ساڵی1952 لەبناری چیای (قەرەچووغ)ی قەزای مەخموور چاوی بەژیان هەڵهێناوە.هەر لە سەرەتای منداڵیەوە هۆگری بەهاری دەشتی قەراج و قاسپەی کەوەکانی (قەرەچووغ) بووە، هەر ئەمانەش بوونەتەهەوێن و هۆکار بۆهونەرمەند کە شەیدا و هۆگری مۆسیقا بێت،(سەید ئەحمەد بەرزنجی) ی هونەرمەند ساڵی 1958 دەست بە خوێندن دەکات، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە مەخموور تەواو دەکات و ساڵی 1967 لە خانەی مامۆستایانی هەولێر وەردەگیرێت، لە ماوەی سێ ساڵی خوێندنی لە خانەی مامۆستایان ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێرێ لە بواری مۆسیقادا،لەپشووی هاوینەشدا کە دەگەڕایەوە بۆمەخموور، بەشداریی ئاهەنگەکانی ئەوێی دەکرد، لە ساڵی 1969 خانەی مامۆستایان تەواو دەکات و دەبێتە سەرباز، دوای ئەوەی خزمەتی سەربازی تەواو دەکات، بە مامۆستا دادەمەزرێت و دوای خزمەتێکی کەم دەگوازرێتەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان، هونەرمەند هەرچەندە لە شوێنی لە دایکبوونی دوور بووە، بەڵام تا ڕادەیەک توانیویەتی بەشداری ئاهەنگەکانی شارۆچکەی مەخموور بکات، بۆ نموونە: لە هەرسێ ئاهەنگەکانی نەورۆزی ساڵانی 1971، 1972، 1973، کە لە (بازارگە)، (قەلاتی مەخموور)، (دێی قەسران) سازدران، بەسێ ئاهەنگی مەزن دەژمێردرێن لە مێژووی ناوچەکە، سەرەڕای بەشداریکردنی لە ئاهەنگەکانیدا ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە هاندانی لاوان بۆ بەشداربوونیان لە ئاهەنگەکان و فێربوونی ئامێرەکانی مۆسیقا.
کاتکێش تیپی مۆسیقای شۆرش دروست دەبێت هونەرمەند پەیوەندی بە تیپەکە دەکات، ڕۆڵی کاریگەری تێدا دەگێرێ، لەگەڵ دروست بوونی کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی (سەید ئەحمەد) پەیوەندی بە کۆمەڵەوە دەکات و بەشداری چالاکییەکانی دەکات، لەگەڵ (تیپی هونەری هەولێر) یش وەک مۆسیقا ژەنێکی کارامەو ئاواز دانەرێکی لێهاتوو چەندین ئاواز و دابەشکردنی بۆ هونەرمەندان داناوە لە ساڵی 1983 (تیپی کاوە) ی دامەزراندووە وسەرۆکایەتی ئەم تیپەی کردووە و چالاکی نواندووە لە گشت ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکان کۆمەڵی بەرهەمی بە پێزو بۆ هونەرمەندان تۆمار دەکات، لە ساڵی 1997 دەبێتە سکرتێری تیپی ئۆگسترای کوردستان، هەوەها ئەندامی دەستەی بەرێوە بەرایەتی کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان بووە، بە هۆی لێهاتوویی و کارامەیی لە ساڵی 1998 دەبێتە بەرێەوەبەری کەلەپووری میللیی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیریی، هونەرمەند هاوکاری زۆری لاوە تازە پێگەیشتووەکانی کردووە بۆ نموونە لە ساڵی 1996 گۆرانی (نازیلێ) ی بۆهونەرمەند (فاخیر نامق) ئامادەکردو (تیپی مۆسیقای قەرەچووغ) یش بۆی تۆمارکرد.
هونەرمەند لە شاری هەولێر دەژیاو لە ساڵی 1978 ژنی هێنابوو.