ڕێواس ئەحمەد (ڕێواس جاف)
ناو: ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی
ساڵی 1957 لە شاری قەلعەساڵح سەربە پارێزگای عەمارە لەدایکبووە. ئەو کاتە باوکی نەفی کراوە بۆ ئەو ناوچەیە.
لە خێزانێکی نیشتمانپەروەری چەپ پەروەردە بووە. باوکی ئەندامی سەرکردایەتی حزبی شیوعی ئێراق بووە. بۆیە ژیانیان پڕبووە لە دەربەدەری و دەردەسەری. لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا ژیاون.
قوتابخانەی سەرەتایی و ئامادەیی لە کوردستان تەواو کرد.
هەر لە تەمەنێکی چواردە ساڵیدا تێکەڵی ژیانی سیاسی بووە و لە ڕێکخراوەی ژنان و لاوانی سەربە حیزبی شیوعی کاری کردووە.
لە ساڵانی هەفتاکاندا دەستی بە نووسینی هۆنراوە و وتار کردووە. لە ڕۆژنامەکانی بیری نوێ و هاوکارییدا بڵاودەکرانەوە. لە زۆربەی کۆڕ و سیمینارەکانی ئەو کاتەدا بەشداری دەکرد.
لە چەند شانۆگەرییەکی ئەو ساڵانەدا بەشداریکردووە.
ساڵی 1977 لە زانکۆی کشتوکاڵی موسڵ وەرگیراوە. بەڵام لە ساڵی 1978 وازی لە خوێندن هێنا لەبەر ئەوەی بڕیاری گرتنی لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دەرچووبوو. ماوەیەک بە نهێنی لە شاری سلێمانی دەژیاو کاری سیاسی دەکرد. لە کۆتایی ساڵی 1979 دا گەیشتە سۆڤییەت و لە بەشی ئادابی زانکۆی مۆسکۆ دەستی بە خوێندن کرد. لە ساڵی 1985 دا کە خوێندنی تەواو کرد، چووە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی لە بەشی ڕاگەیاندن کاریدەکرد. پاش بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تەسکبوونەوەی زۆنی ئازاد، کوردستانی بەجێهێشت لە ناوەڕاستی 1989دا لە سوید نیشتەجێ بوو.
پلەی خوێندن: ماستەرنامە لەسەر ئەدەبی ڕووسی لە مۆسکۆ، ماستەرنامە لەسەر ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیی منداڵان، ستۆکهۆڵم.
بواری داهێنان: ڕۆمان، بەرهەمی منداڵان وەرگێڕان
کورتەیەک سەبارەت بە کارەکانی پێشووی
• چیرۆکەکانی تۆلستۆی بۆ منداڵان- وەرگێڕان لە ڕووسیەوە.
• فلیپۆک، تۆلستۆی- وەرگێڕان لە ڕووسیەوە.
• ژن، ڕۆمان.
• پرتەوی لێکترازان، ڕۆمان.
• گوڵچیایی ڕۆحەکان، ڕۆمان.
• بەرەو کۆمەڵگەیەکی بێ توندوتیژی. لێکۆڵینەوەو فاکتە.
• سی کتێب بۆ منداڵان بۆ تەمەنی 1-5، 6-9، 8-12
بۆ منداڵانی تەمەن 1 5 ساڵ
1. وشەکانم
2. ئەندامانی لەشم
3. وەڵامەکا
4. ڕامان چی دەکات؟
5. ڕامان دەکەوێت
6. سیما نایەوێت لەسەر قەعدە دانیشێ
7. سیما چی لەبەردایە.
8. سیما نەخۆشە
9. سیما و ڕامان ژیکەلەن
10. ڕامان خەوی لێ ناکەوێت
بۆ منداڵانی تەمەن 5 8 ساڵ
11. مەیموونەکە برسییەتی
12. ڕامان ددانی دێشێ
13. مەیموون و پشیلەکە شەڕ دەکەن
14. سیما حەزی لە ماتۆڕە
15. سیما و ڕامان لەم هەفتەیەدا چی دەکەن
16. سیما و ڕامان سەردانی دایەگەورە و بابەگەوردە دەکەن
17. سیما خەریک بوو دەستی بسووتێت
18. سیما و ڕامان زەرنەقووتەیەکە بەخێودەکەن
19. خێزانی ئاژەڵ
20. سیما و ڕامان جل دەگۆڕن
بۆ منداڵانی 8 12 ساڵ
21. ئاو
22. ئاووهەوا
23. من حەزم لە خواردنی سەوزەیە
24. سیما و ڕامان گەورەدەبن
25. جیهانی ڕووک
26. جیهانی باڵندە
27. باخچەی ئاژەڵان
28. سیما و ڕامان حەزیان لە سەوزەیە
29. لەش جۆن کاردەکات
30. هەستەکان
زنجیرەی چیا 2
دلۆ و دیدۆ دە کتێبە
زنجیرەی چیا 3
باوکم چوو بۆ ئاسمان
شاد مۆبیلێکی دەوێت
مارتین و دووربینەکەی بابەگەورە
مارتین فێری خوێندنەوە دەبێت
من برایەکم دەوێت
ڕۆمانی ژن
پرتەوی لێکترازان
گوڵچیای ڕۆحەکان
لە ئامێزم بگرە
ئاوێنەی ژنێک
سەبارەت بە چۆنییەتی دەستکردن بە نووسینی بەرهەم بۆ منداڵان ڕێواس خان دەڵێت:
لە سەرەتای نەوەتەکاندا کە دەچوومە کتێبخانەکان ژمارەیەکی زۆری کتێبی منداڵانم دەبینی. ئەمە سەرنجی ڕاکێشام و هەوڵمدەدا چیرۆکی منداڵان بخوێنمەوە.
لە ساڵی 1990 کە بوومە دایک یەکەم منداڵم بوو، هەر لە مانگەکانی یەکەمەوە هەوڵمدەدا کتێبی بۆ بخوێنمەوە. لێرە بەرهەمی هەمەجۆرە هەیە بۆ منداڵانی پێش یەک ساڵ لە شێوەی نەرم و ڕەنگاوڕەنگ درووستکراون.
ئیتر لەو کاتەوە کەوتمە بیرکردنەوە لە منداڵانی کورد و منداڵێتی خۆم و بێ بەشیمان لەو ئەدەبە مرۆییانە.
لە کۆتایی نەوەتەکاندا بیرم لە خوێندن کرد لە زانکۆ. هەرچەندە ماستەریسشم لە ئەدەبی ڕووسیدا هەبوو. بەڵام هەردەم حەزم دەکرد لە ڕووی ئەکادیمییەوە شتێک لەسەر ئەدەبی منداڵان بخوێنم.
لە 1999 دەستم بەخوێندن کرد لە زانکۆی ستۆکهۆڵم لە بەشی زانستی ئەدەبیات و بەشی ئەدەبی منداڵانم هەڵبژارد. لەوێوە دەستم کرد بە خوێندنەوەی گەلێ سەرچاوە سەبارەت بە چیرۆکی فۆلکلۆری منداڵان و فابێل و چیرۆکی هونەری و هەروا چەندان بەرهەمم لەسەر مێژووی ئەدەبی منداڵان و هونەری نووسینی چیرۆک خوێندەوە. لە 2001 ماستەرنامەم لەسەر چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی بۆ منداڵان نووسی.
پاش ئەوە لەو باوەڕەدابووم ئەدەبی منداڵان دەبێت تەکانێ بەرەو پێشەوە بدات و منداڵان نزیک بکاتەوە لە جیهانی منداڵێتی خۆیان. لە ئەدەبی منداڵانی جیهانیدا دەمێک بوو ئەرکی مامۆستایەتی و پەنجە ڕاوەشان بەسەرچووبوو.
نووسین بۆ منداڵان کارێکی ئاسان نییە، دەتوانم بڵێم گرانترە لە ئەدەبی گەورە ساڵان. لەبەر ئەوەی زمان و زهنییەت و تێگەیشتنی منداڵ بەدەوام لە گۆڕیندایە. بۆیە گرنگی دان بە تەمەن زۆر گرنگە لە نووسیندا.
هەر بۆیە لە سەرەتادا بیرم لەوە کردەوە ئەو چیرۆکانەی کە دەینووسم بەپێی تەمەنی منداڵ بێت و گرووپەکان بەپێی تەمەن لە ڕوانگەی تیرۆی گەشەی منداڵ دیاری بکەم. بێگومان بۆ ئەم مەبەستە کەڵکم لە ئەدەبی منداڵانی سویدی و جیهانی وەرگرت.
بۆ یەکەمین سییەم کتێبم بە پێی تەمەن جیاکردەوە. بۆ سێ تەمەنی جیاواز نووسییومە.
زنجیرەی چیای ژمارە دوو، دیدۆ و دلۆ بۆ تەمەنی 1 5
زنجیرەی چیای سێ بۆ تەمەنی 59 ساڵە
لە دوو بەش پێک هاتووە 15 چاپ کراوە
5 کتێبی تر لە هەوڵداندام بۆ چاپکردنیان
بەم شێوەیە دەبنە 50 کتێب بۆ منداڵان و تەمەنە جیاوازەکان
هەوڵمداوە ئەو بابەتانە هەلببژێرم لە جیهان و ژینگەی منداڵەوە نزیک بێت و منداڵان خۆیانی تێدا بدۆزنەوە، حەز بکەن کەسێک بۆیان بخوێنێتەوە.
زمان، بەپێی تەمەن هەوڵمداوە بیر لە گەشە و ژمارەی ئەو وشانە بکەمەوە کە منداڵ لەو تەمەنەدا دەیزانێت. ڕستەکان سادەن و لە هەمان کاتدا هەوڵمداوە منداڵ فێری وشەی نوێ بێت. تا تەمەنەکە گەورەتر دەبێت ڕستەکان لە ڕووی پێکهاتەوە ئالۆزتردەبن. لە زنجیرەی یەکەمدا کۆمەڵی کتێبی فاکتەم نووسیوە کە سەرچاوەیەکی باشی زانستین بۆ منداڵان.[1][2]