ئەم ئەشکەوتە بە یەکێک لە شوێنەوارە بەناوبانگەکانی کوردستان دادەنرێت، دەکەوێتە زنجیرە چیاکانی سوورداش هەروەها نزیکە لە هەردوو ئەشکەوتی قزقەپان و کوڕوکچ، ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی لە لای باکووری ڕۆژاوای لە دووری نزیکەی 50 کم لە شارەکەوە،
بۆ یەکەمجار هەڵکۆڵینی شوێنەواری لەم ئەشکەوتەدا کرا لەلایەن لیژنەیەکی ئەمریکی بەسەرۆکایەتی (گاروود) و (هاو) لە ساڵی 1927 ز،
لە ئەنجامی پشکنینە شوێنەواریەکاندا سێ چینی نیشتە جێبوونی تێدا دۆزرایەوە، کە پێکدێت لە چینەکانی (A- B- C) .بە پێی ئەو توێژینەوە شوێنەوارییانەی کە لەسەر پاشماوە شوێنەوارەکانی ئەشکەوتی زەرزی کراوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 12000 ساڵ پ.ز.
لە چینی A: کە چینی سەرەوەی شوێنەوارەکەیە هەندێ پاشماوە گلێنەو پارچە بەردی سوان دۆزرانەوە، مێژووی ئەم چینە دەگەڕێتەوە بۆ چاخە مێژووییەکان واتە دوایی زایین
چینی B: ئەم چینە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی ناوەڕاست، لە هەموو چینەکانی تر گرنگترە لە ڕووی شوێنەوارییەوە کۆمەڵێک ئامێر و کەلوپەلی بەردینی تێدا دۆزراوەتەوە، وەکوو ئامێری (میکرولیسی) کە لە بەردی بچوک درووستکراون و هەندێکیان شێوەی سێگوشەییە و هەندێکیان لێوارییان تیژە، هەروەها ئامێری لە ئیسک درووستکراوی تێدا دۆزراوەتەوە کە هیی ئەو ئاژەڵانەن ڕاویان کردون
چینی C: ئەم چینە چینی کۆتایی شوێنەوارەکەیە و دەکەوێتە بەشی خوارەوەی شوێنەوارەکە پاشماوەی گرنگی وای لێ نەدۆزراوەتەوە کە شایەنی باسکردن بێت.