زوهێر عەبدولمەسیح -شانۆکار و دەرهێنەر
ناوی تەواوی (زوهێر عەبدولمەسیح ئیلیا) یە ساڵی 1948 لە شارۆچکەی عەنکاوەی شاری هەولێر لەدایک بووە لەبەر ئەوەی باوکی مامۆستا بووە گواستراونەتەوە بۆ شارۆچکەی (ئەلقۆش) خوێندنی سەرەتایی لەوێ تەواو دەکات دواتر دەگەڕێتەوە هەولێر و خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی تەواو دەکات دەرچووی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا 1972 -1973 ساڵی 1969 بۆ یەکەمجار لە شارۆچکەی عەنکاوە کاری دەرهێنانی شانۆگەری (مۆمدانی مەتران) ئەنجام دەدات لە نووسینی (ڤیکتۆر هۆگۆ) ساڵی 1970 کە بەشی نواندن دەکرێتەوە لە ڕادیۆی بەغدا زوهێر عەبدولمەسیح و چەند هونەرمەندێکی تر لەم ڕادیۆیە کار دەکەن لەوانە
• تەڵعەت سامان
• ئەحمەد سالار
• فەرهاد شەریف
• شەماڵی عەبەڕەش
ساڵی 1970 بۆ یەکەمجار بەشداری لە نواندنی درامای (نەفرەت لێکراو) کردووە لە دەرهێنانی تەڵعەت سامان بۆ تەلەڤزیۆنی بەغدا بەرهەمهات لەو ماوەیەش لەتەک کاری ڕادیۆ دەبێتە یاریدەدەری دەرهێنەری تەلەڤزیۆنی و چەند درامایەک تۆمار دەکەن وەکو
• لانەوازان
• مەرەزە
• خولەی چەخماخە
ساڵی 1974 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلول دەکات لە ڕادیۆی (دەنگی کوردستانی ئێراق) دەبێتە دەرهێنەر کە ئەو کات شەهید عەبدولخالق مەعروف سەرپەرشتی ڕادیۆی دەکرد لە ساڵانی هەشتاکان چەندین بەرهەمی بۆ تەلەڤزیۆن تۆمار کرد چ وەکوو دەرهێنەر یان سیناریۆ
• جەنابی جانەوەر
• تاپۆ حەقی چییە
هونەرمەند زوهێر عەبدولمەسیح لە ساڵی 1999 ەوە نیشتەجێی وڵاتی سوید بووە و دواتر دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان دەبێتە کارمەندی وەزارەتی ڕۆشنبیری. [1]