەکەروێشک دا زۆرزۆرە، بەمەش لە ئاژەڵە شیردەرەکانی تری جیا دەکرێتەوە، لە دوای (6-10) کاتژمێر بێچودان دەگەڕێتەوە باری ئاسایی) ، هەرجارەی لانی کەم (3-12) بەچکەی دەبێت، کەروێشکی واش هەیە 20 بەچکەی دەبێت، بەڵام کەروێشکی کیوی (1-4) بەچکە دەکات، ئەگەر وشکەساڵی و بێ بارانی بێت، بەڵام ئەگەر ساڵەکەی خۆش بێت زیاتر بەچکە دەکات.
ماوەی ئاوسی لەکەروێشک دا (28-34) ڕۆژە، بێچوەکان بچکۆلە و بێ توکن و نابینان، چاویان نابینێ، نزیکەی (50-55) گرام دەبن، لە ماوەی (6-7) ڕۆژ توک دەردەکەن و لە دوای (10) ڕۆژ دەبینن، واتە گەشەیان خێرایە، دایکەکەیان بەشیر بەخێویان دەکات و دەیان پارێزێت تاماوەی (35-40) ڕۆژ بەبێ هیچ ئەرکێک لەسەر خاوەنەکەی، لە مانگی دووەم دا دەتوانن لە هێلانەکەیان بچنەدەرە وە خۆیان هەوڵی خواردن و خواردنەوە بدەن، هەروەها لە مانگی سێیەم دا دەتوانین کوتانی ڤاکسینیان بۆ بکرێ تا لە نەخۆشی بیان پارێزی، پاش (2-3) مانگ گەورە دەبن و نێرەکان دەتوانن پێ بگەن لەڕووی ڕەگەزییەوە، هەندێ جۆری کەروێشک لە (9-12) مانگ پێ دەگەن و لەگەڵ مێنگەکان جووت ببن و وەرزی زاوزێیان دەست پێ بکات، یەک کەروێشکی نێرە بەشی (5-10) کەروێشکی مێنگە دەکات بۆ پەڕین و زاوزێ، لە ماوەی (7-10) ڕۆژ پەڕین وکاتی جووت بوون بەردەوام دەبێت، ئەگەر نێرەی نەبوو دوو ڕۆژ زەوقی نامێنێ و هەم دیسان دەست پێ دەکاتەوە، کەروێشک لەساڵێک دا بەلانی کەم (35-40) بەچکە دەکات هەندێک جۆریش هەیە (48-54) بەچکە دەکات، لەکاتێکدا مەڕو و مانگا (1-1.4) بەچکەیان دەبێت، بۆیە دەتوانین بڵێین مێنگەی کەروێشک (20-25) ئەوەندەی کێشی خۆی گۆشت بەرهەم دەهێنێت لە ساڵێکدا.
دایکانەی کەروێشک ماوەی (30-45) ڕۆژ شیر دەدات بە بێچووەکانی، ئەویش بەیانیان زوو، دواتر دەگەڕێ خواردن دەخوات، ئەگەر دایکانە بمرێ ئەوا پێویستە خاوەنەکەی خواردنی تایبەت بۆ بەچکەکان ئامادە بکات بەم شێوەیە (240 مل شیری مانگا+ یەک زەردێنەی هێلکە + 5 مل هەنگوین + 5 مل مەڵتی ڤیتامین) پێکەوە تێکەڵ دەکرێت و تا گیراوەیەکی چوون یەک دەرئەچێ و ڕۆژانە جارێ یان دووجار پێیان ئەدرێت.
Rabbit ، ، کەروێشک، ئاژەڵ
دەتوانین جۆری ڕەگەزی کەرویشک (نێر و مێ) لە تەمەنی یەک هەفتە بەدوواوە دیاری بکرێ، ئەویش بەهەڵگرتنی کەروێشکەکە دەستی چەپ لەسەر سنگی و دەستی ڕاست لەپەلەکانی دواوە هەڵی دەگێڕینەوە ئینجا هەردوو پەنجە دەبەین بۆ ژێر کلکی، بەپەنجە دەگەڕێین لەژێر کلک و کۆمییەوە، ئەگەر نێرە بێت بەرزاییەک دەردەکەوێ و ئەگەر مێنگەبێت وەک درزێک دەرئەکەوێ.
تەنیا جیاوازی لەنێوان کەروێشکی کێوی و ماڵی ئەوەیە (بێچووی کەروێشکی کێوی کە لەدایک دەبن تووکیان هەیە و وە ئەبینن) کە لەکەروێشکی ماڵیدا پێچەوانەیە (بێ تووک و نابینان) .
کەروێشک لە کەلتوورە جیاوازەکانی مرۆڤدا:
کەروێشک بەهۆی خۆشەویستی و جوانییەکەی لەلایەن منداڵانەوە دەیان چیرۆک و فیلم کارتۆنی لەسەر درووست کراوە، هەروەها ئەگەر کەسێک یان بنەماڵەیەک منداڵی زۆریان بێت، دەوترێ ئەوە چییە دەڵێی کەروێشکن ئەوەندە زۆرن. گۆشتی کەروێشک لە ئایینی جوولەکەدا خواردنی حەرام کراوە، گوایە دەڵێن ئەمە گیانەوەرێکی کاوێژکەری درۆزنە تەنیا دەمی دەجوڵێنێت واتە وەک مانگا و مەڕ کاوێژ ناکات، پاشەڕۆکەی خۆی دەخوات وەک سەرچاوەیەکی درووستکردنی ڤیتامین دی و هەروەها ئاژەڵی دووسم نییە وەک مانگا و مەڕ و کاوێژکەرەکانی تر بەڵکوو چڕنوکی هەیە.
هەروەها ئاشکرایە کە هەڵگرانی مەزهەبی شیعە گۆشتی کەروێشک ناخۆن، بەهۆکاری ئەوەی دەڵێن گوایە سوڕی مانگانەی (حیض) هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەروێشک بەردەوام سک و زا دەکات، گەلێ هۆرمۆن بەشداری دەکات لە سک پڕی و زاین، بە شێوەی زانستی ئیسپات نەبووە کە کەروێشک سوڕی مانگانە واتە (حیض) و خوێنی هەبێت ئەوەندەی من ئاگادار بم خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی فراوان گۆشتی کەروێشک دەخۆن.
مەرجی پێویست بۆ ڕاگیرکردن و بەخێوکردنی کەروێشک:
کەروێشک وەک هەر ئاژەڵێکی ماڵی کە ڕاگیردەکرێ، بەپێی پێویست و زۆری و کەمی کولانە یان هۆڵی بۆ درووست دەکرێت، ئەوەی پێویستە لێرەدا چەند خاڵێک ئاماژە پێ دەکەین وەک بنەما بۆ ڕاگیرکردن و بەخێوکردنی کەروێشک یان قەڵەوکردنی بۆ مەبەستی گۆشت و بواری ئابووری:
1- شێوازی درووستکردنی کولانەکە یان ژورەکەیان دەبێ زۆر باش بێت تا لەگەرما و سەرما پارێزراوبن، هەروەها لە وەرزی سەرمادا ئاوی باران نەچێتە کولانەکەیان و دڵۆپە نەکات، بەهەمان شێوە لە هاویندا نابێت تیشکی خۆرو گەرمایان زۆر بێت، واتە لەزستان دا کولانەی گەرموگوڕ و لە هاویندا سێبەر بێت.
2- دابین کردنی هەواگۆڕکێ (تهویة) لە شوێنی بەخێوکردنەکەیان تاکوو بەئاسانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئامۆنیا بچێتە دەرەوە و تەڕی و شێداری شوێنەکە نەهێلی.
3- دابین کردنی ڕۆشنایی پێویست لە هەموو وەرزەکانی ساڵ، چ سرووشتی بێت یان بەهۆی گڵۆپەوە بێت، ڕۆژانە دەبێت لانی کەم 14 کاتژمێر ڕووناکی هەبێت.
4- پاراستنی کەروێشک لە دوژمنە سرووشتییەکانی وەک (مشک و جرج، ڕێوی، چەقەڵ، گورگ، سەگ، پشیلە، هەڵۆ....هتد)
5- پاراستنی لەدزی لەلایەن مرۆڤەوە.
6- هەندێک دەنگۆ هەیە دەڵێت نابێ گیای مەعدەنووس بدرێ بەکەروێشک، چونکە دەیکوژێت، هەندێکیش ڕەتی دەکەنەوە، گوایە ئەگەر بەتەڕی بیخوات کاریگەریی خراپی هەیە، بەڵام بەووشکی هیچ کاریگەریی نییە، گوایە پەنکریاسی لاوازە و توانای دەردانی ئەو جۆرە ماددەیەی نییە کە مەعدەنووس هەرس بکات.
7- بەردەوام ڕاگرتنی پاکو تەمیزی شوێنی بەخێوکردنەکەیان.
8- دابین کردنی ئاوی پاکو خواردنی پاک.
9- دابینکردنی شوێنێکی تایبەتیی هێمن و ئارام بۆ دایکانە و بەچکەکانی، تاکوو نێرەکان نەتوانن ئازاری دایکانەکان بدەن لە ماوەی شیردان دا.
10- ئەگەر کەروێشکەکان لە قەفەس دا بەخێوبکرێن پێویست دەکات لەژێریەوە حەوزێکی لەوح دابنرێت تا پاشەڕۆکە یان کۆبکرێتەوە و بەئاسانی فڕێ بدرێ و پاکو تەمیزیان ڕابگیرێت.
11- ڤاکسین کردنی ساڵانە ی کەروێشکەکان.
12- چاودێری کردنی ددانی کەروێشکەکان، ئەگەر ددانەکانی خراپ بوون پێویست بە چارەسەرو سەربڕینە یان فرۆشتنە.
13- پێویست دەکات زووزوو کەروێشکە نێرەکان بگۆڕین، دوای (2-3) مانگ لە پەڕین، تاکوو توانای وەچە خستنەوەیان بەهێز بێت.
شێوازی کولانە و شووێنی کەروێشکەکان:
وەک زانراوە کەروێشک لە گوندەکان زۆرتر گرنگی پێ ئەدرێ، یان هەندێ ماڵ لەشارەکان، لەسەربان کولانەی بۆ درووست دەکرێ، باوترین شێوازی شووێنی کەروێشک لەنێو سیاج و تەلبەندایە، کولانەی دارین بۆ کەروێشکی نێرو مێ بەجیا درووست دەکرێ ئینجا بۆ بەچکەکان، درێژی کولانەکە یان قەفەزەکە (1-1.5) مەتر و پانییەکەی (50-70) سم و بەرزییەکەی (50-60) سم. وەک لەسەرەوە پێشتر باسمان لە زاوزێ کەروێشک کردووە لە تەمەنی (5) مانگی دا دەتوانێت پێ بگات و ئاوس ببێ، کەزانرا کەرویشکەکە ئاوسە خاوەنەکەی کا یان پوش دەخاتە کولانەکەی تا سوودی لێ ببینێ بۆ درووست کردنی هێلانە لەگەڵ ڕوتاندنەوەی توکی ژێر سکی تاکوو هێلانەکەی نەڕمێ بۆ بەچکەکانی، دەکرێ کولانە یان قەفەسی بچووکتر درووست بکرێ بۆ کاتی زاین، پلەی گەرمی شووێنەکەیان دەبێت لە سنووری (16-22) پلەی سەدی بێت زۆر گونجاوە، هەڵبەت کەروێشک لەپلەی گەرمی (4-27) بەرگە دەگرێت لەوە کەمتر یان زیاتر کاریگەریی دەبێت لەسەر ژیان و تەندرووستی.
هەڵبژاردنی جۆری کەروێشک بۆ مەبەستی بەخێوکردن و کەڵک وەرگرتن لە بەرهەمەکانی:
کاتێ پڕۆژەیەکی بەخێوکردنی کەروێشکمان هەبێت بۆ مەبەستی گۆشت یان فەرووەکەی دەبێت هەوڵ بدەین جۆرێکی گونجاو هەڵبژێرین:
یەکەم: هەڵبژاردنی کەروێشکی گۆشت لەو ڕەگەزانەی کە بە مەبەستی بەرهەمی گۆشت بەخیو دەکرێن واتا لە ماوەیەکی دیاری کراودا کێشی گونجاو ئەدەن، وەک جۆری فلاندەر کە ڕەنگی خۆڵە مێشییە و کێشی تا (6-7) کگم زیاتردەبێت، لە بەشی جۆری کەروێشکدا باس لەگەلێ جۆر دەکەین کە بۆ مەبەستی گۆشت بەخێو دەکرێن.
دووەم: هەڵبژاردنی کەروێشکی توکن (فەروە) : باشترین کەروێشک بۆ مەبەستی فەروەکەی جۆری ئەنگۆرایە کە توکی درێژو نەرمەو هەمەڕەنگە، پاش چاککردنی پێستەکەی لەگەڵ جلوبەرگی تردا بەکار دەبرێت، هەروەها دەتوانرێ لە جۆرەکانی تری کەروێشک کە توکیان نەرم و درێژ بێت کەڵک وەربگیرێت.
خواردنی کەروێشک:
کەروێشکی کێوی چەندین جۆر گیا دەخوات، سەوزە و میوە، بەڵام کەروێشکی ماڵی یان ئەوانەی لە کێڵگە و شوێنی تایبەت بەخێو دەکرێن بە مەبەستی قەڵەوکردن و گۆشت پێویستیان بەخواردنی زیاترە لە جۆر و بڕدا وەک (گیا، یۆنجە، گێزەر، ترۆزی خەیار، زرک، گەنم و جۆ و نانە ڕەق وچەندین جۆری تری دانەوێڵە) بۆیە ئاڵفی تایبەت ئامادە کراوە بۆ بەخێوکردنیان کە ڕێژەی پرۆتین دەبێ (%16) بێت، هەروەها ڕێژەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، نموونە لەکاتی قەڵەوکردنی کەروێشک دەبێت ڕێژەی پرۆتین (%18) بێت، بۆ کەروێشکی ئاوس (%16 - %18) بێت، بۆ کەروێشکی نێرە (%18) پرۆتینە، بۆ مێنگەی ئاسایی (%14) . ئینجا ڕێژەی چەوری لە ئاڵفەکە دا بۆهەموو بارەکان دەبێ (%2 - %3.5) بێت، هەروەها بۆ هەموو بارەکان ڕێژەی ڕیشاڵ (%10 - %14) بێت. ڕۆژانە دووجار خواردن دائەکرێت بۆ کەروێشک بەیانیان خواردنی جۆری هاڕاوەی دانەوێڵە و نانەڕەق، بە نیوەڕوان دەکرێت گیای سەوز و یۆنجە و توێکڵی پەتاتە و گێزەرو..هتد، دەبێت بەڕێژەی (50) گرام خواردن بۆ یەک کیلۆ کێشی کەروێشک ڕۆژانە دابین بکرێ ت، شوێنی ئاوخواردن دەبێت خۆدکار بێ تاکوو ئاوە کە پیس نەبێ.
گۆشتی کەروێشک:
گۆشتی کەروێشک سووری کاڵ مەیلە و سپی و ناسک و پڕ ماددەی خۆراکییە (بەگۆشتی سوور ئەژمار ناکرێت) ، ڕێژەی پرۆتینی (%20 - %21) ە، ڕێژەی چەوری (%8.5) ، و کاربۆهیدرات (%5) و خۆڵەمێش (%5.1) و چەوری کۆلیسترۆڵی زۆر نزمە بۆیە کەسانی گەورە و بەتەمەن دەتوانن بێ ترس بیخۆن، ڕێژەی خوێی کانزایی تەواوی تێدایە، ڕیشاڵی کەم و ناسکە و بەئاسانی هەرس دەکرێت، لە دوای کوڵاندن ڕەنگی گۆشتەکەی سپی دەبێت وەک گۆشتی مریشک، باشترە ئەو کەروێشکانە بەکار بێن بۆ سەربڕین و خواردن کە تەمەنیان لە (6-9) مانگ بێت، یان لەساڵێک زیاتر تێ نەپەڕێت.
مرۆڤ دەتوانێ کەڵک لە گۆشتی کەروێشک ببینێت وەک سەرچاوەیەکی پرۆتین شانبەشانی گۆشتی مریشک و مەڕو مانگا، چونکە ڕێژەی پرۆتین لەگۆشتی کەروێشک ئەگەر زیاتر نەبێ کەمتر نییە لەوانی تر، هەروەها دەکرێ بە تێچونێکی کەمتر و بەنرخێکی هەرزانتر ئەو گۆشتە بەرهەم بهێنرێت.
وەک وتمان ئەو جۆرە چەورییەی لە گۆشتی کەروێشکدایە سووکە (ناتێڕە) کاردەکات بۆ گۆڕینی چەوری تێر لەجگەردا بۆچەوری سووک، هەروەها ترشی لانۆلینک ی تێدایە، لەگەڵ بڕێکی باش لە کالسیۆم و ئاسن، لەکاتی هەڵگرتنی گۆشتی کەروێشک لە بەفرەگرە دا هەندێک جار ئەو چەورییەی کە لەناوسکیدایە ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ مەیلە و زەرد بەهۆی بوونی ترشە چەوری لانۆلینک، بۆیە ڕێنمای دەکرێت کە لە ژەمەکانی خۆراک دا گۆشتی کەروێشک بخورێ لەبەر ئەم سوودانە:
• ڕێنمایی دەکرێ کە ئافرەتی سک پڕ گۆشتی کەروێشک بخوات بەتایبەت لە نیوەی دووەمی سک پڕیدا چونکە هەرسکردنی سوک و ئاسانە، هەروەها گەدەی ئافرەت لەو کاتەدا پەستانی لەسەرە بچوک دەبێتەوە.
• بەهەمان شێوە پێویستە منداڵیش گۆشتی کەروێشک بخوات، چونکە ناسکە و بەئاسانی دەجورێت و هەرس دەکرێت، وەک پێشتر باسمان کردووە بۆ کەسانی بەتەمەنیش گرنگە.
لەئێستادا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا کەڵک لە گۆشتی کەروێشک دەبینن (کێوی، ماڵی) و بە خێوی دەکەن، ساڵانە لەئەمریکا بڕی (20) ملیۆن کیلۆ گۆشت دەخورێت، بۆیە بەهیوام لە کوردستانیش بەشێوازی زانستی گرنگی بدرێت بە بەخێوکردنی کەروێشک تا وەک سەرچاوەیەکی گۆشت سوودی لێ وەربگرین.
جۆرەکانی کەروێشک:
زیاتر لە (40) جۆری کەروێشک لە جیهاندا هەیە وەک کەروێشکی گۆشت، کەروێشکی جوانی، بەپێی توانا ناوی ئەمانەیان دەنووسین:
1- کەروێشکی ئەمریکی American Rabbit یان (کەروێشکی کالیفۆڕنیا) : لە ساڵی (1917) بەدواوە لە خوارووی کالیفۆرنیا دۆزراوەتەوە، ڕەنگی کەوە (خۆلەمێشی) و سپیە هەروەها گوێ و لوت و قاچ ڕەشی هەیە دەرکەوتووە کە پڕ بەرهەمە، لە ماوەی هەشت مانگ تەمەندا کێشی نێرەکەیان دەگاتە (6-7) کیلۆ، مێنگە (7-8) کگم گۆشتی سافی. [1]
ناوەکانی تری کەروێشک:
خەرگۆشە، خەرگووش، خەرووش، خەروێ، قوڵەشین، کرێشک، کورْشک، کوێریشک،کەرگوو، کەرگوە، کەرگۆە، کەروشک، کەروویە، کەروێ، کەرویە، کەڤرۆشک، کەورێشک، کەوریشک، کێرگو، کێرووشک، کێریشک، کیفرۆشک، کیڤروشک، کیڤروویشک، کێڤریشک، کێڤریک، هەرۆشە، هەرووشا، هەروێ، هەورۆشە، هەورێشە. [2]