ناو: سیروان
ناوی باوک: غەریب
ڕێکەوتی لەدایکبوون: #20-02-1976#
شوێنی لەدایکبوون: ناسڕیە، ئێراق
$ژیاننامە$
ڕۆژنامەنووس سیروان غەریب ئەحمەد لە 20-02-1976 لە شارەدێی شەتڕەی سەربە پارێزگای ناسڕیەی باشووری ئێراق لەدایکبووە، ئەمەش دوای ئەوەی بنەماڵەکەیان بە زۆرەملێی لەلایەن حکومەتی #بەعس#ەوە ڕاگوێزراون بۆ ئەو ناوچەیە و، نیشتەجێبوونیان لە کوردستان لێ قەدەغەکراوە.
دایکی لە ساڵی 1943 لە گەڕەکی کانی ئاسکانی شاری #سلێمانی# لەدایکبووە، باوکی لە ساڵی 1941 لە #بەرزنجە#ی شارباژێڕ لەدایکبووە، بەڵام دواتر بەهۆی کاروبارەوە ڕوویان کردووەتە #کەرکووک#. سەرجەم ڕەگەزنامە و کاروباری فەرمییان گواستۆتەوە بۆ ئەو شارە تاوەکوو ڕۆژی ڕاگواستنیان بۆ باشووری ئێراق.
لە ساڵی 1976 بەدزییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی و هەر لەو شارەش نیشتەجێ دەبن.
لە ساڵی 1995 یەکەم کاری ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان بڵاوبووەوە، دواتر لە ڕادێو و تەلەفزێۆنی ئازادی لە شاری سلێمانی وەک کارمەندێکی ڕاگەیاندنکار دامەزرا.
دواتر لە ساڵی 2000 لەگەڵ سەرەتاکانی دەرچوونی ڕۆژنامەی هاووڵاتی وەک پەیامنێری سلێمانی دەستی بەکارکردن کردووە و دواتریش تا کۆتایی ساڵی 2005 لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەیە کاری کردووە.
لە ڕۆژنامەی هاووڵاتی چەندین کاری پڕ مەترسی و سەرکێشی پێسپێردراوە، وەک شەڕی ڕووماڵی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و ئەنسار ئیسلام و ڕووماڵی شەڕەکانی ئەمەریکا و حکومەتی بەعس لە سنووری پارێزگاکانی دیالە و شەڕەکانی موجاهدینی خەلق و پێشمەرگە لە سنووری شارەبان و سەعدییە. دواتریش لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا چووەتە ناو شاری بەغدا و لەوێ ماوەتەوە و چەندین دۆکۆمێنتی گرنگی موخابەراتی ئێراقی بۆ ڕۆژنامەکەی پەیدا کردووە.
ڕۆژنامەنووس، سیروان غەریب. هەر لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی بەغدا لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە، ئەبوو تەحسین ئەو کەسەی لە ڕێگەی کێشانی نەعلەکانییەوە بەوێنەی سەدام حسێن زەنگی کەوتنی ڕژێمەکەی لێدا دەدۆزێتەوە و مەترسی دۆخی بەغدای تێدەگەیەنێت و پێشنیازی بۆ دەکات بەغدا بەجێبهێڵێت و لە هەرێمی کوردستان بژێت، ئەمەش دوای ئەوەی سیروان غەریب لە ڕێگەی سوپای ئەمەریکییەوە ڕێژەی بەرزبوونەوەی کارە توندوتیژییەکان بەغدای دەستدەکەوێت. دواتر ناوبراو لەسەر پێشنیازەکەی سیروان غەریب بەغدا بەجێدەهێڵێت و ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و کاتێک خێزانەکەی لە کوردستان منداڵی دەبێت لە خۆشەویستیدا بۆ ئەم ڕۆژنامەنووسە، ناوی دەنێت سیروان.
-هەر لەگەڵ کارکردن لە ڕۆژنامەی هاووڵاتیدا لە بەهاری 2003 بەشێوەی فریلانس بۆ ئاژانسی ڕویتەرز کاری کردووە.
-لە ساڵی 2006 لەگەڵ هاوڕێکانیدا ڕۆژنامەی ئاوێنەیان دامەزراندووە و وەک ئەندامی دامەزرێنەری ئەم ڕۆژنامەیە و ئەندامی دەستەی نووسەران کاری کردووە.
-ساڵی 2006 بووە بە بەرپرسی ئۆفیسی ڕۆژنامەکە لە#هەولێر#، هەر لەو ماوەیەدا کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر ناساندنی ڕۆژنامەی ئاوێنە لە شارەکە هەبوو بە بۆنەی ڕاپۆرت و هەواڵەکانییەوە ئاستی تیراژی ڕۆژنامەکەی بەرزکردووەتەوە لە شارەکە.
-دواتر بە بڕیاری دەستەی نووسەران لە ساڵی 2007 دەیگێڕنەوە بۆ ئۆفیسی سەرەکی ڕۆژنامەکە لە شاری سلێمانی و پۆستی بەڕێوەبەری سایتی ئاوێنەی پێدەسپێرن، بەهۆی سەرکەوتنی کارەکەیەوە تا ناوەڕاستی ساڵی 2010 بەپێی ڕیزبەندی سایتی ئەلێکسا، سایتی ئاوێنە لە ئێراقدا زۆرترین خوێنەری هەبوو پلەی یەکەمی بەر نەئەدا.
-لە ساڵی 2011 لەسەر داوای ڕۆژنامەنووس #توانا عوسمان# بەشداری کرد لە دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانی #ئێن ئاڕ تی# و وەرگرتنی کارمەندانی کەناڵەکە.
-لە ساڵی 2011 لەسەر داوای ستافی نووسینی ڕۆژنامەی ئاوێنە، پێشنیازکرا، وێب سایتی ئاوێنە جیابکرێتەوە و بەپلەی سەرنووسەر دووبارە سیروان غەریب دابنرێتەوە، بەڵام بەهۆکاری ناکۆکی نێوان ستافی نووسین و ئیدارەی ئەو کاتەی ئاوێنە و خاوەن پشکەکان لە هەڵبژاردنی سەرنووسەردا شکستی هێنا. چونکە هەڵبژاردنی سەرنووسەر تەنیا لە دەستی ستافی نووسیندا نەبوو، بەڵکوو خاوەن پشکەکان بەپێی دەستووری کۆمپانیای ئاوێنە بۆیان هەبوو لە ڕێگەی دەنگدانەوە بەشداری بکەن. هەر لەو ڕۆژەشەوە ناکۆکییەکانی نێوان ستافی نووسین و خاوەن پشکەکان و ئیدارەی ئاوێنە زیاتر قوڵتربووەوە.
-ساڵی 2014 لەسەر داوای د. #بەرهەم ساڵح# پۆستی سەرنووسەری وێب سایتی خەندانی وەرگرتووە تا ڕۆژی دەستبەرداربوونی لە ساڵی 2015 خەندان یەکەمین وێب سایتی پڕ خوێنەری ئێراق بوو کە بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و کرمانجی پەخشی خزمەتگوزارییەکانی دەکرد.
-لە ساڵی 2015 سایتی وێستگەی دامەزراند کە ئێستا پەخشی خزمەتگوزارییەکانی بە زمانی کوردی پێشکەش دەکات.
-ئەندامی یەکەمین کۆنگرەی #سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان#ە کە بەکۆنگرەی دامەزراندن ناو دەبرێت و ئێستا ئەندامی کارای ئەو ڕێکخراوەیە.
بەشداریکردن
-ساڵی 2003 بەشداری سەرجەم خول و ڕاهێنانەکانی iwpr، IKV ;کردووە و دواتریش چەندین ڕاپۆرتی لەسەر ناوچە جێ ناکۆکەکانی نێوان ئێراق و هەرێمی کوردستان نووسیوە.
-ساڵی 2004 بەشداری یەکەمین خولی ڕۆژنامەوانی لە وڵاتی ئوردون کرد کە ئاژانسی هەواڵی ئەسوات ئەلعراق بە هاوکاری ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕێکی خستبوو.
-ساڵی 2009 بە بانگێشتی پرۆگرامێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی واشنتۆنی کردووە و، بەشداربووە لە پرۆگرامی ڕۆڵی میدیا لە کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا.[1]